كازمی گورزێكی گەورەی لە ئێران وەشاند؟

كازمی گورزێكی گەورەی لە ئێران وەشاند؟

696 خوێندراوەتەوە

كازمی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەروازە سنورییەكانی نێوان عێراقی عەرەبی و ئێرانی كۆنترۆڵ كردو ئێستا دەروازەكانی شەلامچە و شێب و مونزریە - مەندەلی و زرباتیەو هەر چوار دەروازەكەی ئوم قەسر لە ژێر دەستی هێزەكانی دژەتیرۆر و هێزی مغاویری عێراقدان و لە ژێر كۆنترۆڵی حەشد دەرهێنراون.


كازمی بۆچی سەرەتا دەروازەكانی ئێرانی كۆنترۆڵكرد؟
دەستبەسەراگرتنی دەروازە سنورییە ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە لایەن كازمییەوە بڕیارێكی سەرپێی نییەو بەڵكو پلانێكی ستراتیژی بوو چونكە:
١- زۆرینەی ئەم دەروازانە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو كە بەپێی توێژینەوەی دكتۆر هیشام هاشمی داهاتی ساڵانەی ئەم دەروازە سنوریانە بۆ میلیشیاكانی حەشد مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
٢- بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داهاتی ساڵانەی دەروازە سنورییەكان نزیكەی ١٢.٥ ملیار دۆلار بووەو تەنها ٢ ملیار دۆلار گەڕاوەتەوە خەزێنەی حكومەت، چونكە ئێران لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئەم میلیشیایانەوە باجی نەداوەو شمەك بە قاچاخ ڕەوانەی عێراق كراوە.
٣- ئێران دەروازە سنورییەكانی عێراقی تەنها بۆ هەناردە كردنی شمەك بەكار نەهێناوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئەم دەروازە سنورییانەوە چەكی ڕەوانەی سوریا كردووەو عێراق بوو بوو بە دەروازەیەك بۆ هەناردەكردنی چەكی ئێرانی بۆ سوریا و لوبنان.
٤- بەهەمان شێوە ئێران لە ڕێگەی ئەم دەروازە سنوریانەوە چەكی بۆ میلیشیاكانی حەشد دەنارد بەوەش كۆنترۆڵكردنی ئەو میلیشیایانە ئەستەمبوو.


ئێران چۆن عێراقی خنكاندووە؟

لە ڕابردوودا هەناردەی ئێرانی ڕۆڵێكی خراپی هەبووە لە داتەپاندنی كەرتی كشتووكاڵ و پیشەسازی عێراقدا لە ڕێگەی هەناردەكردنی بەرهەم و شمەكی خراپ و بێ كوالێتیەوە كە نرخی هەرزان بووەو بەرهەمی عێراقی نەیتوانیوە كێبركێی لە گەڵدا بكات.
هەربۆیە ئێران دەیەوێت بژاردەی زۆر بخاتە بەردەم كازمی بۆ ئەوەی ئەم بازرگانییە بەڕدەوام بێت، چونكە ئێران پێویستی بەم جۆرە بازرگانییەیە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی ستراتیژی كازمییەوە بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی عێراق، چونكە ئەم ستراتیژە پێویستی بە كۆنترۆڵكردنی سنورەكانە بە تایبەت سنورەكانی ئێران چونكە:
١- عێراق دووەم هاوبەشی بازرگانی ئێرانە لە دوای چین.
٢- لە سەدا ٢٥% كۆی هەناردەی ئێران بۆ عێراقە.
٣- لەسەدا ٤٨% هەناردەی بەرهەمی كشتوكاڵی ئێران بۆ عێراقە.
٤-قەبارەی بازرگانی نیوان عێراق و ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار بووە.
٥- لە ماوەی ساڵێكدا ١٢ ملیار دۆلار لە عێراقەوە دەچێتە ئێران.
-ئەمانە وایكردووە كە عێراق بە سیی و هەناسەدانی ئابوری ئێران بناسرێت و عێراق بوو بە گەروی هەناسەدانی ئابوری ئێران و بە بێ عێراق ئابوری ئێران دا.دەڕمێت.


كازمی دەیەوێت چۆن چەكی دەروازەكان بەكار بهێنێت؟
كازمی لە بەر ئەو هۆكارانەی لە سەرەوە باسكرا پێش سەردانی بۆ ئێران دەروازە سنورییەكانی كۆنترۆڵكرد و بە پێچەوانەی سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووەوە ئێستا بە دەستێكی پڕ و هەڵوێستێكی بەهێزەوە دەچێتە تاران بۆ دانوستاندن كردن نەك بۆ گوێگرتن و وەرگرتنی فەرمان، ئەو دەیەوێت:
١- ئێران ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت و سەرەتای پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری و بازرگانی دەست پێبكەن.
٢- ئێران ناچار بكرێت میلیشیاكانی لایەنگری لە عیراق كۆنترۆڵ بكات.
٣- ئێران چیتر سنور و خاكی عێراق بەكار نەهێنێت بۆ ڕەوانەكردنی چەك بۆ سوریا، چونكە ئەمە وادەكات ئەمەریكا ڕێگری بكات لەوەی ئەمەریكا پەیوەندی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بپچڕێنێت و عێراقیش بكەوێتە لیستی ئەو وڵاتانەی ئەمەریكا بازرگانی لێ قەدەغە كردوون لەگەڵ ئێراندا.
٤- خاڵێكی تری گرنگ بۆ كازمی پشتیوانی سیاسی ئیرانە بۆ حكومەتەكەی لە بەرامبەر بەردەوامی پەیوەندییە بازرگانییەكاندا، چونكە كازمی هەرچەندە بەهێز بێت پێویستی بە پشتیوانی سیاسی ئێرانە، چونكە هێزی ئێران لە عێراق ئەگەر سنورداریش بكرێت مەحاڵە كۆتای پیبهێنرێت.


دەرئەنجام:
١- عێراق قۆناغێكی نوێی دەستپێكردووە و ئێرانیش لە دۆخێكی سەختی ئابوری دایە و لەم دۆخە نوێیەی عێراق تێدەگات.
٢- چاوەڕێ دەكرێت سەردانی كازمی بۆ ئێران ئەنجامی گرنگی هەبێت بۆ بەردەوامی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكان چونكە ئێستا ئێران لاوازە و دەیەوێت لایەنی كەمی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق بپارێزێت.
٣- ئێران پێویستی بە عێراق و بەتایبەت مستەفا كازمییە كە خوازراوی ئەمەریكایە و دەتوانێت لایەنی كەمی بەرژەوەندییەكان بپارێزێت.
٤- میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەك ڕابردوو ناتوانن بەرژەوەندییەكانی ئێران بپارێزن بە هۆی لاواز بوون و فشاری ئەمەریكاوە و كۆنترۆڵ كردنی دەروازەكان بەشێكی زۆر لەسەرچاوەی داهاتین وشك دەكات.
٥- مستەفا كازمی نزیكە لە ئەمەریكاوە ئەمەش گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات و تاڕادەیەك دەیپارێزت لە سزای ئەمەریكا.
٦- ئێران لە ئێستادا دەیەوێت بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ كازمیدا بكات، چونكە بەشێكی زۆر شەقامی عێراق پشتیوانی دەكەن و ناتوانێت ڕاستەوخۆ بكەوێتە ململانێ لەگەڵیدا.
٧- لەسەر ئاستی ناوچەیش ئێران ترسی هەیە توركیا و سعودیە ئەردەن ببن بە جێگرەوەی ئێران بۆ هەناردەی شمەك بەتایبەت توركیا.
٨- ئەگەر ئیران هەوڵبدات كازمی لەكار دووربخاتەوە ئەوكات عێراقی دوای كازمی دەكەوێتە ژیر سزاكانی ئەمەریكا و ئێران بەو دۆخە خراپە ئابورییەوە عێراقی بەسەردا دەكەوێت و دەبێت بەجەستەیەكی مردوو.
٩- ئەگەر كازمی و ئێران ڕێكبكەون دوور نییە عێراق ببێت بە دەروازەی بازرگانی ئێران بۆ وڵاتانی دیكە چونكە ئەوكات بەرژەوەندی ئابوری ئێران. و ئەمەریكا پیكدەگات و هاوبەش دەبێت چونكە ئەمەریكا عیراقێكی بەهێزی دەوێت.
١٠- كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان لەلایەن. دەزگایی دژەتیرۆرەوە كە هێزێكی ڕەنگكراوی ئەمەریكیە وادەكات ئێران ناچاربێت دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت بۆ هەناردەی چەك و ئەمەش وادەكات ئەمەریكا لە هەرێم توڕە تر بێت و پرۆسەی ڕادەستكردنی دەروازەكانی هەرێم خێراتر بكات.
١١- ئێران لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمەریكا دەكات بۆ دەستكردن بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكادا هەربۆیە ئەم چەند مانگە بۆ ئێران ماوەی ڕاگوزەرە بۆ ئێران بەهێمنی مامەڵە دەكات.
بۆیە ئەوەی چاوەڕێی دەكرێت لە سەردانی كازمی بۆ تاران ئەنجامدانی چەند گرێبەستێكە لە پێناو پشتیوانی ئێراندا بۆ حكومەتی عیراق و ئەمەریكاش چاو پۆشی لەو گرێبەستانە دەكات بۆ ئەوەی ئێران كێشە بۆ كازمی دروست نەكات و هاوكار بێت بۆ لەقاڵبدانی میلیشیاكانی حەشد لەلایەن كازمیەوە.

 

author photo

لێكۆڵەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی