سیناریۆکانی دوای هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژی نفوزی ئێران لەسوریاوناوچەکەو چارەنوسی کورد

سیناریۆکانی دوای هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژی نفوزی ئێران لەسوریاوناوچەکەو چارەنوسی کورد

673 خوێندراوەتەوە

د.هاوار کمال میرزا
ئیسرائیل بەتەواوی هێزی کاردەکات دەروازەی نفوزی ئێران لە سوریاو ناوچەکە گەمارۆبدات و لەهەمان کاتدا بازنەی ململانێ و لێدان لە بنکەو دەستڕۆیشتوویی ئێران لە سوریا، عێراق و لوبنان فراوانترو تووندتربکات.


هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن لەگەڵ خۆڕێکخستنەوەی هێزەناوخۆییەکانی سوریا دژی هێزەکانی بەشار ئەسەدو ئێران و حزبوڵڵا، هاوپەیمانێتی یەکی نێودەوڵەتی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی 2020 ی ڕابگەیەندرێت، بەئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی نفوزی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەدیاریکراوی سوریا، بەڵام لەبەر قەیرانی کۆرۆنا، کە جیهانی تەنیوە، لەگەڵ نەیاری ڕوسیا بۆ ئەم هاوپەیمانێتی یە تا کۆتایی ساڵی 2020 بەهۆی ئاڵۆزیی مەلەفەکانی ململانێی لەگەڵ ئەمریکادا. هەروەها یاریکردنی تورکیا لە نێوان بەرەی ئەمریکاو ڕوسیا و ئەو شەڕووهەڵڵایەی بەناوی زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆری ئال عوسمان و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و جێگەپێ دانان لە لیبیاو بە ئاشکرا داواکردنی ویلایەەی موسڵ و پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوڕدستان و بەم دواییەش هێرش بۆسەر سنورەکانی باشوری کوردستان بە بیانوی ڕاودونانی پەکەکە...هتد، دۆزەخێکی بۆ پلانداڕێژەران و ڕاوێژکارانی فەرماندەیی هێزی ناوەندی(سنتکۆم)، کە بەرپرسیاری بەرژەوەندی ئامریکایە لە ناوچەکە، درووستکردووە.


لەسەر ئاستی ناوخۆی سوریا، هێزە لۆکاڵییەکان بە پشتیوانی ڕوسیا، لە خۆڕێکخستنەوەدان لە کوتلەیەکی سەربازیی یەکگرتوودا دژی نفوزی ئێران و حزبوڵڵاو هاوپەیمانەکانیان. لەلایەکی ترەوە لە دڵی نفوزی ئێراندا واتە ناوەڕاست و بادییەی سوریا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2020، هێزێکی نوێ بەناوی پاسەوانی عەهدی نیشتیمانی دامەزرا، کە سەربە ئەنجومەنی سەربازی ناوەڕاست و بادییەی سوریایەو بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی سوریا پشتیوانی ماددی و لۆجستی دەکات.

،،

ئەم هێزە لە ڕاگەیاندننامەی دامەزراندنیدا بەڕوونی ئاماژەیکردووە، کە:"ئامانجی وەدەرنانی ئێران وحزبوڵڵاو باڵەکانی تری نفوزی ئێرانەو هەروەها پارێزگاری لە سنوری سوریاو عێراق بەدرێژایی (٣٠)کم بۆ ڕێگرتن لە دزەکردنی تێرۆریستان و بەقاچاخبردنی چەک و ماددەی هۆشبەر بۆ سوریا".


لەلایەکی ترەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆتایی حوزەیرانی 2020 ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕوبەڕوی سێ ئاڵنگاریی سەرەکی بۆتەوە، بێ چاوپۆشین و بەتوندیی دژی کاردەکەن، ئەوانیش:"
یەکەم: بەبەردەوامی ڕێگە دەگرین لە هەوڵەکانی ئێران و عەمیلەکانی بۆجێگەپێ دانان لە سوریا و پێویستە سوپای ئێران وڵاتی سوریا جێبهێڵێت.
دووەم: دژایەتی هەوڵەکانی دوژمنانی ئیسرائیل بۆ پەرەپێدانی موشەکە زیرەکەکانیان لەسوریاو لوبنان و ناوچەکانی دیکە(وەک عێراق وفەلەستین بێ ناوهێنانیان).
سێیەم: لەهەمووی گرنگتر ڕێگە نەدەین ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی".


ئەمریکا یاریکەرێکی چالاکی تێکدەری زۆرێک لەو سناریۆیانەیە کەدژی بەرژەوەندیی واشنگتۆن و تەلئەبیبە. لەئێستادا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازو ئاڵۆزدایە. ستراتیجی واشنگتۆن لە ئێستادا ئەوەیە نایەوێت دەستێوەردانی سەربازیی لەسوریا بکات،حاڵەتی زۆر ناچاریی نەبێت و پشتی بەستووە بە سیاسەتی فشاری دیپلۆماسی سەربازیی و سزای ئابووریی و لێدانی پچڕپچڕ وەک هۆشداریی بۆ ڕێگرتن لە بەکارهێنانی چەکی یاساغکراو. ئەم ستراتیجە کارپێکراوەی کۆشکی سپی و پێنتاگۆن بەس نین بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی قەڵەمڕەوی ئێران لە سوریا بەبێ یارمەتی ڕوسیا. ئەمە لە کاتێکدایە کرملین یاری بە کات دەکات و نایەوێت نە واشنگتۆن بکاتە دوژمنی خۆی، نە تاران بکاتە گورگانخواردووی هاوپەیمانێتییەکی ئەمریکی- خەلیجی، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.


دۆخێکی وەها سوریای خستۆتە بەردەم چەند سیناریۆی پێشبینیکراواوە. بە کورتی ئاماژەی پێدەکەین:
سیناریۆی یەکەم / ڕێگای دانوستان و گفتوکۆ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی پشتگیری لێکراوە، سەرەڕای دابەشبونی ڕکابەرەکانی گۆڕەپانی سوریا. ئەم ڕێگایە تائێستا بێ ئاکام بووەو هەر لە دەستپێشخەری جامیعەی عەرەبی بە وەستانی جەنگ و بەردانی گیراوان و ئازادی خۆپیشاندان و کارکردن بە ئاڕاستەی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات...هتد، تا بەیاننامەی جنێف و نێوەندگیری ستیڤان دیمستۆرا...هتد. لەبەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا بەشار ئەسەدو هاوپەیمانەکانی ڕێگای سەربازییان هەڵبژارد بۆ بەلاداخستنی ململانێکانی گۆڕەپانە داگیرساوەکەی سوریا.


سناریۆی دووەم / کەناڵی ڕوسی یە، ئەویش،دوای دەرچونی بڕیاری سەرکۆنەی ڕژێمی سوریا لەبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و جێبەجێ نەکردنی قانونی قەیسەر، سەبارەت بە پێویستی وەڵامدانەوەو هەوڵدانی جدیی بۆ گۆڕانکاریی سیاسی لە دەسەڵاتدا لەو ماوەی کە ئیسرائیل دیارییکردووەو تاکو مانگی تەممووزی 2020 ، کە لە ناوخۆی سوریادا ڕەوشێکی ناسازی بۆ ڕوسیاو ئێران وهاپەیمانەکانی هێناوەتەئاراوە. ئەگەر ڕوسیا توانی داخوازییەکانی قانونی قەیسەر پشتگوێ بخات، ئەوادۆخی سوریا تاکو ماوەیەکی درێژ بەم جۆرە دەمێنێتەوە و دابەشکردنی نفوز دەبێتە ڕاستییەکی کرداریی و لێرەوە، ئەمریکا کیانێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەسەپێنێت و تورکیاش کیانێکی ئیخوانی لە باکور( ڕۆژئاوای فورات و ئیدلب). تورکیا ئەوپەڕی هەوڵی دەدات ۆ بچوککردنەوەی سنوری ئەودەوڵەتە کوردییە، لەپاڵ ئەوەشدا کوردەکان لە ناوچەکانی تر ڕاودەنێت بەرەو سنوری کیانە کوردییەکە بۆ کێشە دروستکرن بۆی و گۆڕینی دیمۆگرافیای سنوری کورنشینی تورکیا بۆ عەرەبی سوننە مەزهەب. پاشان پێکهێنانی کیانێکی عەلەوی لە کەناراوەکانی سوریا، کە لە ئێستادا وردەوردە سەربەخۆیی لە ڕژێمی ئەسەد بەهێزتر دەکات و کێڵگەی نەوت و غازی لێ یەو ڕوسیا پشتگیری لێدەکات، ڕامی مەخلوف لەسەرئەم هێڵە کاردەکات و توانیویەتی نفوزی ئێران دووربخاتەوە بە هاریکاریی ڕوسیا. لە کاتێکدا ناوەڕاست و بادییەی سوریا دڵی گۆڕەپانی نفوزی ئێرانی یە، کە تەلئەبیبی وەزاڵەهێناوەو ئیسرائیل دەترسێت ببێتە سەکۆی موشەکی زیرەکی دوورهاوێژ لە داهاتوودا دژی ئیسرائیل.


سیناریۆی سێیەم/ لەم سیناریۆیەدا ئیسرائیل کاراکتەری سەرەکییە، چونکە تەلئەبیب توڕەیە لە قەڵەمڕەوی ئێران لە سنوری لەگەڵ سوریادا، ئیسرائیل دوای بێلایەنکردنی ڕوسیا لە ململانێی لەگەڵ نفوزی ئێران، یەکێک لەم دوو هەنگاوە دەنێت.


۱- تێکدانی ئارامی ڕژێمی سوریاو سەراوبنکردنی دۆخەکە بەسەر داگیرکاریی ڕوسی-ئێرانی لە سوریا، بە ئەنجامدانی کودەتایەکی عەلەوی یان ئیسرائیل هەڵدەستێت بە پڕۆسەیەکی غافڵکوژی(اغتیالات)ی فراوان، هەتا کەسە دیارەکانی ڕژێمی ئەسەد بگرێتەوە، بۆ ناچارکردنی ڕوسیا بە قبوڵکردنی ئەو بژاردەی خستویەتییەڕوو بۆ کرملین. ئەم سینارۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتودا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامبدرێت، تاکو ئێران ناچاربکرێت نفوزی لە سوریا کۆتایی پێبهێنێت. بێ گومان لەمەشدا ئیسرائیل بەبێ ڕەزامەندی ئیدارەی ئەمریکا ناتوانێت هەنگاوی کرداریی بەرهەمداری هەبێت.


۲- ئیسرائیل هەڵدەستێت بە داگیرکردنی باشوری سوریا بەهێزی زەمینی، بە بیانوی پارێزگاریی لە سنورەکانی و سەپاندنی دوورخستنەوەی مەترسی نفوزی ئێران لە خۆی، بەلایەنی کەمەوە بە دووریی(١٠کم)، کە ڕووسیا بەڵێنی پشتگیری ئەوەی داوە.


لە هەمان کاتدا گریمانەی ئەوە هەیە، لەگەڵ هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشوری سوریا، ناوچەیەکی ئازاد لە باشوری سوریا بە یارمەتی وڵاتانی عەرەبی سوننە، بەتایبەتی سعودیەو ئەردەن درووستبکرێت و بکرێتە سەکۆی چاودێرییکردنی ململانێ لەگەڵ ئێران بە ئاڕاستەی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سوریاو هەوڵدان بۆ گرتنی دیمەشق، حمص و بادییەو گەیشتن بە سنوری عێراق. ئەم سیناریۆیە ململانێیەکی ڕاستەوخۆی کراوە لەگەڵ نفوزی ئێران دەکاتەوە، بە بەکارهێنانی عەرەبی سوننەی باشورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو ڕۆژئاوای عێراق، بەوەکالەت دژی نفوزی ئێران و هاوپەیمانەکانی، کە بەردەوامی دەبێت. ئاماژەی وردە هەن، کە هێشتا لەقۆناغی سەرەتادان، بەڵام پەرەسەندنی خێران بۆ ڕوودانی ئەم بژاردەیە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەم.


لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: هەریەکێک لەم دوو بژاردەیەی خوارەوە، چارەنووسی سوریاو نەخشەی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی دەکات بۆ چەند ساڵی داهاتوو:
بژاردەی یەکەم: یەکێتی خاکی سوریاو ڕاستەوخۆ دووبارە بونیاتنانەوەی و چارەسەری سیاسی لەنێوان دەسەڵاتی نوێ و گەلی ڕاپەڕیوی سوریاو هاریکاریی لەگەڵیان بۆ وەدەرنانی نفوزی ئێران لەگەڵ گەرێنتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا، ئەگەر بێلایەن بوو. ئەمە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات.


بژاردەی دووەم: ئارەزووی نێودوڵەتی بۆ بەردەوامیی بەکارهێنانی سوریا وەک گۆڕەپانێکی ڕەتاندنەوەو ململانێ بە دەستی ئەوانیترو بەڕاستەوخۆیی. هەروەها دابەشکردنی ناوچەی نفوز، ئەمەش واتە مردنێکی لەسەرخۆی سوریا وەک دەوڵەت. لەژێر ئاگری جەنگ و سزاکانداو دەرکەوتنی نەخشەی دابەشکردنی نوێی سوریاو‌ هەتا لوبنان و عێراقیش، لە پاڵ ئەوەدا وەڵامی هێرشی سەربازیی بۆسەر نفوزی ئێران و وەدەرنانی بە هێز....هتد.. ئەم بژاردەیە نزیکترە لە ڕوودان، ئەگەر ڕوسیا نەیەتەژێرباری داخوازی ئیسرائیل و دەست بە بەشار ئەسەدەوە بگرێت لەسەر کورسی دەسەڵات، ئەمەش هاوکێشەکان سەروبن دەکاتەوە لە مەودایەکی ستراتیجی فراوانتردا، کە ڕەنگە دابەشکاریی ئەم جارەو گۆڕانی نەخشەی ناوچەکە، سایکس- بیکۆ - سازانۆڤ، تێپەڕێنێت.