بۆڵتن له‌ كتێبه‌كه‌یدا: ترامپ داوای هاوكاری له‌ سه‌رۆكی چین كردووه‌،  بۆئه‌وه‌ی  جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك

بۆڵتن له‌ كتێبه‌كه‌یدا: ترامپ داوای هاوكاری له‌ سه‌رۆكی چین كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك

302 خوێندراوەتەوە


جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ نوێترین كتێبیدا باس له‌ چه‌ندین نهێنی ترامپ ده‌كات، كه‌خۆی له‌ داوای یارمه‌تی له‌ سه‌رۆكی چین و هاوكاری كردنی ئه‌ردۆگان بۆ ڕزگاربوونی له‌ دۆسیه‌ی هالك بانك و ئیڤانكای كچی و دۆسیه‌ی مسوڵمانه‌ ئیگۆره‌كانی چین و چه‌ندین دۆسیه‌ی دیكه‌ ده‌بینێته‌وه‌، ترامپیش له‌ وه‌ڵامی بۆڵتدا ده‌ڵێت" ئه‌و كارێكی نایاسایی كردووه‌ و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی من، نهێنی كۆشكی سپی بڵاو كردۆته‌وه‌.

،،

بۆڵتن له‌ كتیبه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی داوایه‌كی ترامپ له‌ سه‌رۆكی چین ده‌ڵێت:" دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوایه‌كی شه‌خسی له‌ شی جین بینگ سه‌رۆكی چین كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری بكات و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی نۆڤه‌مبه‌ری 2020دا ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا".


ده‌شلێت:" كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك له‌ كاتی كۆبوونه‌كه‌ی لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی 20 بوو كه‌ له‌ شاری ئاوسكای ژاپۆن له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2019دا به‌ڕێوچوو، كه‌ ترامپ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنج ڕاكێش باسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌كرد، هه‌روه‌ها داوای له‌ سه‌رۆكی چین كرد كه‌ هاوكاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیدا جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك".


بۆڵتن ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات" هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جارێك باسیان له‌ ڕێكه‌وتنی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كرد، جارێكیش ترامپ باسی له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌چین ده‌توانێت چه‌ندین به‌رهه‌می كشتوكاڵی ئه‌مریكا بكڕێت".


ده‌شڵێت:" ترامپ پشتگیری له‌ زیندانی كردنی مسوڵمانه‌ ئیگۆره‌كانی چین كردووه‌ و وته‌كانی سه‌رۆكی چینی په‌سه‌ند كردووه‌، كاتێك به‌رگری له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، بۆ زیندانی كردن وده‌ستبه‌سه‌ركردنی مسوڵمانه‌كان له‌ كه‌مپه‌كاندا، ترامپ به‌سه‌رۆكی چینی وتووه‌، كه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام بیت له‌ دروستكردنی كه‌مپه‌كان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی مسوڵمانه‌كان".


جۆن بۆڵتن له‌ به‌شێكی دیكه‌ كتێبه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ترامپ ویستویه‌تی هاوكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا بكات، كه‌ له‌و كاته‌دا وه‌زاره‌تی داد لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ هالك بانكی توركیا ده‌كرد، به‌وه‌ی پێشێلی سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێرانی كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" ساڵی 2018 وه‌زاره‌تی داد لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ هالك بانك ده‌كرد، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سه‌رۆكی توركیاوه‌، ترامپ به‌ ئه‌ردۆگانی وتووه‌، زۆر گرنگی به‌و كاره‌ ده‌ده‌م، ئه‌و داواكاره‌ گشتیانه‌ی له‌و كه‌یسه‌دا كار ده‌كه‌ن له‌ كه‌رتی باشورن و كه‌سانێكن له‌ منه‌وه‌ نزیك نین ، به‌ڵكو سه‌ر به‌ ئۆبامان، ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێتئه‌و كاته‌ی دادوه‌ره‌كان ده‌گۆڕم".
ده‌شڵێت:" كاتێك ئه‌رۆدگان یاداشته‌كه‌ی ڕاده‌ستی ترامپ كردووه‌، كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی یاساییه‌وه‌ ده‌كردابوو، ترامپ زۆر به‌ خێرایی په‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ و وتی من دڵنیام بانكه‌كه‌ بێ تاوانه‌ و پێشێلی سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێرانی نه‌كردووه‌".


هه‌روه‌ها جۆن بۆڵتن باس له‌ نیازی ترامپ ده‌كات كه‌ ویستویه‌تی فه‌نزۆیلا داگیر بكات و وتویه‌تی" داگیر كردنی فه‌نزویلا بیرۆكه‌یه‌كی باشه‌"
كتیبه‌كه‌ی جۆن بۆڵتن كه‌ له‌ 500لاپه‌ڕه‌ پێكدێت باس له‌ هه‌ندێك لایه‌نی ترامپ ده‌كات، كه‌ شاره‌زای زۆر لایه‌نی گرنگی سیاسی نه‌بووه‌، ترامپ پێی وابووه‌،ئه‌و ده‌ڵێت:" ترامپ پێی وابووه‌، كه‌ فیله‌ندا به‌شێكه‌ له‌ ڕوسیا، هه‌روه‌ها نه‌شیزانیوه‌ كه‌ به‌ریتانیا خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمیه‌ و جارێك له‌ تێریزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێووتری به‌ریتانیای پرسیوه‌، ئێوه‌ش خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمین؟".

،،

هه‌روه‌ها جۆن بۆڵتن باس له‌ ئیڤانكای كچی ترامپ ده‌كات، كه‌ هاوكات ڕاوێژكارییشیه‌تی، ئه‌و ده‌ڵێت:" ئیڤانكا بۆ ڕایی كردنیكاروباری حكومه‌ت، ئیمێڵی خۆی به‌كارده‌هێنا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو، كه‌ ترامپ ڕه‌خنه‌ی له‌ هیلاری ده‌گرت، كه‌ له‌ كاروباری حكومه‌تدا ئیمیڵی خۆی به‌كارهێناوه‌".


بۆڵتن ده‌شلێت:" بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی میدیا و خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئیڤانكا لابچێت، ترامپ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و له‌سه‌ر كوشتنی جه‌مال خاشقچی ڕۆژنامه‌نوس، پشتگیری له‌ محمد بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ كرد".



له‌ وه‌ڵامی ئاشكرا كردنی ئه‌م نهێنیانه‌ی كۆشكی سپی له‌لایه‌ن جۆن بۆڵتنه‌وه‌، دۆناڵد ترامپ بۆڵتنی به‌ " پێشێلكردنی یاسا" تۆمه‌تبار كرد و له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند" بۆڵتن یاسای پێشێل كردووه‌، چونكه‌ زانیاری زۆر نهێنی ئاشكرا كردووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی وه‌ربگرێت".
ده‌شلێت:" بۆڵتن كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌روه‌ها نه‌شیده‌توانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی پیران به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ پۆستێكم پێدا، كه‌ پێویستی به‌ متمانه‌دان نه‌بێت...".


ده‌رباره‌ی داوای هاوكاری له‌ سه‌رۆكی چین ترامپ وتی:" هیچ كه‌سێك هینده‌ی من له‌گه‌ڵ ڕوسیا و چین توند نابێت".