كۆشكی سەلام لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا

كۆشكی سەلام لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا

1617 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە: کەناڵی سۆمەرییە

وەرگێڕانی: گۆران قادر

لە كۆشكێكی تەشریفاتییەوە بۆ بڕیاری ستراتیژی
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لە ساتەوەختێكی هەستیار و پڕ لە كێشەی ناوخۆیی و دەرەكی و ناڕەزایی شەقام و پاشان نەمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە ساتەوەختێكی زۆر هەستیاردا سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد.


ئەو وەك سەركردەیەكی لێهاتوو، توانی لەو هەموو قەیرانە عیراق بەرەو ئارام بوونەوە بەرێت و لە قەیرانی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران ڕزگاری بكات ،وەك یاریزانێكی لێهاتوو بە دیاریكردنی كاندیدی دڵخوازی خۆی، توانی لایەنەكان ڕازی بكات و شەقامیش هێور بكاتەوە و لەناوچەكەش ڕۆڵ بۆ عیراق بگێڕێتەوە.


بەرهەم ساڵح هەر لە سەرەتای كاندید بوونی كێشەی زۆری بۆ هاتە ڕێ، بۆ یەكەمجار ناكۆكی لە نێو ماڵی كوردیدا لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار سەری هەڵدا، كە ماوەیەكی زۆرە بۆ كورد ئەو پۆستە یەكلایی كراوەتەوە، هەروەها لەناو كوردیشدا بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە، بۆ دوو خول لەلایەن مام جەلالەوە بەڕێوە برا، دواتریش فوئاد مەعسوم یەك خول پۆستەكەی بەڕێوە برد.


گەیشتنی دراماتیكی...
دوای ساڵی 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان تەماحی كردە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەتایبەت دوای شكستی ڕیفراندۆم و دووركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم...
سەرەتا بۆ پارتی كارەكە ئاسان دەركەوت،چونكە كاندیدێكی بەهێز نەبوو ڕووبەڕووی كاندیدەكەیان فوئاد حسێن بوەستێتەوە، كە خۆی كەسایەتیەكی شیعەی كوردییە و نهێنی هەڵگری بارزانی و پارتەكەشیەتی، بەڵام دوای ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (بەرهەم ساڵح)ی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد،كە كەسایەتیەكی دیاری كورد و عیراق و جیهانیشە، كێشە بۆ كاندیدەكەی پارتی دروست بوو،بۆیە هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی یارییەكی گەرم و گوڕ و پڕ لە ململانێ بوون، لە كۆتایشدا بە دۆڕانی فوئاد حوسێن كۆتایی هات.

پەرلەمانتاران دژی فراكسیۆنەكەیان وەستانەوە:
هاوپەیمانێتیەكانی ئەو قۆناغە گۆڕانكاری بەسەردا هات، مەسعود بارزانی لە دوژمنەوە بوو بە هاوپەیمانی سەرەكی ( هاوپەیمانێتی فەتح)، كە قاسم سولەیمانی عەرابی لەدایك بوونی ئەو هاوپەیمانێتیە و كۆكردنەوەی میلیشیا شیعەكان بوو لە دەوری ئەو هاوپەیمانێتیە.. هەروەها لەو كاتەشدا دەنگۆی ئەوە هەبوو، كە ئەمریكا دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بە ویستی بارزانی بێت، بۆ ئەوەی لە ئێران دووری بخاتەوە،بارزانی هەموو هەوڵێكی لەگەڵ سەركردە عیراقیەكاندا كە كاندیدەكەی سەربخەن،بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكان دژی ئەمە وەستانەوە و گوێیان بە پارتەكانی خۆشیان نەدا،هەروەها فشارە سیاسیە ناوخۆیی و دەرەكیەكان و چەكداریەكان كاری تێنەكردن و لە بەرژەوەندی بەرهەم ساڵح دەنگیاندا، بۆیە بەڵێنی سەركردەكان بۆ مەسعود بارزانی نەهاتەدی، كە بەڵێنیان پێدابوو كەسی سەركەوتو فوئاد حوسێن بێت، نەك بەرهەم ساڵح.

كۆشكی سەلام بەشێوەیەكی نوێ و كاریگەر دەركەوتەوە...
كەسایەتیەكی كوردی، كە عەرەبیەكی باش دەزانێت و شارەزای بەغدایە، گەیشتە كۆشكی سەلام، بە تەوقەیەك جانتای سەرۆكایەتی كۆماری لە فوئاد مەعسوم وەرگرت، كە عێراقیەكان و كوردیش نەیاندەزانی فوئاد مەعسوم لەو ماوەیەدا چ كارێكی گرنگی بۆكردن؟!

،،

كاتێكی زۆر تێنەپەڕی، بەرهەم ساڵح دەستی بە سەردانە فەرمیەكانی بۆ وڵاتانی دراوسێ كرد، بەو پەڕی متمانەوە بە سعودییەكانی دەوت، حەشدی شەعبی بەشێكن لە دامەزراوەی عیراق، بە ئێرانیەكانیشی دەوت، عیراق پێویستی بەو گروپانە نیە، ئیمارات فەرشی سوری بۆ ڕاخست و دڵخۆش بوون كە عیراق هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانیدا بۆ گەڕاوەتەوە، عیراق بەوپەڕی هێزەوە لە كۆبوونەوەی لوتكە لە سعودیە وەدەركەوت، كە سعودیە هەوڵیدا هاوپەیمانیەتیەك دژی ئێران پێكبهێنێت،وتاری سەرۆك كۆماری عیراق هاوسەنگ بوو لەگەڵ هێڵی گشتی عیراق...


ناوی بەرهەم ساڵح چووە سەر زمانی هەموو عیراقیەكان، هەواڵەكان و شاشە گەورەكان بوون بە باس كردنی ڕۆڵی سەرۆك كۆماری نوێ، كە پێشتر خەریك بوو بەهۆی تەشریفاتی پۆستەكەوە لەبیر بكرێت،بەشێوەیەك گەیشتبووە ئاستێك كە بە تەواوی لە بڕیاردانی عیراق نەمابوو.

لە دیاری كردنی سەرۆك وەزیراندا بەرهەم ساڵح براوەی یەكەم بوو:
ڕۆڵی چوارەمین سەرۆك كۆماری عیراق، دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی زیاتر دەركەوت، كە عیراق كەوتە قەیرانێكی قوڵەوە بۆ دیاری كردنی كەسایەتیەك بۆ سەرۆك وەزیران، كە ویستی لایەنە سیاسیەكان و شەقامیشی لەسەر بێت، چونكە لایەنە سیاسیە شیعەكان بووبون بە دووبەشی دژ بەیەك، فەتح و هاوپەیمانەكانی لەلایەك بوون و سائرون و هاوپەیمانەكانی لەلایەكی دیكەوە بوون، بەرهەم ساڵح دەیویست ئەم دوو لایەنە بگەنەڕێكەوتن و عیراق توشی جەنگێكی دیكەی ناوخۆیی نەكەنەوە. كاندیدەكانی سەرۆك وەزیران بە محمد شیاع دەستی پێكرد و پاشان قوسەی سوهەیل، پاشان سەركردەكانی بینا نوسراوێكیان بۆ سەرۆك كۆمار كرد و داوایان كرد ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە كاندید بكات،بەڵام ئەم كارە بە زوویی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ڕەتكرایەوە و هەڕەشەی كرد، كە بۆ دیاری كردنی كاندیدەكەیان فشاری زیاتری لێبكەن،ئەوا دەست لەكاردەكێشێتەوە، بەڵام كەسێك كاندید ناكات، كە ڕەزامەندی شەقامیشی لەسەر نەبێت.

،،

سەرۆك كۆمار بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە، كە ئەو كات لە سلێمانی بوو، ڕایگەیاند هەندێك لایەنی چەكدار بۆ ناچاركردنی پەنا بۆ ڕێگای نائاسایی دەبەن، بۆیە ئەویش بەویستی بەرهەم ساڵح كاندید نەكرا، دوای هێنان و بردنێكی زۆر، عەدنان زورفی كاندید كرا، بەڵام دواتر پاشەكشەی كرد.


سەرۆك كۆمار توانی وەك چارەسەرێكی مام ناوەند بڕوا بەهەموو لایەنەكان بهێنێت، كە بە كاندیدی دڵخوازی خۆی (مستەفا كازمی) ڕازی ببن، هەروەها بۆ ئەوەی عیراق لە سەپاندنی سزا لەلایەن واشنتنەوە بپارێزێت و ناكۆكی لایەنەكانیش نەگاتە ئاستی تەقینەوە، بەشێوەیەكی زیرەكانە كازمی كاندید كرد و ڕەزامەندی هەموو لایەنەكانیشی بۆ وەرگرت،بەم شێوەیە كۆشكی سەلام بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح ڕۆڵێكی گرنگی بینی لە چارەسەركردنی قەیرانی دیاری كردنی پۆستی سەرۆك وەزیران، كە خەریك بوو عیراق لەناوخۆ توشی ململانێ و شەڕ بكات و لە دەرەوەش توشی پەراوێز خستن و سەپاندنی سزا بكاتەوە، بەمەش كۆشكی سەلام لەبری كۆشكێكی تەشریفاتی بۆ هەڵوێستی ستراتیژی و یەكلاكەرەوە گۆڕا، ئێستاش لەگەڵ سەرۆك وەزیران بەهەمان نەهج دەڕوات و عیراق نزیك دەكاتەوە لە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و سەقامگیر و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و كۆتایی هاتنی میلیشیاكان