ئایا سۆفیا... چیرۆكی ئەو مۆزەخانەیەی كە ئەردۆگان لە پێناویدا تەحەدای هەموو جیهان دەكات

ئایا سۆفیا... چیرۆكی ئەو مۆزەخانەیەی كە ئەردۆگان لە پێناویدا تەحەدای هەموو جیهان دەكات

921 خوێندراوەتەوە

دواین چەندین هۆشداری ناوخۆیی و دەرەكی و ئەوروپی و سوربوونی توركیا لەسەری، لە كۆتایدا ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەتی توركیا كە یەكێكە لە دادگا باڵاكانی ئەو وڵاتە، بڕیارێكی مێژوویی لەسەر مۆزەخانەی ئایاسۆفیا دەركرد و دووبارە كردیەوە بە مزگەوت،بۆ ئەوەی پێشوازی لە نوێژخوێنان بكات و قورئانی پیرۆزی تێدا بخوێنرێت و بانگی تێدا بدرێت، دووبارە گەڕاندنەوەی بۆ مزگەوت لە كاتێكدایە كە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت دەیەیە، بە فەرمانێكی مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا لە مزگەوتەوە كرابوە مۆزەخانە.


رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا لە مانگی ئازاری 2019 لە وتارێكیدا پێشیناری كرد كە ئایا سۆفیا بكرێتەوە بە مزگەوت و وتی:" پلان هەیە كە ئایا سۆفیا بگەڕێتەوە سەر ئەسڵی خۆی و بە مزگەوت ناو بنرێتەوە، وەك ئەو كاتەی لێبكردێتەوە كە سەدان ساڵە هەبووەو بینیاتنراوە".
چالاكوانانی ئیسلامی لەناو مۆزەخانەی ئایا سۆفیا هەر ڕوویان لە هەڵكشان دەكرد، بەتایبەت لەسەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا، هەروەها لە چەندین بۆنەشدا قورئانی پیرۆزیان تیایدا دەخوێند، لە 31ی ئایاری 2014 كۆمەڵەی " گەنجانی ئەنادۆڵ" چالاكیەكی نوێژی بەیانیان لەژێر دروشمی" بەرماڵەكەت ئامادە بكە و وەرە" لە حەوشەی مۆزەخانەكە ڕێكخست، ئامانج لەم چالاكیە بۆ گەڕانەوەی ئایا سۆفیا بوو لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت.
دوای نزیكەی 85 ساڵ لە پچڕانی لەگەڵ نوێژخوێنان،لە بەرنامەیەكی تایبەتدا كە سەرۆكایەتی كاروباری ئاینی لە توركیا ڕێكیان خستبوو، لە ساڵی 2016دا جارێكی دیكە لە بەیانیەكی شەوی قەدردا لەو مزگەوتەوە بانگ درایەوە، كە دەكەوێتە شاری ئەستەنبوڵەوە،هەروەها دەسەڵاتدارانی شارەكە لەم چوار ساڵەی كۆتایدا، لە چەندین ڕێوڕەسمدا ڕێگایان دەدا بانگی تێدا بوترێت، بەڵام ژوورێكی بچوكیان لە حەوشەی مۆزەخانەكە بۆ ئەو كارە تەرخانكردبوو، واتە لە ژووری مۆزەخانەكە بانگ نەدەدرا.


چیرۆكی مێژوویی ئایا سۆفیا:
مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بە یەكێك لە شوێنەوەرە جیهانیەكانی ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دادەنرێت، هەروەها ئەم مۆزەخانەیە پەیوەستە بە ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی مەسیحی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیسلامی، ئەمڕۆش بە یەكێك لە شوێنەوەرە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت، كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێدەكەن.


كەنیسەی ئایا سۆفیا لە سەدەی شەشەم لە سەردەمی بێزەنتی مەسیحی بنیاتنراوە، هەروەها بارەگای بەتریركی قوستەنتینیە(ئەستەنبوڵی ئێستا) بوو، بەڵام كاتێك عوسمانیەكان لە ساڵی 1453دا شارەكەیان داگیر كرد، سوڵتان محمەمەد فاتیح فەرمانی كرد كە كەنیسەكە بكرێت بە مزگەوت، هەروەها لەسەر قوبەی بێزەنتیەكانی شوێنی بانگدانی دانا.

،،

ئایا سۆفیا وەك مزگەوت مایەوە، تا دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی كۆماری توركیا، لە نیوەی سیەكانی سەدەی ڕابردوو كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری سیستەمی عەلمانی لە توركیا فەرمانی كرد كە مزگەوتەكە بكرێت بە مۆزەخانە و بەڕووی هەموو كەسێكدا بكرێتەوە.


ئایا سۆفیا بە شێوەیەكی زۆر هونەری و سەرنجڕاكێش بنیاتنراوە، كە دەكەوێتە ناوچەی سوڵتان ئەحمەد نزیك مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە ئەستەنبوڵ، مزگەوتی ئایا سۆفیا پێشتر كەنیسە بووە ، جستنیانی یەكەمی بێزەنتیەكان لە ساڵی 537دا دروستی كردوە، قوبەكەی چەندین جار ڕوخێنراوە یان ڕووخاوە، دواین جار لە ساڵی 1346دا دروست كرایەوە، هەروەها چەندین جاریش لەسەردەمی عوسمانیەكان نۆژەن كراوەتەوە.


