مام جەلال: مەسعود بارزانی دەیووت با هەڵبژاردن نەكەین‌و لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ڕێبكەوین

مام جەلال: مەسعود بارزانی دەیووت با هەڵبژاردن نەكەین‌و لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ڕێبكەوین

2160 خوێندراوەتەوە

بە وتەی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، مەسعود بارزانی لەگەڵ یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نەبووەو وتوویەتی با هەڵبژاردن نەكەین‌و لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ڕێبكەوین.

بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی كە لەپاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و پاشەكشەی حكومەتی عێراق لە كوردستان دروستبوو بوو، " بەرەی كوردستانی" كە لە مانگی ٥ۍ ساڵی ۱۹٨٨ دامەزرابوو وە لە هەشت حیزبی كوردستانی پێكهاتبوو، بە ئامانجی پێكهێنانی دەسەڵاتێكی یاسایی‌و دامەزراندنی حكومەت، بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دا.


مام جەلال، لە كتێبی " دیداری تەمەن"دا باسلەوە دەكات كە مەسعود بارزانی، دژ بە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووەو سووربووە لەسەر ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا.


لەپاش ڕاپەڕین، سەركردایەتی " بەرەی كوردستانی، لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا چوونە گفتوگۆوەو بەسەركردایەتی هەر دوو مام جەلال‌و مەسعود بارزانی، چەند گەڕێكی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقی‌و سەددام حسێندا بەڕێوە چوو، بەڵام نەگەشتنە ئەنجام، ڕێكەوتنی مەسعود بارزانیش لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا وەكو مام جەلال باسیكردووە، درێژەپێدان‌و تەواوكردنی ئەو گفتوگۆیانە بووە تا گەشتنە ڕێكەوتن.


دەربارەی هاتنە كایەی مەسەلەی هەڵبژاردن‌و یاسای هەڵبژاردن لەناو " بەرەی كوردستان"یدا، مام جەلال دەڵێت:" بۆ مێژوو ڕاستییەك دەڵێم، ئەو سەردەمە ناكۆكی پەیدابوو بوو لەناو بەرەی كورستانیدا، بەتاقی تەنیا مەسعود بارزانی دەیگوت من ئەو ڕێكەوتننامەیە كە لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا نەكراوە ئیمزای دەكەم، تەنانەت دەیگووت ئەگەر بەتەنیاش بم‌و پارتیشم لەگەڵ نەبێت هەر ئیمزای دەكەم".


مام جەلال ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو ڕێكەوتننامەیە هیچی تێدا نەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردو تەنها سەلماندنی سەركردایەتی بەعس بووەو باسی كەركووكی نەكراوەو، گەشەكردنێكیش نەبووە بۆ حكومی زاتی.

،،

سەبارەت بە ڕازینەبوونی مەسعود بارزانی بە هەڵبژاردن‌و داواكردنی بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا، مام جەلال لە " دیداری تەمەن"دا دەڵێت:" مەسعود بارزانی سوور بوو لەسەر ئەوەی ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتدا مۆر بكات‌و وتی: من بەتەنها ئیمزای دەكەم، من هیچ باوەڕم بە خەڵكی كوردستان نەماوە، من باوەڕم بە پێشمەرگەی پارتی نەماوە، كە لێمان قەوما لە هەموو ئەو پێشمەرگانەی پارتی كە لە گەڵمدا بوون، چل كەسم لەگەڵدا مایەوە، ئەگەر لەبەر خاتری گۆڕی بارزانی‌و بیری بارزانی نەبووایە ئەو جامەدانە سوورەم دەخستە ژێر قۆندەرەكەم‌و هیچ باوەڕیشم بە پێشمەرگەی یەكێتی نییە كە لە " كۆڕێ" لێمان قەوما تەنها دەستەكەی كۆسرەت‌و دەستەكەی حەسەن كوێستانی‌و چەند كەسێكی كەم مانەوە، باوەڕم بەوە نەماوە كە لێمان قەوما خەڵكی كورد مقاوەمەت‌و خەبات بكات، نامەوێت جارێكیتر ببمەوە پەنابەر لە ئێران، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەو ڕێكەوتننامەیە ئیمزا بكەم".


پاش ئەو قسەو بۆچوونانەی مەسعود بارزانی كە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانیدا كردوونی، وەكو مام جەلال باسیكردووە، عەزیز محەمەد، سكرتێری ئەوكاتەی حیزبی شیوعی كوردستان، تكای كردووەو وتوویەتی :" كاك مەسعود من دەمەوێت داوات لێبكەم تۆ كوڕی بارزانیت، خەباتتان كردووە، گەلی كورد تێكۆشەرەو ئامادەی فیداكارییە، من تكات لێدەكەم ئەوە مەڵێ‌و مەیكە".


مام جەلال زۆرتری دەربارەی ئەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی "بەرەی كورستانی" باسكردووە كە تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی تێدا كراوە، بەوتەی ئەو، مەسعود بارزانی سووربووە لەسەر قسەكانی خۆی‌و جەختی لە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا كردووەتەوە، " لەپاشاندا من قسەیەكم كردو وتم من نامەیەكم بۆ هاتووە، بێگومان هەمان نامەش بۆ مەسعود بارزانی هاتبوو، بەڵام من نەمگوت بۆ ئەویش هاتووە، وتم نامەیەكم لە دۆستێكەوە بۆ هاتووەو دەڵێت، ئەوروپا، یان دەوڵەتە گەورەكان وەك ئینگلیزو ئەمەریكا، ئامادەن ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنێك بكەین‌و حكومەتێك دروست بكەین، دان بەو حكومەتەدا بنێن، ئەوان توركیا قایل دەكەن كە دژایەتی كورد نەكەن، كاك مەسعودیش وتی، هەمان نامەش بۆمن هاتووە، ئیتر ئەو هەواڵە جەوی دانیشتنەكەی گۆڕی‌و وتیان جا كەواتە با ئێمە هەڵبژاردن بكەین‌و با لە هەڵبژاردندا مەسەلەی حكومەت‌و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتدا باس بكرێت، ئەو حیزبەی زۆرینەی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا، با ئەو لەگەڵ حكومەتدا ڕێكەوتن مۆر بكات، ئەگەر هیچ حیزبێك زۆرینەی نەهێنا، با مۆركردنی ئەو ڕێكەوتنە بخرێتە دەستی ئەو پەرلەمانەی كە هەڵدەبژێردریت، بەمجۆرە مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هاتە كایەوە".


بە مەبەستی ئامادە سازی بۆ هەڵبژاردن، " بەرەی كوردستانی" لیژنەیەكی تایبەتی پازدە كەسی لە دادوەران‌و یاساناسان‌و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان پێكهێنا‌و لیژنەكە لەماوەی 23 -12 – 1991 تا 28 – 1 – 1992، واتە لەماوەی مانگێك‌و شەش ڕۆژداو پاش چەند دانیشتن‌و كۆبوونەوە، پرۆژە یاسایەكیان خستە بەردەمی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی