لەنێوان ورچ و هەڵۆکەدا ، سەدەیەک لە ململانێ 

لەنێوان ورچ و هەڵۆکەدا ، سەدەیەک لە ململانێ 

1057 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ، ئەو چاکسازی و بەرەو مۆدێرنە بردنەی قەیسەری ڕوسیا - ڕۆمانۆڤ دەستی پێکرد . کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر ئابووری و پیشەسازی ڕوسیادا هێنا . بوژانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی و فەرهەنگی لە ڕوسیادا هێنایە دی .

سەیر لەوەدایە ، لەو کاتانەدا هەرسێ ئامۆزاکە : قەیسەری ڕوسیا ، قەیسەری ئەڵمانیا ، پادشای ئینگلاند کە کوڕانی یەک خێزانی شاهەنشاهی ئەوروپی بوون ، هەرسێکیان ئامۆزای یەکتر بوون ، لەناو خۆیاندا جەنگێکیان بەرپا کرد کە جەنگی جیهانی یەکەم بوو .

بردنەوەی ڕوسیا لەو جەنگەدا ، هەر نەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانی و فەرەنساییەکاندا شێوە و شێوازی ئابووری - سیاسی جیهانی دەگۆڕی . لەم سیستەمە ئابووریەی ئێستای نەدەکرد کە سیستەمی ئابووری ئەمریکایی زاڵە بەسەر دنیادا.

لە کۆتا ساتەکانی جەنگدا . لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ، بە یارمەتی زلهێزەکانی دنیا ، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا ، شۆرشی سوور - کۆمۆنیستەکان لە ڕوسیادا بەرپابوو.بەلشەفیکەکان دەستەڵاتیان گرتە دەست . لەهەموو پەیمان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانی ڕۆمانۆڤ پاشگەزبوونەوە . دەستیان لە بەشە براوەکەی ڕوسیا لە جەنگەکەدا هەڵگرت . سیزینۆڤ - وەزیری دەرەوەی ڕوسیای قەیسەری ، لە یاداشتەکانیدا ئەو شۆرشە بە خیانەت ناودەبات کە لە ڕوسیا کراوە . لەبەر ئەوەی هیچ نەبێت پرۆتۆکۆلی بەریتانی - فەرەنسی بەناوی سایکس -بیکۆوە لە ساڵی ١٩١٥ ەوە سێ قۆڵی بووە لە نێوان سایکس و بیکۆ و سیزینۆڤدا . بەلشەفیکەکان بە کشانەوەیان لە دوا ساتەکانی جەنگدا ، بە پێ ی گێڕانەوەی سیزینۆڤ ،کشانەوە بووە لە بەشی براوەی ڕوسیا لەبەشەکەی خۆی . کە خۆرئاوای تورکیا و باکووری ئێران و کوردستان لە دابەشکردنەکەدا بەر ڕوسیا کەوتووە . بەلشەفیکەکان بە هاندان و پلانی ئەمریکی - بەریتانی دەستیان لێهەڵگرتووە . کەسی وەزیری دەرەوەی بەلشەفیکەکان ( ترۆتسکی ) ڕۆڵی تایبەتی هەبووە لەو خیانەتەدا کە بەرانبەر بەڕوسیای قەیسەری کراوە .
،،

ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ( سوریا - ئێران ) بەریەک کەوتنی ڕاستەخۆی هێزی ورچ و هەڵۆکە ڕووبدات ، ڕاستەوخۆ ئەو بەریەککەوتنە لە ڕۆژهەڵاتەکانی ئاسیا و ئەوروپاشدا ڕووئەدات . بۆیە هەر جەنگێکی ڕاستەوخۆی ڕوسیا و ئەمریکا لەهەر یەکێک لەو رۆژهەڵاتانەدا بقەومێت . دەبێتە جەنگێکی جیهانی گشتگر ، ڕاگرتنەوەی مەحاڵ دەبێت .


لە دابەشکردنەوەی دووەمی جیهاندا ، کە لە ئەنجامی جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستی پێکردووە . یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا تا ساڵی ١٩٨٩ و ڕوخانی دیواری بەرلین ، جیهانیان لەنێوان ورچەکەی ڕوسیا و هەڵۆکەی ئەمریکادا بەزۆربێت یان بە ئاشتی دابەشکردبوو . لەماوەی ئەو شەست ساڵەی ململانێ ی نێوان بلۆکی خۆرهەڵاتی ( سۆسیالیزم - پەیمانی وارشۆ) و بلۆکی خۆرئاوایی ( کەپیتالیزم - پەیمانی ناتۆ ) جیهان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی ترسناکدابووە کە جەنگی ئەتۆمی نێوان ورچ و هەڵۆکەیە .چەندین جار مەترسیەکان گەیشتوون بە ئاستی تەقینەوە : لە جەنگی کۆریادا ١٩٥٦ . کێشەی کەنداوی بەراز (کوبا ) ١٩٦١ ، ڕاپەرینەکانی پراگ ١٩٦٨ . جەنگی حوزەیران ١٩٧٣ ئیسرائیل و عەرەب .. هتد . بەڵام لە دوا ساتەکاندا توانیویانە کۆنترۆڵی توڕەییەکانی هەردوولا بکەن . 

بۆ ماوەی بیست ساڵ ، لەپاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتەوە ، ئەمریکا بڕیاردەری تاک لایەن و تاک ڕەوی جیهانە . لەسەردەمی فلادیمیر پۆتیندا ، ورچەکەی ڕوسیا جارێکی تر خەبەری بۆتەوە ، داوای بەشەکەی خۆی دەکاتەوە لە هەڵۆکەی ئەمریکا . 

ئەمریکا ئامادە نیە هەروا بەئاسانی دەستەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر جیهاندا لەگەڵ ورچە هەستاوەکەی ڕوسیادا بەش بکاتەوە . بۆیە لە ئێستادا سێ پنتی ململانێ ی ترسناک لەنێوان ئەو ورچ و هەڵۆیەدا چەقی دابەشکردنەوەی هێزە لە نێوانیاندا . 

ئەو سێ پنتە کە بە تەوەرەکانی ڕۆژهەڵات ناسراوە : ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ( کۆریای باکوور ) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( سوریا - ئێران ) ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ( ئۆکرانیا - پۆلۆنیا ) 
،،
ئەمریکا ئامادە نیە هەروا بەئاسانی دەستەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر جیهاندا لەگەڵ ورچە هەستاوەکەی ڕوسیادا بەش بکاتەوە . بۆیە لە ئێستادا سێ پنتی ململانێ ی ترسناک لەنێوان ئەو ورچ و هەڵۆیەدا چەقی دابەشکردنەوەی هێزە لە نێوانیاندا . ئەو سێ پنتە کە بە تەوەرەکانی ڕۆژهەڵات ناسراوە : ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ( کۆریای باکوور ) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( سوریا - ئێران ) ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ( ئۆکرانیا - پۆلۆنیا ) 

ئەم رۆژهەڵاتانەی تەوەری ململانێ ی نێوان ورچ و هەڵۆکەن لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی گەورەدان کە لە هەرکامیاندا ئەو تەقینەوەیە ڕووبدات ، دەگاتەوە بە ڕۆژهەڵاتەکانی تریش . ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ( سوریا - ئێران ) بەریەک کەوتنی ڕاستەخۆی هێزی ورچ و هەڵۆکە ڕووبدات ، ڕاستەوخۆ ئەو بەریەککەوتنە لە ڕۆژهەڵاتەکانی ئاسیا و ئەوروپاشدا ڕووئەدات . بۆیە هەر جەنگێکی ڕاستەوخۆی ڕوسیا و ئەمریکا لەهەر یەکێک لەو رۆژهەڵاتانەدا بقەومێت . دەبێتە جەنگێکی جیهانی گشتگر ، ڕاگرتنەوەی مەحاڵ دەبێت .

لێرەدا ڕۆڵی ناوەندە ستراتیژیەکانی ڕاوێژ و بڕیار لەهەر یەک لە ڕوسیا و ئەمریکادا یەکجار کاریگەرە . 

پرسیاری جدیش لەو ناوەندانە ، کە مایەی سەرسوڕمانە ، بۆچی هێزەکانی فشار لە جیهاندا ، کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆڤدۆستەکان ، لەم کاتانەدا بێدەنگن ؟ هیچ کاردانەوەیەکیان لە خۆرئاوا ( ئەمریکا - ئەوروپا) دا نیە ؟؟ لەکاتێکدا پێش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سیربیا یان عێراق ، ملیۆنەها خەڵکی ئاشتی خواز ، دە ڕژانە سەر شەقامەکانی واشنتۆن و ڕۆما و پاریس و لەندەن ... هتد . داوای ڕاگرتنی هەڕەشە و شەڕیان دەکرد . بەڵام لە کاتی مەترسی ڕوودانی جەنگێکی مەترسیداری وەک ئێستا ، لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە سوریادا بێدەنگن ؟؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارە لە سیستەمی فیکری جیهانی و تێڕوانینە فەلسەفیەکانی ئەم سەردەمەدایە کە پێدەچێت فیکر و فەلسەفەش لەم ساڵانەی دوایدا لە پاشەکشەی ئینسانی خۆیدابێت . لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە توندە ، گرژە ، قیناویەدا بێت کە لەنێو سیاسەت و مەزهەبی گەلانی دنیادا باوە . ڕەنگە وەک چۆن لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا تا بیستەکانی یەکەم گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر نەخشەی ئابووری - فەرهەنگی ، سیاسی دنیادا هێنا . سەرەتاکانی ئەم سەدەیەش لە پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەیانەدا بێت کە باجەکەی مرۆڤایەتی بەگشتی دەیدات .