كازمی دژی میلیشیاکان دەستی بە جووڵەی سەربازی كرد

كازمی دژی میلیشیاکان دەستی بە جووڵەی سەربازی كرد

447 خوێندراوەتەوە

بەغداد گۆڕانكارییەكی خێرای سەربازی بەخۆیەوە دەبینێت، دوای ئەوەی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی جوڵەیەكی سەربازی دژی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەست پێكرد، هەروەها كەتیبەكانی سەر بە حیزبوڵڵا هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی مستەفا كازمییان كرد و لە شەقامەكانی بەغداد نمایشی سەربازییان ئەنجامدا.

مستەفا كازمی ماوەیەكی زۆرە دەیەوێت كۆتایی بەو میلیشیایانە بهێنێت، كە بوونەتە هەڕەشە لەسەر هاوڵاتیان و خەڵكی دەڕفێنن و كاری نا ئاسایی دەكەن، هەروەها نوسینگەی باڵیۆزخانەكان و پێگە دیپلۆماسیەكان بە كاتیۆشا دەكەنە ئامانج.


لە یەكەم هەنگاودا دەزگای دژە تیرۆری عیراق، كە ڕۆڵێكی باڵای لەشەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا هەبوو، ئۆپەراسیۆنێكی جۆرییان ئەنجامدا و هەڵیان كوتایە سەر وەرشەیەكی دروستكردنی موشەكی كاتیۆشا و سەكۆی هەڵدانی موشەكەكە لە ناوچەی بوعسیەی بەغداد، کە ئەم شوێنە لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە بەڕێوە دەبرا.

،،

ئەم ئۆپراسیۆنەی دژە تیرۆر تەنها تێكدادنی وەرشەكەی لەخۆ نەگرت، بەڵكو هەموو ئەو چەكدارانەشیان دەستگیر كرد كە لەوێدا بوون، ئەمە جگە لەوەی ئەو سەكۆی هەڵدانی موشەكەیان تێكدا كە بەرەو ناوچەی سەوز جێگیر كرابوو.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراقی ئاشكرای كرد، كە لە نێو گیراوەكاندا پسپۆِرێكی بیانی دروستكردنی كاتیۆشا بوونی هەیە، كە سەرپەرشتی كارەكانی ئەو چەكدارانەی كردووە، ئەمە جگە لەوەی 13 چەكداری دیكەش دەستگیر كراون و لە نێویاندا 3 سەركردە بوونیان هەیە.
دەستگیر كراوەكان دەستبەجێ لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە، پێش ئەوەی ڕەوانەی ئەمنی حەشد بكرێن.
ئەم ئۆپراسیۆنە بووە هۆی ئەوەی كە میلیشیاكان هاوسەنگی خۆیان لەدەست بدەن و ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكەدا بكەن، بۆیە داوا لە لایەنگران و چەكدارەكانیان دەكەن، بێنە سەر شەقام و دژی دەزگا ئەمنیەكان چالاكی ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی دەستگیر كراوەكان ئازاد بكرێن و كۆتایی بە ئۆپراسیۆنەكەیان بهێنن.


چاودێرانی عیراقی پێیانوایە ئەمە هەنگاوی یەكەمی حكومەتی عیراقە دژ بە میلیشیا شیعەكان، هەروەها جێبەجێكردنی بەڵێنێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمیە كە بەڵێنی دابوو چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.


گیراوەكان ئازاد ناكرێن

ئەم ئۆپەراسیۆنە لایەنی سیاسی و ئەمنی هێناوەتە سەر خەت، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە سكای نیوز عەرەبیەی ڕاگەیاندووە، كە تاكو ئێستا هیچ گیراوێك ئازاد نەكراوە، گیراوەكان لەلای دەزگای دژە تیرۆر نەماون و ڕەوانەی لایەنی دادوەری كراون، دادوەریش ڕەتی كردۆتەوە ئازادیان بكات، هەرچەندە سەركردەكانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانێتی فەتح داوایان كردوە بە هێمنی كێشەكە چارەسەر بكرێت.

،،

سەرچاوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە مستەفا كازمی خۆی سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنەكە و دەستگیر كردنی چەكدارەكانی كردووە، داوای لێبوردنیشی لە هیچ لایەنێك نەكردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە چەكدارەكان بە ویستی ئێران دەیانویست فڕۆكەخانەی بەغداد بكەنە ئامانج، بۆ ئەوەی پرۆسەیكی گواستنەوەی ئەنجام بدەن، ئەم كارەش لەلایەن كەسێكی بیانیەوە سەرپەرشتی كراوە( بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەی ئاشكرا بكات).


هەڕەشە لە كازمی دەكەن

ئەبو عەلی عەسكەری كە فەرماندەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵڵایە، هەڕەشەی لە مستەفا كازمی كرد كە ناهێڵن ئەم كارەی بە ئاسانی بۆ بچێتە سەر، هەروەها تۆمەتباری كرد بەوەی بەكرێگیراوی ئەمریكایەوە، خوێنی فەرماندە قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیشی بەفیڕۆ داوە، ئێستاش كەتیبەكانی حزبوڵڵا كردۆتە ئامانج.

لەلایەكی دیكەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارەكانی حزبوڵڵا چونەتە سەر شەقامەكانی بەغداد، بەڵام دواتر پاشەكشەیان كردووە.
لە دواین پێشهاتیشدا نوری مالیكی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، لە تویتێکدا لەبارەی رووداوی هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبوڵڵای عێراق لە بەغدا، داوایكرد هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و دەڵێت، نابێت دامەزراوەکانی دەوڵەت لە "شکۆی" حەشدی شەعبی کەمبکەنەوە و پێشێلکاری لە دژیان بکەن.
تویتەکەی نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بە رووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هەڵکوتانە سەر بارەگایەکەی حیزبوڵڵای عێراق لە بەغدا دەکات کە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقەوە ئەنجامدرا.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی