واشنتن به‌پێی یاسای قه‌یسه‌ر سزا به‌سه‌ر 39 كیانی سه‌ر به‌ ڕژێمی سوریادا ده‌سه‌پێنێت

واشنتن به‌پێی یاسای قه‌یسه‌ر سزا به‌سه‌ر 39 كیانی سه‌ر به‌ ڕژێمی سوریادا ده‌سه‌پێنێت

185 خوێندراوەتەوە


ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئاشكرای كرد كه‌ سزای به‌سه‌ر ده‌یان كه‌سایه‌تی و كیانی سه‌ر به‌ ڕژێمی سوریادا سه‌پاندووه‌، له‌ ناو ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌سمای هاوسه‌ری بوونیان هه‌یه‌،ئه‌م سزایه‌ به‌پێی یاسای قه‌یسه‌ر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل بووه‌، كه‌ ڕۆژی چوار شه‌ممه‌ كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.


مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سزاكان 39 كه‌سایه‌تی و كیان ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تێكی فشاری ئابوری و سیاسی بۆ سه‌ر حكومه‌تی سوریا.

،،

هه‌روه‌ها سزاكان هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د حشمۆ سه‌رمایه‌دار و كه‌تیبه‌ی فاتمیه‌كان و غسان علی بیلال فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی چواری سوپای سوریا و سامر ئه‌لدنا ده‌گرێته‌وه‌.


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌"له‌مه‌ش زیاتر ده‌بێت" و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ و مانگه‌كانی دیكه‌ كه‌سانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌ت سزا ده‌درێن،ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ناوه‌ستێت تا ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی سوریا واز له‌ كاره‌ دڕه‌ندانه‌ی دژ به‌ هاوڵاتیان ده‌هێنێت.


پۆمپیۆ له‌ تویتێكیدا ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ نوسیویه‌تی:" ئه‌مڕۆ به‌ پێی یاسای قه‌یسره‌ ده‌ستمان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی سزادانی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د كردووه‌، كه‌ سزای توندی ئابوری له‌ خۆ ده‌گرێت،چونكه‌ ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و هاوكاره‌ بیانیه‌كانی به‌رپرسن له‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی دڕندانه‌ دژ به‌ گه‌لی سوریا".


له‌ تویتی دووه‌مدا ده‌ڵێت:" سزای زیاتر جێبه‌جێ ده‌كرێت، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌ست له‌ شه‌ڕو كوشتیاریان دژ به‌ هاوڵاتیان هه‌ڵده‌گرن و به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی به‌ پێی بڕیاری ژماره‌ی 2254ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ڕازی ده‌بن".


سزاكانی ئه‌مریكا كه‌ له‌ژێر ناونیشانی قه‌یسه‌ردایه‌، به‌ نوێترین هه‌نگاوی واشنتن داده‌نرێت دژ به‌ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د كه‌ زیاتر پشت به‌ سزای ئابوری ده‌به‌ستێت، هۆكاری سزادانه‌كه‌ش بۆ ئه‌و تاوانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ حكومه‌تی سوریا له‌ ماوه‌ی نۆ ساڵی ڕابردوودا دژی هاوڵاتیانی سوریا ئه‌نجامی داوه‌.


سزاكه‌ دار و ده‌سته‌ی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و هه‌موو ئه‌و كه‌سه‌ بیانیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هاوكاری حكومه‌تی سوریایان كردووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كیانی ڕوسی و ئێرانی له‌ سوریا ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نی بیناسازی و نه‌وت و غازیش ده‌گرێته‌وه‌.


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی یاساكه‌دا هاتووه‌، كه‌ ڕێكاری تایبه‌ت دژ به‌ بانكی ناوه‌ندی سوریا ده‌گیرێته‌ به‌ر ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت" دامه‌زراوه‌یه‌كی داراییه‌ بۆ سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌".


ئیدوار دیهنیرت یه‌كێك له‌ (زی ئیكۆنۆمیست) بۆ توێژینه‌وه‌ی و زانسته‌كان ده‌ڵێت:" پێویسته‌ ئه‌مریكا ئه‌وه‌ ڕوون بكاته‌وه‌ بۆ كوێ و تا چ ئاستێك سزاكان جێبه‌جێ بكات،به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌رته‌كانی خانوبه‌ره‌ و بیناسازی و وزه‌ و ژێرخانی ئابوری ده‌بێت".


واشنتن به‌ مه‌رجی لێپرسینه‌وه‌ له‌ تاوانكارانی (تاوانی جه‌نگ) و وه‌ستاندنی بۆردومانی شوێنه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و ئازاد كردنی گیراوی سیاسی و گه‌ڕأنه‌وه‌ی ئاواره‌كان سزاكان هه‌ڵده‌گرێت.

،،

دیهینریت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م سزایانه‌ به‌ هه‌وڵێكی نوێی واشنتن داده‌نرێن بۆ ته‌سفیه‌ی سیاسی و له‌سه‌ر كارلادانی ئه‌سه‌د،به‌ڵام له‌ كاتێكی زودا ئه‌م ئامانجه‌ ناپێكرێت، چونكه‌ تاكوئێستا ڕوسیا و ئێران هاوكاری ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و به‌هۆی ئه‌م دوو وڵاته‌وه‌ توانیویه‌تی به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌ده‌ 70 كۆنترۆڵی ناوچه‌كانی وڵات بكاته‌وه‌.


چاودێران وایده‌بینن كه‌ سزاكه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینێكی مێژوویی به‌های لیره‌كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ كردنی به‌هاكه‌ی دابه‌زی، هه‌روه‌ها گورزێكی قورس له‌ وڵات ده‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌ كرده‌یی له‌ سه‌ده‌ 80ی هاوڵاتیان له‌ هێلی هه‌ژاریدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها نرخی كه‌ره‌سته‌ خۆراكیه‌كان به‌ ڕێژه‌ی له‌ سه‌ده‌ 133 به‌رز ده‌كاته‌وه‌.
سزاكان نفوزی ئێران و ڕوسیا له‌ سوریا ده‌كاته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌ گه‌ر بۆ زیادكردنیبوونی خۆیان له‌ڕووی ئابوری و دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌.


داڕمانی ئابوری وڵات ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌ی به‌رده‌م به‌شار ئه‌سه‌ده‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی نۆ ساڵی جه‌نگی ئه‌و وڵاته‌دا ڕزگاری بووه‌،به‌ڵام هه‌وڵی ڕزگاركردنی ژێرخانی ئابوری وڵات ده‌دات، خراپی لایه‌نی ئابوری بوه‌ هۆی خۆپیشاندانی ناڕازایه‌تی دژی ئه‌سه‌د، هه‌ندێك لایه‌نیش داوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌كرد.