تەنیا بە پەرلەمان دەوێرن !

تەنیا بە پەرلەمان دەوێرن !

173 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم
لە سەر ئاستی جیهاندا هێزە سیاسیەکان شەڕی دیموکراسی خۆیان لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەکەن، لە پەرلەمانی ئەێ وەزیر بانگهێشت دەکرێت و حکومەت هەڵدەوشێتەوە، لیکۆڵینەوە لە ورد و درشتی کاروباری حکومەت دەکرێت، شەڕی زۆرینە و کەمینە تا دەگاتە شەڕە بۆکس لە ژێر چەتری پەرلەمان دەکرێت، کەچی لای ئێمە پێچەوانەکەی دەبینرێت، هەر کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان هیزەکان لاوزترین دامەزراوە کە دەستی بۆ ببەن پەرلەمانە.


ساڵی ١٩٩٤ کاتێک پارتی و یەکێتی بوو بە شەڕیان، چەند پەرلەمانتارێک ویستیان لە هۆڵی پەرلەمان دژ بە شەڕی براکوژی مانبگرن، و خواستیان بوو کە پەرلەمان لەو شەڕە نەخزێت، کەچی بۆیان نەچووە سەر و ساڵانیکی زۆر بەهۆی شەڕی براکوژی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان پەکخراو و دەرگا لەسەر پەرلەمان داخرا، کە هات تەمەنی پەرلەمان بەسەر بچێت، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان پارتی و یەکێتی لە مەیدانی ئاژەڵان کۆبوونەوە و نەگەڕانەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان!
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک ویسترا هەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم بە زۆرینەی پەرلەمانی تێبپەڕێندرێت، پارتی لە ١٢ ئۆکتۆبەر ئەو ساڵە دەرگای لەسەر پەرلەمانی کوردستان داخست و سەرۆکەکەشی ناردەوە ماڵەوە و تەنانەت رێگای پێنەدا بێتە شاری هەولێر.

،،

لە ئێستادا کە بە هۆی چەندین کێشەوە نێوانی پارتی و یەکێتی ساردی تێکەوتووە، و وێڕای بەشداری ئەو دوو حزبە لە پێکهێنانی کابینەی تازەدا، بەڵام پەیوەندیەکانیان لە خرابترین دۆخی سیاسی دایە، وەک کاردانەویەک لەبەرامبەر مامەڵەی پارتی لەگەڵیان، لە دوایین کۆبوونەوەبەی سەرکردایەتی یەکیتی بڕیار لەسەر هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمان دەدرێت.


شایانی باسە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا هەموو ئەو مامەڵانەی لە بەرامبەر پەرلەمانی کوردستان کراون و دەکرێن ، سیاسەتی چەوت و ناشایستەبوونە بەرامبەر دامەزراوەیەک کە لە رێگەی متمانەی خەڵکی دامەزراوە، ئەو جۆرە مامەڵانە کە ئەنجامەکەی تێوەگلاندنی پەرلەمان بووە لە کێشە و ناکۆکیە حزبیەکان وایکردووە کە پەرلەمانی کوردستان ببێتە دەزگایەکی بێ کاریگەر.


پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی لایەنە سیاسەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە تەنیا بە پەرلەمانی کوردستان دەوێرن؟
کاتی خۆی لە رووداوەکانی داخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، تا وەزیرەکانیان لە لایەن پارتی بەڕێ نەکران ئامادەنەبوون دەست بکێشنەوە، ئێستاش ئەوەی دیارە یەکێتی هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە، بەوەی کارەکانی لە پەرلەمان هەلدەپەسێرێت بەڵام لە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بێ دەنگە.


ئەزموونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر، کە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و شیوعی، هەروەها بە بێ بەشداری رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەومان پێدەڵێت کە پارتی باکی با بایکۆتی نەک فراکسیۆنی سەوز بگرە سەرۆکی پەرلەمانیش نابێت.

،،

بۆیە دەبوو یەکێتی باشتر دیراسەی ئەو بڕیارەی خۆی بکردایە، چونکە بەتەنیا هەڵپەساردنی کارەکانیان لە پەرلەمان نابێتە ئەو کارتە فشارەی کە پارتی بچیتە ژێرباری داخوازیەکانیان.


بەڵام دیارە کە ئەزموونی سیاسی لە کوردستان ئەوەمان پێدەڵێت کە حزبەکان تەنیا بە پەرلەمان دەوێرن و ناتوانن یان نایانەوێت دەست بۆ حکومەت پۆستەکانی دیکە ببەن.


لە هەرێمی کوردستان تا ئەو رۆژەی پەرلەمانی کوردستان وا بێ هەیبەت بێت و لە پرسە سیاسیەکان قسەی کاریگەری نەبێت، دۆخی لەوە چاکتر نابێت، و جار بۆ جارێکیش خەڵکی لە بەشداری لە پرۆسەی هەلبژاردنەکان سارد دەبنەوە، و بایکۆتی هەلبژاردنەکان دەکەن، کە ئەوەشیان شاییەکە بە دڵی دەسەلات لە کوردستان.