ئایا تیرۆرکردنی هیشام هاشمی پەیامی ئێران بوو؟

ئایا تیرۆرکردنی هیشام هاشمی پەیامی ئێران بوو؟

295 خوێندراوەتەوە

پێناچێت کردەوەی تیرۆرستی وا بەئاسانی بھێڵێت عێراقیەکان ھەناسەیەکی ئارام ھەڵمژن و شەوێک بەئارامی و بێ خەم ڕۆژبکەنەوە. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو عێراقیەکان لەماڵەکانی خۆیان ھەواڵی تیرۆرکردنی شرۆڤەکار و چالاکی گەنجی سیاسی بەناوبانگی شاری بەغدا لەشاشەی تیڤیەکانەوە توشی شۆکی کردن ونەیھێشت ئەوشەوەش بەئارامی بنون.

،،

ئێوارەی دووشەمەی رابردوو، (٦_٧) ، سێ چەکدار کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون، تەقەیان لە شرۆڤەکاری بەناوبانگ ھیشام هاشمی تەمەن 47 ساڵ کرد کە لە کاتی گەڕانەوەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو لەبەردەم ماڵەکەی، لە ناوچەی زەیوونەی رۆژئاوای بەغدا و بەھۆی سەختی برینەکەی گیانیلەدەستدا

كەسێتی هاشمی نزیكە لە كەسێتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، واشدێتەبەرچاو كە هاشمی بچووككراوەی كازمی بێت، هەردووكیان پسپۆڕییەكەیان لە بواری ئەمنیدایە، هاوكات دژی هەژموونی وڵاتانی دراوسێن لە عیراق‌و بەرهەڵستكاری سیستمی تایفەگەراین ، جگەلەوەش هەردووكیان لەلایەن زۆرینەی جەماوەری عیراقەوە پشتیوانی دەكرێن. ھاشمی بەوە بەناوبانگ بوو بێ ترس و سڵیمنەوە قسەی لەسەر ھەموو بابەتە ھەستیار و کاریگەرەکانی وڵات و لایەن و گروپەچەکدارییەکان بەگشتی و گروپەکانی سەر بەئێران بەتایبەتی دەکردو پەردەی لەسەر زۆر شتی ھەستیار ھەڵداوەتەوە و ئاشکرای کردوون .

تیرۆرکردنی ھاشمی بەوشێوەیە ھەرزوو بووە شۆکێکی گەورە و گاریگەری و کاردانەوەکان تەنھا لەناوخۆی عێراقدا نەبوو بەڵکو ھەریەکە لەنەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیاشی گرتەوەو ئیدانەی تیرۆرکردنەیەکان کرد. کاردانەوەکانی تیرۆرکردنەکە لەناوخۆی وڵات بەھۆی بەردەوامی دەرکەوتنی لەشاشەکان و ئەو بابەتە ھەستیارو گرنگانەی بێ ترس باسی دەکردن گەورەبوون ، رۆژی سێشەمە دەیان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، رێورەسمێکی سیمبولییان بۆ ناشتنی تەرمی هاشمی رێکخست و تێیدا دروشمی "حیزبوڵڵا دوژمنی ئەڵڵا"یان دەگوتەوە، داوایاندەکرد حکومەت تۆڵە لە بەرپرسانی کوشتنی هاشمی بکاتەوە.

ھاوکات زۆربەی لایەنە سیاسەکانی عێراق سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کردوو داوایان کرد بکەرانی بە سزابگەێنرێن، ھەرچی لایەنی حکومەتیشە ھەر ھەمان شەو سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند گۆڕانکاریەکی لە پۆستەئەمنیەکان کرد و بەڵێنی دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەوکردەوەیەیەکان کردەوە ، لە دەرەوەی عێراقیش تیرۆرکردنی ھاشمی دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو ھەریەکە لە ئەمریکاو بەریتانیا لەڕێگەی کۆنسۆڵگەریەکەیانەوە ئیدانەی کردەوە تیرۆرستیەکەیان کردوو داوایان کرد بکەرانی بەزووی بدۆزرێتەوەو ، بەریتانیاش داوای ھاوکاریکردنی عێراقی کرد لە دۆزینەوەی بکەرانی کردەوەکە ، ھەرچی نەتەوەیەکگرتووەکانیشە ئیدانەو مەحکومی کارەکەی کرد.

بکەرانی ڕووداوی تیرۆرکردنەوە جێگەی باسی ھەموانە

ھەرچەندە لە ئێستادا بەڵگەی ڕوون نیە لەسەر بکەرانی ڕووداوی تیرۆرکردنەکە بەڵام ، بەڕای زۆرینەی شەقامی عێراقی و چاودێران ، گروپەمیلیشیایەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنەکەی ھاشمین ، چونکە لەماوەی ڕابردوو هاشمى بە ژمارەيەك لە كەسە نزيكەكانى و هاوڕێكانى خۆى وتبوو، بەردەوام هەڕەشەى كوشتنى لێ دەكرێت، هاوکات غەيس تەميمى، سەركردەى تەيارى "مواطنيون" لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵى "الحرة" ڕایگەیاندووە، هاشمى پێش كوشتنى لەلايە كەتەيبەكانى حزبوڵاوە هەڕەشەى كوشتنى لێكراوە

ھاوکات تەميمى لە هەژماری خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەريش دەقى گفتوگۆی (چات)ی نێوان خۆى و هاشمى بڵاوكردوەتەوە كە تێيدا پێى دەڵێت، ئەو گروپە ميليشيايە هەڕەشەى لێدەكەن و داواى ئامۆژگارى لە تەميمى كردبوو لەو بارەيەوە

ئەوەی دەمێنێتەوە ئاماژە و مەسجەکانی پشت تیرۆرکردنی ھاشمین

بەھۆی ئەوەی چەندین جار لەسەر چەندین بابەتی ھەستیاری گروپەچەکدارییەکانی نزیک لەئێران قسەی دەکردو زۆر نھێنی ئاشکرادەکرد و ھاوکات ھاشمی بەکەسێکی نزیک لە مستەفاکازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنرا بۆیە بەڕای چاودێران ئەم تیرۆرکردنە چەندین ئاماژەو مەسجی لەپشتەوەیە ھەم بۆ مستەفا کازمی و ھەمیش بۆ ئەمریکا .

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەن و کەسێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام شرۆڤەکارانی ئاسایش و سیاسی، پێیانوایە هەر کەسێک کارەکەی کردبێت، ویستویەتی لە رێگەی کوشتنەکەوە پەیامێک بۆ حکومەت و خودی کازمی بنێرێت. شرۆڤەکاری ئاسایش لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، بەناوی مایکڵ ناتیس ڕایدەگەێنێت : "هەموو ئەوەی روویدا پەیوەندی بەکازمییەوە هەیە، لەبەرئەوەی هاشمی کەسێکی نزیک بازنەی سەرۆکوەزیران بوو"، ئاماژەی بەوەدا رەخنەی توندی هاشمی لە میلیشیاکان کارێکی نوێ نەبوو، ئەوەی نوێ بوو، هاتنی کازمی بوو بۆ سەر دەسەڵات.

ھاوکات بەناڕاستەوخۆ بە کازمیش دەڵێ لەھەر کات و خولەکێکدا بێت ئەگەری ھەیە خۆشی بکرێتە ئامانج و تیرۆربکرێت ئەگەر لەسەر ئەم کارانەی ئێستای بەردەوامبێت و کێشەیان بۆدروستبکات لە عێراق.

ھەر پەیوەندیدار بەھەمان بابەت ، نادر هاشمی، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی دنڤەر دەڵێت:
ئەو پێیوایە تیرۆرکردنی هاشمی وەڵامی ئێرانە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی حیزبوڵڵا لەلایەن حکومەتەکەی کازمییەوە.

ئەو شرۆڤەکارە ھۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق، هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی حیزبوڵڵا، لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی هەڵسوکەوتی ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتگییریان دەکات کە بەشێوەی سەربەخۆ کاردەکەن لە عێراقدا، هاشمی پێیوایە ئەمە هەنگاوێکی بوێرانەی سەرۆکوەزیران بوو.

،،

سەبارەت بەئەمریکاش ، بەڕێوەبەرەکەی سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی دنڤەر دەڵێت: دەبێ لە چوارچێوەی هەڵچوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، لە بابەتی کوشتنی هاشمی تێبگەین، عێراق گۆڕەپانی سەرەکی ئەو شەڕەی نێوان هەردوولایە.

ئەو دەڵێت ئێران پەیامێکی ئاشکرا بۆ ئەمریکا و حکومەتی عێراق دەنێرێت، کە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرایە و دەڵێ: "میلیشیاکانمان دەتوانن هێز و بازووی خۆیان لە هەموو شوێنیکی عێراقدا پێشانبدەن، ئەگەر کازمی هەوڵبدات کارەکانیان سنووردار بکات". ئەو پێیوایە هیشام هاشمی بۆیە کراوەتە ئامانج، چونکە رەخنەی لە بوونی میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراقدا دەگرت.
بۆیە ھەموو گومان و بۆچوونەکان دەچنە سەر ئەو ڕایەی کە ئێران لەڕێگەی میلیشیاکانیەوە دەستی ھەیە لە کوشتنی ھاشمی چونکە ئێران ھیچکات حەز بە سەقامگیری و ئارامی عێراق ناکات بەتایبەت دوای کارەکانی ئەم دواییەی کازمی، کە ئێران بە ھەڕەشەی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ، وە پەیامێکیش بوو بۆی کە ئێمە ھەموو کاتێک دەتوانین ھەرچی بمانەوێت دەیکەین.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس