پارتى په‌رله‌مان كۆنترۆڵ ده‌كات

پارتی تەحەدا دەکات و بۆمبێک دەخاتە نێوان حزبەکان و ماڵی یەکێتی

پارتى په‌رله‌مان كۆنترۆڵ ده‌كات

1856 خوێندراوەتەوە

.
دواجار یەکێتی و پارتی کێشەو ململانێکانی نێوانیان خزاندە هۆڵی پەرلەمان و بەبیانووی خەمی خەڵک، یەکێکیان دەرگاکەی دادەخات و ئەوی دیکەشیان بە پاڵ و بەزۆر دەیکاتەوە.


هەرچەندە یەکێتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی هەڵپەساردووە، بەڵام جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی پارتی دەکات، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی، بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ڕۆژی یەک شەممە.

،،

پارتى ده‌یه‌وێت یه‌ك شه‌ممه‌ له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌ڵامى یه‌كێتى و خودى لاهور جه‌نگى بداته‌وه‌..


١- یەک شەممە چی دەقەومێت؟
پارتی دەیەوێت ڕۆژی یەک شەممە درێژە بدات بەو کۆبوونەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان لەسەرەتای ئەم مانگەدا بانگهێشت و میوانداری وەزیرەکانی کرد بۆ هۆڵی پەرلەمان.
هەرچەندە ئەمڕۆ ڕێواز فائق وەک سەرۆکی پەرلەمان باڵەخانەی پەرلەمانی جێهێشت و پێ ناچێت بەشداری کۆبوونەوەی ڕۆژی یەک شەممەش بکات، بەڵام دوابەدوای ئەو هێمن هەورامی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆمبەکەی تەقاندەوە.


پارتی لەڕێگەی هێمن هەورامی و پەرلەمانەوە دەیەوێت، قۆڵبادان لەگەڵ لاهور جەنگی بکات و دژی بڕیارەکەی سەرکردایەتی یەکێتیش کە ناوبراوی لەپشت بوو بۆ هەڵپەساردنی پەرلەمان، وەک تەحەدایەک داوای دانیشتن و کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران دەکات.

،،

رێواز فائیق بووه‌ هۆكارى گه‌شكردنه‌وه‌ى پشكۆى نێوان باڵه‌كان..


٢- پارتی و یەکێتی لەلایەک و نێو ماڵی یەکێتیش لەلایەکی دیکە
پێدەچێت ئەو گووتەیە ڕاست بێت کە دەوترێت: لاوازی ڕێواز فائیق دۆخەکەی بەم ڕۆژه گەیاند کە لەلایەک کێشەی لەنێوان یەکێتی و پارتی درووست کردەوەو لەلایەکی دیکەش ئاگری نێوان باڵەکانی یەکێتی جارێکی دیکە گەش کردەوە.


ڕێواز فائیق دوای بڕیارەکەی سەرکردایەتی حزبەکەی سەردانی پەرلەمانی کردووە، بەپێی زانیارییەکان لاهور جەنگی بەمە نیگەران بووەو بەڵام ڕێواز فائیق کە لەسەر ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ ئەژمار دەکرێت، گوتویەتی: بەئاگاداری بافڵ تاڵەبانی گەراوەتەوە پەرلەمان.


بۆیە تا ئێستاش ڕوون نییە ئایا ڕێواز فائیق یان هەندێ له ئەندام پەرلەمانەکان کە نزیکن لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ بەشداری کۆبوونەوەی یەک شەممە دەکەن یاخود نا؟


٣- یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە
بڕیارە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، بۆیە ئەگەر نەگەنە ڕێک کەوتن ئەوا پارتی بەتەواوی ڕۆژی یەک شەممە پەرلەمان کۆنتڕۆڵ دەکات ، و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی دامەزراوەکە هەموو کارێک دەکات.

بانگهێشته‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان


بەمەش حزبەکانی دیکەش دەخاتە مەوقیفەوە، بەتایبەت ڕۆژی یەک شەممە کە زۆرتر داواکارییەکە وەک داواکاری و بانگهێشتی پارتی سەیر دەکرێت بۆ مەرامێکی سیاسی نەک داواکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارەکانی.


هەربۆیە پارتی بەناوی خەمی خەڵک و کێشەی هاوڵاتیان کۆبوونەوەی پەرلەمان ساز دەکات ئەگەر حزبەکانی وەک گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ بچنە هۆڵی پەرلەمان وەک پارتی تەماشا دەکرێن، نەشچن دەبێ وەڵامی پارتی و خەڵکیش بدەنەوە....؟

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان