جه‌نگى ساردى نێوان ماڵى تاڵه‌بانى و شێخ جه‌نگى، تاكتیكه‌ یان فاكت؟

قۆڵبادانى ئامۆزاكان به‌ره‌و كوێ؟

جه‌نگى ساردى نێوان ماڵى تاڵه‌بانى و شێخ جه‌نگى، تاكتیكه‌ یان فاكت؟

2503 خوێندراوەتەوە

 

هه‌ژموونى ماڵى شێخ جه‌نگى به‌ وه‌كیلى لاهور جه‌نگى و ئاراس جه‌نگى له‌دواى كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌ ئاشكرا به‌سه‌ر حزب و ماڵى مام جه‌لالدا ده‌رده‌كه‌وێت.

 

هه‌رجۆرێك بێت كۆنگره‌ى یه‌كێتى كۆتایی هات و هاوسه‌رۆكى له‌نێوان ماڵى مام جه‌لال و شێخ جه‌نگى دابه‌ش كرا، به‌جۆرێك یه‌كێتى بكه‌نه‌وه‌ به‌یه‌ك ده‌نوك و یه‌ك جه‌سته‌. 

،،

 لاهور شێخ جه‌نگى له‌ غیاب و بێده‌نگى بافڵ تاڵه‌بانیدا، ئه‌سپى خۆى تاوداوه‌

 

تویته‌كه‌ى هاوسه‌رۆك و قۆناغێكى نوێى ناكۆكى

پێشتر ناكۆكى و جه‌نگى ساردى ناوخۆى یه‌كێتى، له‌نێوان مه‌كته‌ب سیاسی و باڵه‌ جیاوازكاندا بوو، به‌ڵام پێده‌چێت لێره‌ به‌دوا یه‌كێتى بچێته‌ قۆناغێكى نوێى ململانێى ناوخۆیی كه‌له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ دیاره‌كه‌ى حزبه‌كه‌دایه‌.

ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌دواى تویته‌كه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى دژى به‌یاننامه‌‌ى حزبه‌كه‌ى كه‌ به‌ده‌ستوخه‌تى ماڵى تاڵه‌بانى و خودى قوباد تاڵه‌بانى نوسرابوو، زه‌قتر بوویه‌وه‌.

لاهور جه‌نگى له‌دواى كۆنگره‌ له‌ غیابى بافڵ تاڵه‌بانى، له‌رێگه‌ى مانۆره‌كانییه‌وه‌ توانیویه‌تى به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر ڕێكخستنه‌كانى حزبه‌كه‌ى و بریاره‌كانى یه‌كێتى بسه‌پێنێت.

  

ئاراس جه‌نگى عه‌رابى بنه‌ماڵه‌ى جه‌نگى

چه‌ندین جار ئاراس شێخ جه‌نگى به‌نوێنه‌رایه‌تى بنه‌ماڵه‌كه‌ى هێرشى ناراسته‌وخۆى كردۆته‌ سه‌ر به‌شێك له‌ حزبه‌كه‌ى و ماڵى تاڵه‌بانى به‌تایبه‌ت قوباد تاڵه‌بانى.

كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌رى ئه‌وپه‌رى هه‌ژمون و بێ منه‌تى و ته‌حه‌داى بنه‌ماڵه‌ى شێخ جه‌نگییه‌، به‌رامبه‌ر ته‌واوى سه‌ركرده‌كانى رابردوو ئێستاى یه‌كێتى.

 

،،

 ماڵى شێخ جه‌نگى به‌دژایه‌تى كردنى ماڵى بارزانى، زۆرترین ده‌نگ و لایه‌نى عاتفى ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌یان بۆ لاى خۆیان راكێشاوه‌.

 

له‌دواین لێدوانى ناوبراویشدا ده‌ڵێت: كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ یه‌كێتى لێپرسینه‌وه‌ له‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بكات ، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ لاوازى و بێ ده‌سه‌ڵاتى قوباد تاڵه‌بانییه‌ به‌رامبه‌ر پارتى.

 

ماڵى شێخ جه‌نگى زیره‌كانه‌، ده‌یانه‌وێ نوێنه‌رایه‌تى ره‌گى ئه‌نتى پارتى بكه‌ن له‌ناو حزبه‌كه‌یان، تاكو زۆرترین ده‌نگ و ره‌نگى یه‌كێتى بۆ ئه‌وان بێت، له‌به‌رامبه‌ردا ماڵى تاڵه‌بانى به‌حكومى ئه‌وه‌ى له‌حكومه‌تن نوێنه‌رایه‌تى باڵى شه‌ریكایه‌تى و هاوبه‌شى پارتى ده‌كه‌ن له‌ حزبه‌كه‌دا.

 

ململانێى ئامۆزاكان به‌ره‌و كوێ؟

تا ئێستا بۆنى جه‌نگى ساردو لێدوان و تویتى توند ته‌نها له‌لایه‌ن ماڵى شێخ جه‌نگییه‌وه‌یه‌‌، دیار نییه‌ وه‌ڵام و بێده‌نگى ماڵى مام جه‌لال چۆن ده‌بێت و په‌تى سه‌بریان كه‌ى ده‌پسێت.؟

ئه‌گه‌ر ئه‌م جه‌نگه‌ سارده‌ى نێوان ئامۆزاكان، تاكتیك و سیناریۆى نێوان خۆیان نه‌بێت، تاكو له‌لایه‌ك حزب و له‌لایه‌كى دیكه‌ ده‌ستكه‌وته‌‌كانى حزب بپارێزن له‌گه‌ڵ پارتى، ئه‌وا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سه‌ر بكێشێت به‌ره‌و ململانێیه‌ك سه‌ختتر له‌مه‌ى ئێستا.

،،

 مانۆره‌كانى ئه‌مدواییه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى، زۆتر وه‌ك سه‌رۆكى حزبێك ده‌رده‌كه‌وێت تاكو هاوسه‌رۆكێك.

چونكه‌ جوڵه‌ى سیاسی لاهور شێخ جه‌نگى (به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تى سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكى په‌رله‌مان) و لێدوانه‌كانى ئاراسى جه‌نگى براى، و غیابى هێرۆخان و بێده‌نگى بافڵ تاڵه‌بانى و لاوازى قوبادى تاڵه‌بانى براى، پێده‌چێت ئه‌م جه‌نگه‌ سارده‌ بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغى قۆڵبادان و ده‌ست شكاندنى حه‌قیقى.

 

یه‌ك حزب و دوو نیه‌تى سیاسی جیاواز

نیه‌تى سیاسی ماڵى شێخ جه‌نگى و خودى لاهور جه‌نگى، جیاوازتر ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ماڵى تاڵه‌بانى، به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان و پارتى دیموكراتى كوردستان.

هه‌رچى ماڵى تاڵه‌بانى و خودى قوباد تاڵه‌بانییه‌، ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى تێك نه‌ده‌ن له‌م كاته‌داو كابینه‌ى نۆیه‌م خولى خۆى ته‌واو بكات و ده‌ستكه‌وته‌كانى یه‌كێتى زۆرترو پارێزراوتر بكه‌ن له‌حكومه‌ت.

له‌به‌رامبه‌ردا لاهور شێخ جه‌نگى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نى ئه‌م كابینه‌یه‌ كه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات هه‌رجۆرێك بووه‌ كۆتایی پێ بهێنن و له‌ژێر په‌رده‌ى به‌رگریكردن له‌ موچه‌و مافى هاوڵاتیاندا داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كۆتا په‌یامى لاهور جه‌نگى به‌روونى ده‌ركه‌وت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان