كازمی داوا لە توركیا دەكات بەزووترین كات هێرشەكانی بۆ سەر خاكی عێراق ڕابگرێت

كازمی داوا لە توركیا دەكات بەزووترین كات هێرشەكانی بۆ سەر خاكی عێراق ڕابگرێت

365 خوێندراوەتەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەكی لەسەر دەستدرێژی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بڵاو كردەوە و داوای لەو وڵاتە كرد بە زووترین كات هێرشەكانی ڕابگرێت.

،،

ئەحمەد مەلا تەڵاڵا وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا وتی:" هێزەكانی توركیا ماوەیەكی زۆرە و چەندین جار دەستدرێژیان كردۆتە سەر خامی عیراق،ئێمە ڕەتی دەكەینەوە و بەتوندی ئەو كارانەئیدانە دەكەین، كە زیان بەپەیوەندی پتەو و دورودرێژی نێوان هەردوو گەلی برا دەگەیەنێت".


مەلا تەڵاڵا داواشی كرد كە" بە زووترین كات ئەو هێرشانە ڕابگیرێت، كە زیان بە ئاسایشی هەرێمی دەگەیەنێت، ئەمە جگە لەوەی هێرش كردنە بۆ سەر سەروەری و گیان و ماڵ و موڵكی عێراق".


وتەبێژی مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەش دا كە" حكومەتی عیراق دوو پەیامی ناڕەزایی داوە بە باڵیۆزی توركیا لە بەغداد، كە بەزمانێكی توند نوسراوە، لە پەیامەكەدا دووپاتمان كردۆتەوە كە پەنا بۆ لایەنی یاسایی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان دەبەین، كە ماف بە عیراق دەدات ئەو دەستدرێژیە ڕەت بكاتەوە و ڕایبگرێت".


ڕاشیگەیاند" لە زیانە مادی و گیانیەكان، لایەنی توركی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەمە جگە لەوەی دەستدرێژیە بۆسەر سەروەری عیراق،بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین چەندین هەنگاو بۆ ئاسایشی ناوچەكە بگرێتە بەر، هەروەها پاڵپشتی عیراق بكات لەوەی سەروەری خۆی بپارێزێت لەگەڵ پاراستنی خاكی و ئاسایشی گەلەكەی".


وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای كرد كە بە زووترین كات ئەو پێشێلكاریانە ڕابگیرێت، كە بۆتە هۆی بەزاندنی سەروەری عیراق، هەروەها بەهۆی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەكانی توركیا ئاسمانی عیراق بەزێنراوە و قوربانی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا لێكەوتۆتەوە.


لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ڕایگەیاند كە وەزارەتەكەیان پەیامێكی توندیان ئاڕاستەی باڵیۆزی توركیا لە بەغداد كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە كە پێویستە پابەندی یاسا و پێودەنگە دیپلۆماسیەكان بن، هەروەها پەیامممان پێداون كە ناكرێت تەحەدییەكان بە ئۆپراسیۆنی یەك لایەنە ڕووبەڕووی ببینەوە.


سەحاف وتیشی:" لە پەیامەكەماندا بە باڵیۆزی توركیامان ڕاگەیاندووە، كە عیراق مافی بەرگری لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی هەیە،هەروەها دەكرێت داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەین كە لە پاڵ عیراقدا بوەستن دژی ئەو دەستدرێژیانە".

،،

لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوای لەلایەنی توركی و پارتی كرێكارانی كوردستان كرد كە خامی هەرێمی بۆ هێرش كردنەسەر یەكتری بەكارنەهێنن.


هەروەها یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كە دژ بە پێشێلكارییەكانی توركیا بوەستن، هەروەها داوای لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق كرد كە سكاڵای فەرمی دژی توركیا تۆمار بكەن.