بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕیواز فایەق لابردنی پارێزبەندیەكەی سەر سۆران عومەری هەڵوەشاندەوە

هەمووشتێك لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر

بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕیواز فایەق لابردنی پارێزبەندیەكەی سەر سۆران عومەری هەڵوەشاندەوە

2796 خوێندراوەتەوە



لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر چۆن ڕویدا؟ پشت پەردەكانی ئەو ڕوداوەچین و چی ئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە

سۆران عومەر نامەیەكی هەرەشە ئاراستەی هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكات
لەشەشی ئەم مانگەدا سۆران عومەر نامەیەكی فەرمی ئاراستەی هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكات و داوایان لێدەكات وەكو چۆن لەكاتی هەڵگرتنی پارێزبەندیەكەدا درێغیان نەكردوە بەهەمان شێوە لەبەر شكۆی پەرلەمان و ئەو پۆستە سیادیەی لەدەست یەكێتییە، سەرۆكی پەڕلەمان ئاگادار بكەنەوە تا پارێزگاری لە شكۆی خۆی و پۆستەكەی بكات و بڕیاری لابردنی پارێزبەندییەكە هەڵبوەشێنێتەوە كە لە حزوری ئەودا بەشێوەیەكی دوور لە پەیڕەو ئەنجامدراوە.


نامەكەی سۆران عومەر جۆرێك لەهەرەشەی نەرمیشی لەگەڵدا بووە كە ئیتر چاوەڕی ناكات و كۆنگرەی رۆژنامەنوسی لەسەر سەرۆكی پەڕلەمان دەگرێت و قسەی خۆی لەسەر دەكات

گروپی یاسایەكانی لاهوری شێخ جەنگی
هاوكات لەگەڵ ئەو سكاڵایەی سۆران عومەر بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی، گروپی یاسایەكانی لاهوری شێخ جەنگی كە ژمارەیان 9 كەسە پشتبەست بە راپۆرتێكی دیپلۆماتیك مەگەزین كە لە پێشتردا بڵاوكرابویەوە سەبارەت بە پێشێلكردنەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی لە كۆبونەوەی خستبووە ڕوو. راپۆرتێك ئامادە دەكەن بۆ لاهور شێخ جەنگی كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەڕلەمانە لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر هەلبوەشێنێتەوە،بەهۆی ئەو پێشێلە پەیڕەویەوە كە لە كۆبونەوەكەدا كراوە.

  

،،

مەسرور بارزانی وتویەتی:لابردنی سۆران عومەر پەیام بووە بۆ لاهور شێخ جەنگی تا بزانێت هەرچیمان بوێت لە پەڕلەمان بە زۆرینە تێی دەپەڕێنین و
لاهور شێخ جەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی پەڕلەمان وەڵامی دایەوە

 

لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی چی بە ڕێواز فایەق وترا؟
لە سەر بنەمای ئەو راپۆرتەی ئامادەكرابوو، رۆژی پێنجشەمەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بانگهێشتی ڕێواز فایەق دەكەن بۆ كۆبونەوە بە ئامادەبونی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لە كۆبونەوەكەدا دوو هەڵبژاردە دەخەنە بەردەم سەرۆكی پەڕلەمان یان ئەوەتا بڕیارەكە هەڵوەشێنەرەوە یان دەستبەرداری پۆستەكەت ببە و دەستلەكاربكێشەرەوە.


لە كۆبونەوەكەدا رەخنە لە ڕێواز فایەق دەگرن بۆچی ڕێگەی داوە كە پێشێلی پەیڕەوی بكرێت، لەوەڵامدا دەڵێت من پرسم پێكردوون و ئێوەش وتوتانە لەگەڵ كۆدەنگی بن و وەرنەدەرەوە با پارتی بەتەنها بمێنێتەوە.لەوەڵامدا لاهور شێخ جەنگی پێی دەڵێت ئێمە نەمانزانیبوو كە كێشەی پییڕەوی تێدایە و مادام بەهانەی یاسایی هەیە بەپێی دەسەڵاتی خۆت دەبێت هەڵی بوەشێنیتەوە.


لەكۆبونەوەكەدا كە نزیكەی 16 كەس بەشداریان تێداكردووە تەنها چوار كەس بەرگریان لە ڕێواز فایەق كردووە و داوایان كردووە با یەكێتی كارێكی وا نەكات و لەگەڵ پارتی دەرەچەیەكی دیكەی بۆ بدۆزنەوە.

 

لە 48 سەعاتی رابردوو چی ڕویدا؟
لە 48 سەعاتی رابردودا د.ڕێواز پەیوەندی دەكات بە هەریەكە لە هێمن هەورامی و فرسەت سۆفی و بڕیاری مەكتبی سیاسیان پێ‌ رادەگەیەنێت،لەڕێگەی ئەوانیشەوە مەسرور بارزانی ئاگادار دەكرێتەوە،وەڵامی مەسرور بارزانی ئەوە دەبێت كە من ویستوومە پەیام بە لاهور شێخ جەنگی بدەم هەرچیمان بوێت بە زۆرینەی پەڕلەمان تێیدەپەڕێنین.ئەگینا نامەوێت سۆران عومەر ببەمە بەردەم دادگا.


هەروەها هێمن هەورامی سەرۆكی پەڕلەمان ئاگاداردەكاتەوە كە لەڕوی یاساییەوە تەنها بەدەنگدانی پەڕلەمان ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە نەك بە بڕیاری تاكەكەسی ئەو،وەكو ئەوەی راوێژكارەكانی یەكێتی شیكردنەوەیان بۆ كردووە.


كاتێك لاهور شێخ جەنگی وەڵامەكەی مەسرور بارزانی دەبیستێت لەنوسینگەكەی خۆیەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەر بۆ سەرۆكی پەڕلەمان دەنێریت و پێی دەڵێن بیخە سەر كڵێشەی پەڕلەمان و ئیمزای لەسەر بكە.


سەر ئەنجام بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە د.ڕێواز بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندی سەر سۆران عومەری دەركرد، هەرچەندە هێشتا دیار نییە كە ئایا ئەنجومەنی شورا یان دادگا كار بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەڕلەمان دەكەن یاخود نا؟


بەڵام پارتی بە ئاشكرا بە سەرۆكی پەڕلەمانیان وتووە بڕیارەكەی نا یاساییە و ئەوان بە هەموو ڕێگەیەك دژی دەوەستن.


دوور نییە سەرۆكی پەڕلەمان ببێتە قوربانی سەرەكی لەم مەسەلەیەدا، چونكە لە هەردوولای یەكێتی و پارتییەوە كەوتۆتە ژێر فشارەوە.


هەرچەندە لەڕوی یاساییەوە لابردنی سەرۆكی پەڕلەمان بۆ هەریەكە لە یەكێتی و پارتی لەڕێگەی دەنگدانەوە ئەستەمە چونكە پێویستی بە 74 دەنگی پەڕلەمان هەیە،بەڵام یەكێتی ئەتوانێت فشار لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بكات بۆئەوەی ئەوان خۆیان ئەو كارە بكەن ئەگەر پێویستی كرد و بڕیاری مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكانی جێبەجێنەكرد.

 

چی ڕوودەدات لەدوای ئەم بڕیارەوە؟
سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، سوێندی خواردبوو هەتا بڕیاری لابردنی حەسانە لەسەری هەڵنەوەشێتەوە سەرناكاتەوە بە پەرلەماندا،ئەگەر ئەم بڕیارە سەربگرێت ئەوا سۆران عومەر دەگەڕێتەوە پەڕلەمان.


لەلایەكی دیكەوە پارتی واهەست دەكات لەم بابەتەدا لەلایەن لاهور تاڵەبانیەوە دەستی شكاوەتەوە و پێ ناچێت هەروا بەئاسانی قبوڵی بكات.ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی دامەزراوەی شوراوە كە زۆرینەیە هەوڵی پەكخستنی بڕیارەكە بدات