ڕاڕایی ئەمەریكا و هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی پشتێنەی ئاسایش

ڕاڕایی ئەمەریكا و هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی پشتێنەی ئاسایش

945 خوێندراوەتەوە

ئەمەریكا پێی وایە بوونی لە سوریا نەیارەكانی لە سوریا یەكڕیزتر ئەكات و ئەگەری شكست هێنانی سوپای ئەمەریكا لەو وڵاتە بەهێزتر ئەكات، بەڵام بە پاشەكشێی لەو وڵاتە سەرباری كەم بوونی تێچووی مادی و گیانی سوپای ئەمەریكا، ئەگەری بەر یەك كەتنی بەرژەوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سوریاو ئێران لە لایەك و دواجار توركیا و ڕوسیا لە سوریا بەهێز تر ئەبێت و دواجار تێچووی كۆنتڕۆڵ كردنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتانە بە تایبەت بۆ ڕوسیا زیاتر ئەبێت. كێشەی سەرەكی ئەمەریكا دەست بەردار بوونی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە لە لایەك تەنها هاوپەیمانی ئەمەریكایە و قوربانی زۆری داوە لەپێناو سەرخستنی پلانی ئەمەریكا لەسوریا و لەلایەكی دیكەوە كورد تەنها ئومێدی گۆڕانی دیموكراسییە لەو سوریا هەر بۆیە هێنانە پێشەوەی فەڕەنسا و دواتر بەڕیتانیا بۆ ناو شەڕی ناوخۆیی سوریا ئامانج لێی بەبەهێزی هیشتنەوەی بەرەی دژ بە ڕوسیا و ئێرانە لە سوریا.

 

ئامادەكارییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی
1. ئەمەریكا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، هێزێكی 300 كەسی و ژمارەیەكی زۆر زرێپۆشی ڕەوانەی ڕۆژئاوای مینبەج كردووە. هەروەها كاری كردووە لەسەر بەهێزكردنی بوونی سەربازی خۆی لە كۆبانێ و لە نێوان مینبەج و حەلەبیش و بەتایبەت لە گوندی ئەسالیا، بنكەیەكی سەربازی دروست كردووە.


 

،،

 ئەمەریكا بەدڵنیایەیەوە دەیەوێت لە ڕۆژئاوای فورات بكشێتەوە و ئەو ئەركە بدات بە چەند گەمەكارێكی دیكەی ئەوروپی بەڵام لە هەمان كاتدا نایەوێت لە ڕۆژهەڵاتی فورات بكشێتەوە تا دڵنیا نەبێت لە توانای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە لایەن هاوپەیمانەكانییەوە.


3. پێ ئەچێت جۆرێك لە هاوئاهەنگی هەبێت لەنێوان لێدوانی ترامپ لەسەر دەرچوون لە سوریا و نزیك بوونەوەی فەڕنسا لە كورد. بەڵام هیچ گومانی تێدانییە كە فەڕەنسا ناتوانێت بە تەنها ڕۆڵی ڕابەرایەتی كردنی هاوپەیمانێتی لەدژی داعش لە ئەستۆ بگرێت.


4. فەڕەنسا ئەڵێت بوونی لە سوریا لە چوار چێوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش لەگەڵ كوردەكان. فەڕەنسا كوردەكان بە دەرفەتێك ئەبینێت بۆ ڕۆڵ بینینی زیاتر لە سوریا.


5. لەگەڵ ئەوەشدا كە فەڕەنسا هەڵویستێكی ئەوتۆی نەبوو لە سەرەتای هێرشەكانی سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە گروپە ئیسلامیە توند ڕەوەكان بۆ سەرعەفرین، بەڵام هاوكات لەگەڵ لێدوانەكەی ترامپ لەسەر پاشەكشێی هێزەكانی لە سوریا، فەڕەنسا ڕایگەیاند كە ئامادەیە هێز ڕەوانەی مینبەج بكات تا ڕێگری بكات لەگرتنی ئەو شارە لەلایەن توركیاوە.


6. لەگەڵ توند بوونەوەی هەڕەشەكانی توركیا، ئامادەكارییەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا وبەڕیتانیا بۆ بەرگری كردن زیاتر دەبێت. هێزەكانی ئەو سێ وڵاتە لە مینبەج، گرێ سپی، دێر زور، ڕەقە و تەبقا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر جێگیر بوون.
7. ئەمەریكا هێزێكی نزیك بە 2000 كەسی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیر كردووە. جۆن ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا پێشتر چەند جارێك ڕایگەیاندبوو كە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی زۆر لە سوریا ئەمێنێتەوە و هێزەكانیان لە دوو هەزار سەربازەوە زیاتر ئەكرێت و ئەگەیەنرێتە پێنج هەزار سەرباز.

میكانیزمەكانی توركیا بۆ مانەوەی لە سوریا
1. دوای گرتنی عەفرین، توركیا بە هاوكاری هێزەكانی سوریای ئازاد، كۆنگرەی ئازادكردنی عەفرینیان دروست كرد. ئەم كۆنگرەیەش ڕای گەیاند كە عەفرین بەشێكە لە پارێزگای ختای توركیا. هەرلەلایەن توركیاوە، هێزێكی 450 كەسی پۆلیس دروست كراوە بۆ دابین كردنی ئاسایش لەو شارە سەرباری دانانی قایماقام.
2. توركیا بە نیازە دەروازەیەكی سنوری لە ژێر ناوی چڵە زەیتون لە سەر سنوری پارێزگای ختای توركیا و عەفرین دروست بكات كە دەكەوێتە گوندی حەمام لە ناوچەی كولو و بڕیار وایە تا 2 مانگی تر ئەو دەروازە تەواو ببێت. دوای گرتنی جەڕابلوس و باب و ئەعزاز، بە فشاری توركیا زمانی توركی لە قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە ئەخوێنرێت وەك زمانی دووەم و ئاڵای توركیا بەسەر باڵەخانەكانەوە ئەشەكێتەوە و ژمارەی ئۆتۆمبیلەكان بە هەر دوو زمانی عەرەبی و توركی لەسەریان نوسراوە و پۆلیسی توركی جێگیركاروە بە ئامانجی رێكخستنی كاروباری هاوڵاتیان.


3. توركیا دوابەدوای هێرشەكەی بۆسەر عەفرین، هێرشێكی دیكەی دەست پێكرد بۆسەر باشوری كوردستان بە تایبەت بۆ سەر شارەدێی سیدەكانی سەربەشارۆچكەی سۆران و هێزەكانی تا قوڵایی زیاتر لە 15 كم هاتونەتە ناو خاكی باشوری كوردستانەوە. بەم هێرشە دەردەكەوێت كە توركیا ئەیەوێت پشتێنەیەكی ئەمنی دروست بكات لەسەر سنورەكانی كە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە كە هاوسنورە لەگەڵ سنوری شارەدێی سیدەكان درێژ دەبێتەوە بۆ شەنگال و لەوێوە بۆ حەسەكە لەناو خاكی سوریا تا دەگاتەوە بە مینبەج و دواتر لێكدانەوەی لەگەڵ عەفرین و پارێزگای ئیدلب كە هاوسنورە لە باشوری ڕۆژئاوای توركیا. بەم شێوەیە دەرەنجامی كۆتایی هێرشەكانی توركیا دابڕاندنی باشوری كوردستانە لە باكور و ڕۆژئاوای كوردستان لە رێگەی دروست كردنی پشتێنەیەكی ئەمنییەوە. بێ گومان ئەگەر ئەم هەوڵە بچێتە سەر دەبێتە گەورەترین سەركەوتن بۆ ئەردۆگان و سەخترین شكست بۆ كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. پرسیاری سەرەكیش لێرەدا ئەوەیە كە توركیا چۆن توانیویەتی و سوریا و عێراق ڕزای بكات و بەو شێوەیە بێتە ناو سنوری وڵاتەكانیانەوە بەبێ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر داگیر كردنی وڵاتەكەیان بێنە دەنگ لەكاتێكدا كە ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانی ڕوسیا وئێرانن؟

 

author photo

 

توێژه‌ر له‌ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان 

و پسپۆڕی كاروباری ئێران