سواڵی دەنگ لەڕێگەی مامۆستایانی ئاینییەوە

حیزبەكانی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ پەنا بۆ كاندیدكردنی مامۆستایانی ئاینی دەبەن

سواڵی دەنگ لەڕێگەی مامۆستایانی ئاینییەوە

2395 خوێندراوەتەوە

لەماوەی رابردودا پۆستەری یەكێك لەكاندیدەكان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.

كاندیدكردنی مامۆستایانی ئاینی لە هەڵبژاردنەكاندا تەنها حیزبە ئیسلامیەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو حیزبە نا دینیەكانییەكانیش دەستیان داوەتە كاندیكردنی مامۆستایانی ئاینی بە ئامانجی كۆكردنەوەی دەنگ و راكێشانی سۆزی ئاینی خەڵكی كوردستان.

كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی لەو پۆستەرەی بڵاوی كردۆتەوە، شارەزایی خۆی نوسیوە كە " قورئانخوێنی نێودەوڵەتییە" هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە چەندین خەڵاتی دەنگخۆشی قورئان خوێنی بردۆتەوە.

ووتەکان

كاندیدكردنی مامۆستایانی ئاینی لە هەڵبژاردنەكاندا تەنها حیزبە ئیسلامیەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو حیزبە نا دینیەكانییەكانیش دەستیان داوەتە كاندیكردنی مامۆستایانی ئاینی بە ئامانجی كۆكردنەوەی دەنگ و راكێشانی سۆزی ئاینی خەڵكی كوردستان.

 

بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان بەتایبەتی خەڵكانی خوێندەوار رەخنەیان لەو دیاردەیە گرت و پێیان وابوو كە ئەو شیوازی كاندیكردنە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێت.

جگە لە قورئان خوێنە نێودەوڵەتیەكە گۆڕان بۆ سەیدسادقیش مامۆستایەكی ئاینی كاندید كردووە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان تەنها لایەن نییە ئەم كارەی كردبێت، بەڵكو بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین لەناو هاوپەیمانیەكەی دكتۆر بەرهەمدا دوو مێزەر بەسەر و لەناو یەكێتی و پارتیدا هەریەكە و مەلایەك هەیە. حیزبە ئیسلامیەكانیش هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا مێزەربەسەریان نەهێناوەتە پێش، بەڵام بانگخوازە ئاینیەكانیان كردۆتە سەرە ڕمی لیستەكانیان.

كاندیدكردنی مامۆستایانی ئاینی لەناو لیستەكاندا لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە وەك دیاردەیەكی نەرێنی سەیر دەكرێت و پێیان وایە بەكارهێنانی ئاینە بۆ ململانێی سیاسی و تەسلیمبونیشە بە گوتاری ئاینی.

،،

د.عادل باخەوان :

حزبە كوردییەكان لەهەرێمی كوردستان حزبی ئایدۆلۆژی و خاوەن پرنسیپ نین بەڵكو حزبی دەنگدەرو سواڵكردنی دەنگن، بۆیە پێیان وایە لە رێگەی مەلاوە ئەتوانن زۆرترین دەنگ سواڵ بكەن و دەنگ كۆی بكەنەوە و دەشزانن لەرێگەی كادرێكی باڵای حزبەكەوە لەكۆمەڵگادا ناتوانن دەنگ كۆ بكەنەوە


د.عادل باخەوان رۆشنبیرو مامۆستای زانكۆ لە وڵاتی فەرەنسا و پسپۆڕ لەبواری سۆسیۆلۆجیا، دەڵێت" كۆمەڵگەی كوردی وەك كۆمەڵگا رۆژهەلاتییەكان كۆمەڵگەیكەی ئایینییە و لەنێو ئایندا دەگەرێن بۆ وەڵامی هەموو پرسیارەكان، لە پرسیاری وجودەوە تا سڵاو كردن"

ئەو رۆشنبیرە، پێی وایە حزبە كوردییەكان لەهەرێمی كوردستان حزبی ئایدۆلۆژی و خاوەن پرنسیپ نین بەڵكو حزبی دەنگدەرو سواڵكردنی دەنگن، بۆیە پێیان وایە لە رێگەی مەلاوە ئەتوانن زۆرترین دەنگ سواڵ بكەن و دەنگ كۆی بكەنەوە و دەشزانن لەرێگەی كادرێكی باڵای حزبەكەوە لەكۆمەڵگادا ناتوانن دەنگ كۆ بكەنەوە، بۆیە حزبی واقیعن وەك ئەوەی كە هەیە نەك وەك ئەوەی كە دەبێـت هەبێت".

