بەغداد، بە چەك كردنی میلیشیاكان ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ کانی لەگەڵ واشنتن دەكات

بەغداد، بە چەك كردنی میلیشیاكان ئامادەکاری بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ کانی لەگەڵ واشنتن دەكات

272 خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ گەڕی دووەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عیراق، سەردانی واشنتن دەكات و لەسەر دۆسیەكانی سەروەری عیراق و قەیرانی دارایی و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و چەككردنی میلیشیاكان گفتوگۆ دەكەن.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عیراق ئاشكرای كرد، كە مستەفا كازمی لە مانگی تەموزی داهاتوودا سەردانی واشنتن دەكات، ئامانجی سەردانەكەش درێژەدانە بە دانوستانی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.
كازمی لەسەردانەكەیدا چەندین دۆسیەی گرنگ باس دەكات، لە نێویشاندا پرسی چەك تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، لەگەڵ پێكدادانی لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

پێكدادان لەگەڵ گروپە چەكدارەكان:
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە جۆرێك لە پێكدادان لە نێوان مستەفا كازمی و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ڕوویداوە، دواین ڕووداویش ئۆپراسیۆنێكی حكومەتی عیراق بوو بۆ سەر چەكدارەكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، كەتۆمەتبار دەكرێن بەوەی بەرپرسن لە هەڵدانی چەندین موشەك بۆ ناوچەی سەوز و بە ئامانج گرتنی كونسوڵخانە و نوسینگە دیپلۆماسیە بیانیەكان، ئەم هەنگاوەی حكومەت ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەتوانێت دەست بۆ ئەو كارانە بەرێت، كە كابینەكانی پێشووتر بەهەر هۆكارێكەوە بێت دەستیان بۆی نەبردووە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتەكەی كازمی دەڵێت:" گفتوگۆی داهاتوو باس لەو هاوكاری و پاڵپشتیانە دەكرێت،كە واشنتن پێشكەشی عیراقی دەكات بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی حكومەتدا بێت"، كە مەبەست لە چەك كردنی گروپە نزیكەكانی سەر بە ئێرانن، بەڵام عەبدولكەریم هاشم سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری عیراقی ئاماژە بەوە دەكات كە دانوستانەكە پەیوەستە بە بەرنامەكانی ئامادەكردن و مەشق و چەك و هەندێك لایەنی هونەری.

،،

حكومەتی عیراق چەندین جار ئەوەی دووپات كردۆتەوە، كە نابێتە بەشێك لە ململانێی وڵاتان، بەڵكو دەیەوێت لەگەڵ تاراندا پەیوەندییەكی سەقامگیری هەبێت ،بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا بێت.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد كە" چەك كردنی گروپەكان لە كارە لە پێشینەكانی حكومەتی عیراقە، چونكە پەیوەستە بە شكۆی حكومەت و سەقامگیری وڵات، ئەمە جگە لەوەی كە هەڵبژاردنی داهاتوو ناتوانرێت بە باشی و پاكی بەڕێوە بچێت، ئەگەر چەك تەنها لە دەستی حكومەتدا نەبێت، هەروەها حكومەتەكەی كازمی دەیەوێت شیاوی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق نیشان بدات، پێش ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریكیەكان دابنیشێت".

سەروەری عیراق لە پەیوەندییەكانیدا:
حكومەتی عیراق نایەوێت لەگەڵ تاراندا بچێتە دۆخی دوژمنداریەتیەوە، بەڵام دەیەوێت دووبارە سنوری پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا دابڕێژێتەوە، هەروەها پەیام بۆ تارانیش بنێرێت، كە بەرژەوەندییەكانی پەیوەستە بە عیراقێكی بەهێزەوە كە پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوە هەبێت، ئەم بۆچوونە لەلای گروپە چەكدارەكان ڕەتكراوەیە و دەیانەوێت وەك لایەنێكی چالاك بەشداربن لە پەیوەندییە دەرەكیەكانی عیراقدا.
ئیحسان شەمەری سەرۆكی سەنتەری بیروبۆچوونی سیاسی دەڵێت:" لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو لایانانەی كە تۆمەتبارن بە هەڵدانی موشەك ، كارێكی گرنگ و پێویستە، چونكە بوونی چەك لە دەستی دەرەوەی حكومەت دەبێـتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی".
دەشڵێت:" كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وای لە ئەمریكا كرد، كە عیراق وەك وڵاتێكی بێ متمانە سەیر بكات، كە پەیوەست بێت بە ئێرانەوە، بەڵام كازمی دەیەوێت ئەو لاسەنگیە ڕێك بكاتەوە كە پێشتر لەدەستی دابوو".
هەروەها كردنەوەی پەیوەندیەكی باش لەگەڵ سعودیە و كوەیت، دەبێتە هۆی ئەوەی كە واشنتن متمانەی زیاتر بە عیراق بكات، چونكە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، هەروەها لەوەیە ئێرانیش لەوە تێبگات، كە بەرنامەی حكومەتی نوێی عیراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و دەیەوێت كەمترین زیانی بەربكەوێت.

وادەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا:
سەرەڕای ئەوەی كە لە گەڕی یەكەمی دانوستانەكاندا هەردوو حكومەتی بەغداد و واشنتن لەسەر كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا ڕێك كەوتن، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی و گروپە چەكدارەكان سورن لەسەر ئەوەی كە وادەیەك بۆ كشانەوەی هێزە بیانیەكان دابنرێت، ئەمەشیان وەك مەرجی قبوڵ كردنی ئەنجامی دانوستانەكە داناوە.
گروپە چەكدارەكان لەو باوەڕەدان كە پێویستە سەردانە چاوەڕوان كراوەكەی كازمی بۆ واشنتن بۆ ئەوە بێت كە خشتە و وادەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دابنێت و دواتریش بە ئاشكرا ئەمە ڕابگەیەنێت، بەڵام دانوستانەكانی ئەمجارە زیاتر بۆ ئەوەیە كە ئەمریكا شەرعیەت بە مانەوەی خۆی لە چەند بنەكەیەكی سەربازی بدات،ئەم كارەش لای گروپەكان بە تەواوەتی ڕەتكراوەیە،چونكە ئەوان بەهیچ شێوەیەك نایەنەوێت ئەمریكا و ئێران وەك یەك حاڵەت سەیر بكرێن.
كازمی دۆخی ئێران دەقۆزێتەوە:

،،

قەیرانی ئابوری و دابڕانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە ئێستا تاران تیایدا دەژی، دوو پاڵنەرن كە كازمی دەیەوێت وەبەرهێنانیان تێدا بكات و بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانی بیقۆزێتەوە، هەروەها دەتوانێت وەبەرهێنان لە بەڵێنەكانی سعودیە و كوەیت بكات بەوەی لە دۆسیەكانی گەشەی ئابووری و وزە هاوكاری عیراق بكەن


مونقزداغر سەرۆكی كۆمەڵەی (المستقل) بۆ لێكۆڵینەوە دەڵێت:" گرنگترین كار كە كازمی ئەنجامی بدات ئەوەیە، كە پێش ئەوەی بڕوات بۆ واشنتن دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دامەزراوە و خاكی عیراقدا گرتبێت.
دەشڵێت:" ئەمریكا كێشەی لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبیدا نیە، بە مەرجێك لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن و فەرمانیش هەر لەئەو وەربگرن، كێشەی ئەمریكا ئەوەیە كە عیراق لە بڕیارە سیاسی و ئابورییەكانی سەربەخۆ بێت،هەروەها هێزە ئەمنیە فەرمیەكان ئاسایشی ولات لەئەستۆ بگرن".