ئایا سۆفیا بۆ ماوەی 916 ساڵ كەنیسەیەكی گەورە بووە، هەروەها 481 ساڵ مزگەوت و 85 ساڵیش مۆزەخانە بووە،كە بە گرنگترین مۆزەخانەی بیناسازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت،محمد فاتح شێوازی بیناكەی گۆڕی و گومەزی بۆ زیاد كرد، دواتر لەسەردەمی سوڵتان بایەزیدی دووەم گومەزێكی دیكەی بۆ زیاد كرا، بەڵام دواتر كەمال ئەتاتورك لە ساڵی 1934 كردی بە مۆزەخانە.

ئایا سۆفیا چۆن بووە ئامرازی ململانێی ناوخۆیی؟
لە ساڵی 2008دا، كۆمەڵەی خزمەتی ئەوقاف و شوێنەواری مێژوویی و ژینگەی توركیا، سكاڵایەكی لە دژی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی 1934 ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەتی توركیا كرد، كە لە بڕیارەكەیاندا ئایا سۆفیا-یان لە مزگەوتەوە گۆڕی بوو بۆ مۆزەخانە.


ئەم سكاڵایە قسەو باسێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە دادگا سكاڵاكەی ڕەتكردنەوە، بەڵام جارێكی دیكە لە ساڵی 2015دا هەمان سكاڵایان تۆمار كردەوە، لە سكاڵاكەیان ئاماژەیان بەوە كردبوو، ڕەتكردنەوەی ئایا سۆفیا كە نەكرێتە مزگەوت، پێشێلكارییەكی ڕوونی ئازادی ئاینیە.


لەو كاتەدا پارتەكانی " گەلی كۆماری، باش،ئایندە" پێیان وابوو ئەمە یاریكردنێكی پارتی دادوگەشەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها بە یاریەكی مەترسیداریان زانی، بەو پێیەی یاری كردنە بە هەستی هاوڵاتیان و ئاین بۆ مەبەستی سیاسی بەكاردەهێنرێت.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە دەنگ:
لەسەر ئاستی دەرەوە، كەیسی ئایا سۆفیە قسەو باسێكی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، هەریەكە لە یۆنان و ئەمریكا و ڕوسیا و بەریتانیا، هۆشداریان بە توركیا دا، كە ئایا سۆفیا نەكاتەوەبە مزگەوت، هەروەها بەرپرسانی ڕوسیا و كەنیسەی ئەرسۆدۆكسی ڕوسی هەمان هۆشداریان دا، بەو پێیەی ئایا سۆفیا" بەهایەكی پیرۆزی" لای ڕوسەكان هەیە.

،،

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، داوای لە توركیا كرد كە دەستكاری ئایا سۆفیا نەكات و وەك مۆزەخانە لە ئەستەنبوڵ بیهێڵێتەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" ئایا سۆفیا نزیكەی سەدەیەكە مۆزەخانەیە، بۆیە وەك ڕێز گرتنێك لە سروتی ئاینی كۆماری توركیا بە درێژایی چاخە جیاوازەكان، داوا لە توركیا دەكەین ئایا سۆفیا وەم مۆزەخانە بهێڵێتەوە و دەرگای بە ڕووی هەمواندا كراوە بێت".


بەڵام وەزارەتی دەرەوەی توركیا، هەموو ئەو هۆشداریانەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند" هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە بە هۆشداری دان باسی توركیا بكات، توركیاش خۆی ئازادی ئاینی بۆ هەموو كەسێك دەپارێزێت".


ئایا سۆفیا چیتری لێدەكرێت؟
بە بۆچوونی ئەنكەرە، گەڕأنەوەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، بە پشت بەستن بووە بە ڕاپرسیەك، ئەمە جگە لەوەی سود لە بریارێكی ئەنجومەنی دەوڵەت وەرگیراوە، كە لە ساڵی 2019دا بڕیاری دا مزگەوتی " كاریا" دووبارە بەڕووی نوێژخوێنان بكاتەوە، كە كرابووە مۆزەخانە، ئایا سۆفیاش هاوشێوەی ئەوە و كە بریارێكی ئەنجومەنی وەزیران لە مزگەوتەوە كراوە بە مۆزەخانە.


وا دیارە ئەم هەنگاوەی توركیا، بۆ ئەوەیە كە زۆرینەی ئەو مۆزەخانانەی كە پێشتر مزگەوت بوون بیانكاتەوە بە مزگەوت،كە پێشتر بە بریاری كەمال ئەتاتورك و عیسمەت ئینۆنۆ كرابوون بە مۆزەخانە یان گەنجینە، ئەم دوو كەسایەتیە هەوڵی زۆریان داوە، كە ناسنامەی ئیسلامی توركیا نەهێڵن، دوای ئەوانیش پارتی گەلی كۆماری مزگەوتەكانی بە ئامامج گرت، لە ساڵی 1928دا بە بریارێك هەزارەها مزگەوتی ڕوخاند و ئەو زەویانەی بۆیان تەرخانكرابوو، فرۆشتنی و ئەوەشی مایەوە زۆرینەیانی كرد بە مۆزەخانە و گەنجینە و گرتوخانە... هتد.


بەڵام بە هاتنی پارتی دادو گەشە، جارێكی دیكە گرنگی بەم مزگەوتانە درایەوە و زۆرینەیان كرانەوە بە مزگەوت، كە دواهەمینیان ئایا سۆفیایە، كە بە پێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی " سەلباحی توركی" رۆژی 15ی تەموز كە هاوكاتە لەگەڵ یادی چوار ساڵەی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 2016، ئایا سۆفیا وەم مزگەوت بكرێتەوە و پێشوازی لە نوێژخوێنان و گەشتیاران بكات.