عادل باخەوان جەخت لەوە دەكات"حزبەكان لەهەرێمی كوردستان بەئیسلامی و عەلمانییەوە ئامانجیان ئایین نییە، بەڵكو بەكارهێنانی ئایینە بۆ ئامانجە سیاسییەكانیان با ئاینیش تیایدا ناشرین بێت".

،،

سۆزان خاڵە شهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری:

زانایانی ئایینی و بانگخوازەكان موڵكی تەنها حزبە ئیسلامییەكان نین، و تەنها ئیسلامییەكان نوێنەرایەتی ئەوان ناكەن و شتێكی زۆر ئاساییە زانایەكی ئایینی یاخود بانگخوازێك گۆرانكاری بەسەر بیرورایدا بێت و لەبری حزبە ئیسلامییەكان لەنێو حزبێكی دیكەی دەرەوەی ئیسلامییەكاندا خۆی كاندید بكات

سۆزان خاڵە شهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە لە لیستەكەیاندا چەند مامۆستایەكی ئاینی دەبینرێت، دەڵێت" بەهیچ شێوەیەك مەلاكان تەنها بۆ دەنگ كۆكردنەوە كاندید نەكراون لە لیستەكەی ئەواندا، بەڵكو دەنگ بۆ خۆشیان و بۆ لیستەكەش كۆ دەكەنەوە و دواتریش رێز لێگیراون و فەرامۆش ناكرێن".

ئەو هاودیدەی هاوپەیمانی ئەوەش ئاشكرا دەكات كە زانایانی ئایینی و بانگخوازەكان موڵكی تەنها حزبە ئیسلامییەكان نین، و تەنها ئیسلامییەكان نوێنەرایەتی ئەوان ناكەن و شتێكی زۆر ئاساییە زانایەكی ئایینی یاخود بانگخوازێك گۆرانكاری بەسەر قەناعەت و بیرورایدا بێت و لەبری حزبە ئیسلامییەكان لەنێو حزبێكی دیكەی دەرەوەی ئیسلامییەكاندا خۆی كاندید بكات بۆ نموونە لە ئێستادا هاوپەیمانی كە كۆكەرەوەی زۆرێك لە رەنگ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانە، زانای ئاینی بەشانازییەوە كاندید كردووە و دواتریش بەهەمانشێوە زانا ئایینیەكان جێگەی تایبەتیان دەبێ لەناو هاوپەیمانیدا.

حیزبە ئیسلامیەكان پێیان وایە كە حیزبەكانی دیكە تەنها لەكاتی هەڵبژاردن بیری گوتاری ئاینی و جوڵاندنی سۆزی ئاینیان دەكەوێتەوە و لەكاتەكانی دیكە مامۆستایانی ئاینی فەرامۆش دەكەن.

موستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت"شتێكی زۆر ئاسایی و سرووشتییە ئەگەر حزبە ئیسلامییەكان مەلا و بانگخواز كاندید بكەن چونكە ئەمرۆ و دوێنیش ئەوان وەك ئیسلامییەكان رێزی مەلایان گرتووە و گرنگ بووە بەلایانەوە، بەڵام حزبە نا ئیسلامییەكان تەنها بۆ دەنگ كۆ كردنەوە مەلا و بانگخواز كاندید دەكەن و دوای هەڵبژدارن فەرامۆشیان دەكەن"

هەروەها دەڵێت"هیوادارین لەدوای هەڵبژاردن ئەو حزبانەی مەلا كاندید دەكەن پۆست و پلەی باشیش بدەن بە زانایان چونكە شایەنی هەموو شتێكن".

،،

موستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی:

حزبە عەلمانییەكان پێچەوانەی مەنهەجیانە كە مەلا كاندید دەكەن و ئایەتی قورئان بەرز دەكەنەوە بەڵام كاریان پێیەتی و كاتییە و دوای دەنگ زۆربەیان دژی ئەم كارەی خۆیان دەوەستنەوە


ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو ئەوەش ناشارێتەوە كە حزبە نا ئیسلامییەكان واتە لائیك و عەلمانییەكان كاندیدی بەهێزیان نییە بۆیە هەوڵ دەدەن مەلا یاخود بانگخوازێك كاندید بكەن كەلە كۆمەڵگەی كوردیدا لای خەڵك گرنگن.

موستەفا عەبدوڵا دەشڵێت"حزبە عەلمانییەكان پێچەوانەی مەنهەجیانە كە مەلا كاندید دەكەن و ئایەتی قورئان بەرز دەكەنەوە بەڵام كاریان پێیەتی و كاتییە و دوای دەنگ زۆربەیان دژی ئەم كارەی خۆیان دەوەستنەوە".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان