عێراق و توركیا تەنگیان بە كورد هەڵچنیوە

مەترسی لەسەر دەسەلآتی هەرێم هەیەو ٥۰ گوند لەسنوور چۆڵکراون

عێراق و توركیا تەنگیان بە كورد هەڵچنیوە

1194 خوێندراوەتەوە

بڵاوبونەوەی هێزە عێراقییەكان لەناوچە كوردییەكان، ترس و دڵەڕاوكێی لای هاوڵاتیانی هەرێم دروستكردووە، بەڕادەیەك دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان كە كوردن، شوێنەكانیان چۆڵكردووەو ترسیان لەدروستبونی روبەڕوبوونەوەی چەكداری و شەڕی نێوان هێزەكان هەیە كەئێستا لەناوچەكە جێگیرین.

،،
دوای هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ قوڵایی هەرێمی كوردستان، عێراقیش بڕیاریدا هێزی سەربازی لەو ناوچانە جێگیر بكات، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای كورد دروستكردووە كە لەو ناوچانەدا ژیان بەسەر دەبەن، بۆیە ژمارەیەك گوند لەو ناوچانە چۆڵكراون و لەترسی رووبەڕووبونەوەی نێوان هێزە جێگیرەكان، ژیان لەو ناوچانەدا وەستاوە.

سوپای توركیا بە پاساوی لێدانی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناوچەی زاخۆ بڵاوبونەتەوە، عێراقیش لەناوچە سنورییەكانی هەردوو ناحیەی باتیفاو دەركار لەسنوری قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك جێگیركراون، عەمید یەحیا رەسول وتەبێژ بەناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە دیپلۆماتیكی راگەیاند"بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەكانی وڵاتمان، بەفەرمانی راستەوخۆی بەرێز مستەفا كازمی هێزەكانمان كە خۆی لە پاسەوانی سنور دەبینێتەوە، رەوانەی ناوچە سنوریەكان كردووە."

بونی هێزی چەكداری عێراق و توركیاو چەكدارانی پەكەكەش لەو ناوچانە، ترس و دڵەڕاوكێی لای كوردەكان دروستكردووە، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە 50 گوند لەو ناوچانەی باسكران چۆڵكراون، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیپلۆماتیكی وت "بەدڵنیاییەوە بونی ئەو هێزانە ترس و دڵەڕاوكێی دروستكردووە، 50 گوند چۆڵكراون و تا دێت ترسی زیاتر بڵاودەبێتەوە، بۆیە باشترە پەكەكە بەرێكەوتن لەگەڵ توركیا كێشەكانی چارەسەر بكات."

جگەلە هاوڵاتیانی سڤیلی كورد، دەسەڵاتی كوردی لەناوچەكەدا لەمەترسیدایە، بەتایبەت پاش ئەوەی بەغدا لەڕووی ئابورییەوە فشاری لەسەر هەولێر دروستكردووە، عەلی كەریم وەك چاودێری سیاسی، بە دیپلۆماتیكی وت "لەدوی ریفراندۆمەوە، فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی كوردستان دروستبووە، بۆیە رەنگە جوڵەپێكردنی ئەم هێزانە مەترسی بۆ هەرێم دروستبكات."

،،

ئەگەرچی ئەو ناوچانەی هێزی عێراقی تێدا بڵاوكراوەتەوە، لەرووی ئیدارییەوە سەربە هەرێمە، بەڵام عێراق بێ گەڕانەوە بۆ كورد، جوڵەی بە هێزەكانی كردووە، جەبار یاوەر لەوبارەوە وتی "تەنسیق لەگەڵ ئێمە نەكراوەو ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە." رەسولیش لەوبارەوە وتی "خاكی خۆمانەو هەركات بمانەوێت تێیدا بڵاودەبینەوە، پرسی ناوێ و ئێمە بؤ پاراستنی ناوچەكە لەوێین."


ئێستا كە ئەو هێزانە لەناوچەكە جێگیرن، گومانی ئەوەی لای كورد دروستكردووە كە رەنگە سوپای توركیاو عێراق رووبەڕووی یەك ببنەوە، بەڵام یەحیا رەسول پێی وایە كە عێراق بەهیچ جۆرێك روبەڕووی توركیا نابێتەوەو بۆ ئەوە نەهاتووە رێگری بكات، ئەركی ئەو هێزەی جوڵێنراوە، تەنها پاراستنی ناوچە سنورییەكانە لەمەترسی."

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێم سزای دارایی و سیاسی و سەربازی لەسەر دەسەڵاتی كوردی دروستبووەو تا دێت هاوڵاتیانی هەرێم ترسی لەدەستدانی قەوارەكەیان زیاد دەكات و دۆخیان بەرەو خراپی دەچێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنووس