بۆچی هاکان فیدان بەپەلە خۆی گەیاندە عێراق؟!.

بۆچی هاکان فیدان بەپەلە خۆی گەیاندە عێراق؟!.

2367 خوێندراوەتەوە
نیاز حه‌مید

کەناڵی ئارتی روسی رایگەیاند کە هاکان فیدان ، سەرۆکی دەزگای جاسوسی میت ، بە نهێنی دوور لە چاوی کامێرا ورۆژنامەوانان ،بەپەلە خۆی گەیاندۆتە عێراق و لەگەل بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوەی کردووە .هەندێ سەرچاوەی هەواڵی دیکە وا بلاودەکەنەوە کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ، مستەفا کازمیش کۆبۆتەوە.


ئەم سەردان وکۆبونەوانە لە دوای هەلومەرجێکی تازە دێتە ئاراوە ، دەکرێت بەدوای هۆکارە سەرەکییەکاندا بگەڕێین ، کە بە دیتنی من ئەمانەن:

- ئەم سەردانەی سەرۆکی دەزگای بەدناوی میت دوای سەردانە سەرکەوتوەکەی جەنەراڵ مەزلوم کۆبانی بۆ عێراق دێت ، کەلەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هەماهنگی ئەمەریکا کۆبۆوە و بڕیاری گرنگ درا سەبارەت بەقەڵاچۆکردنی تیرۆریستانی داعش، کە باڵی سەربازی دەوڵەتی تورکیان لە دەرەوەی سنورەکان.ئەردۆگان بەم سەردانە زۆر نارەحەت بووە ، ناردنی هاکان بۆ گەیاندنی نارەزایەتی تورکیایە بە عێراق یا لانی کەم بزانێت لەسەر چی ئیتفاقکراوە.تورکیا هەر جوڵەیەکی کوردی بەناموس بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت ، لێ بۆ کوردی بێناموس بۆخۆی رێگایان بۆ خۆش دەکات بۆ ئەوەی دژی پەکەکە وگەریلا وشەرڤانان بەکاریان بهێنێت. تورکیا هەموو ئیمکاناتی دەوڵەت لە دیپلۆماسی و گروپی فشار ولۆبیی بەکاردەهێنێت و بەکاریهێناوە بۆ ناردنی سەرۆکی پارتی و ئەوانی دیکە بۆ رەشکردنی پەکەکە و رۆژئاڤا. دیمان سەرۆکی پارتی کاتێ بە هاندان و هاسانکاری تورکیا،سەرۆکی پێشوی فەرەنسای بینی بوو ، راستەوخۆ و بێ شەرم بە هۆلاندی وتبوو: بۆچی هاریکاری یەپەگە دەکەن ، یەپەگە بەشێکە لە پەکەکەی تیرۆریست؟!. هیچ جوڵەیەکی سەرۆکی پارتی و ئەو دەسەڵاتدارنەی پارتی بێ رەزامەندی دەزگای جاسوسی میت ناکرێت.

- دووەم هۆکار ، بڕیاری کازمییە بۆ ناردنی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی بۆ هەموو دەروازە سنورییەکان ، بەتایبەتی بۆ برایم خەلیل. ئەم هەنگاوەی کازمی تورکیای نیگەران کردووە ، چونکە دەروازەی برایم خەلیل، راستە بەناو لە ژێر دەسەلاتی حکومەتی تەزویری پارتیە ،لی بۆ تورکیا بەتەنها دەروازەیەکی ئابوریی نییە ، بەڵکو دەروازەی سەربازی و ئەمنی وجاسوسیشە ، لەوێوە ئەندامانی دەزگای جاسوسی میت بەهەوەسی خۆیان هاتووچۆ دەکەن ، چەتەکانی داعش بە هاسانی وئازادان دێنە ناو عێراق و دەچنەوە تورکیا ، بەشێکی زۆریش لە ئامێر و ئۆتۆمۆبێل و سەربازی سوپای داگیرکەری تورکیاوە لەوێوە دێنە ناو عێراق. چەتەکانی پارتی تەنها وەک دەڵاڵی لوڵاتفرۆشی هاسانکاری بۆ تورکیا دەکەن و هاریکاری دەزگای جاسوسی میت دەکەن بۆ دەستگیرکردن و رەوانەکردنەوەی ئازادیخوازان بۆ تورکیا.چەتەکانی پارتی رۆڵی جاسوس و چەتەگەریی و مورتزەقەیی دەبینن.
هاکان فیدان بۆ ئەوە هاتووە دەستکاری ئەو دەروازە نەکرێت، جا ئایا کازمی دەچێتە ژێرباری ئەو داوایەی تورکیا، ئەگەر بچێت بەواتا هیچی نەکردووە ، چونکە هەموو بەڵاکان بۆ عێراق لەگەندەڵی و ئیرهاب و مەوادی ژەهراوی و ئیکسپایەر لەو دەروازەوە داخڵ دەبێت.کازمی بۆ ئەمە لە ژێر مەحکدایە.

ھۆکاری سێیەم ؛ئێستا کۆبونەوەکانی ئەمەریکا وعێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت بۆ مانەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق. عێراق دەیەوێت بە ئەمەریکییەکان بڵێت : پێویستە هاوکارمان بن بۆ پاراستنی سەروەری عێراق لە تەدەخولی ئێران وتورکیا ، بۆیە تەدەخولی ئێوەش دەبێت بەیاسا و ئیتفاق بکرێت ، تا رێگە بگرین لە ئێرانو تورکیا بۆ تەدەخولکردن .

،،

ئەردۆگان ئەو راستیەی پێگەیشتووە لە رێگای وەزیرە جاسوسەکەی پارتی ، فوئاد حوسیەین ، بۆیە بەپەلە هاکان فیدانی ناردۆتە عێراق ، بۆ ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز بۆ عێراق ، کە پرسی سەروەری عێراق بۆ تورکیا شتێک نییە، سازشی لەسەر بکرێت.

- هۆکاری چوارەم : ئەگەر عێراق مانەوەی ئەمەریکا، گەورەترین هیزی سەربازی لە جیهاندا، تاوتوێ بکات ، تورکیا چییە لەچاو ئەمریکا؟!.. بۆیە هاکان فیدان لە بەغدا بووە. مانەوەی سوپای تورکیا لە بەعشیقە و ناوچەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ، زیاتر لە ٢١ بنکەی سەربازی و ٢٤ بنکەی دەزگای جاسوسی میت هەیە ، سەرباری ئەو وداگیرکارییەش بە فرۆکە گوند ودێهاتەکانی هەرێم و کەمپی شەهید رۆستەم جودی بۆمباباران دەکات ، کە ئەمانە سەروەری خاکی عێراق نەک هەر پێشێل دەکەن بەڵکو هیچی بۆ ناهێڵێنەوە. کازمی زۆر باسی سەروەری عێراق دەکات ، بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەو هەوڵەی کازمی فەشەل پێبهێنیت و تورکیا نەگرێتەوە.

- هۆکاری پێنجەم؛ رێگەگرتن لە کردنەوەی دەروازەی تەل کۆچەر ، کە لە نێوان عێراق و بارۆسدایە . بەتایبەتی دوای جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر هەموو دەروازەکانی رژێم دادەخرێن ، تاکە دەروازەیەک لە نیوان بارۆس و عێراقدا هەبێت و قابیل بەکردنەوە بێت ، دەروازەی تەلکۆچەرە ، تورکیا نایەوێت عێراق ئەم دەروازە بەرەسمی بکرێتەوە ، چونک دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کوردان لە بارۆس.

- هۆکاری شەشەم: بوونی دەیان دیلی مەترسیداری داعش کە بە رەگەز تورکن ، هاکان فیدان داوا لە کازمی دەکات بە فێڵی ئەوەی لە تورکیا دادگاییان دەکەن رادەستیان بکەنەوە. کۆمەڵێک لەو تیرۆریستانە کە تێیاندایە ژنن ، لە دادگاکانی عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ، تورکیا داوای رادەستکردنەوەی ئەوانەش دەکات.


لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت ، هەر جوڵەیەکی تورکیا بۆ زامن کردنی ئیرهاب و خوێنرشتن وتاڵانکردنە ، جگە لەو رەگەزانەی ماڵوێرانی هیچ دەستکەوتێکی نە بۆ گەلانی ناوچەکە ونە تەنانەت بۆ گەلانی تورکیاشی تێدایە.

شیمانەی رەتکردنەوەی داواکارییەکانی تورکیا لەلایەن کازمییەوە ، راستگۆیی خۆی وحکومەتەکەی دەردەخات و خاوەندارێتی لە بەڵێنەکانی خۆی دەکات..با چاوەڕێ بین.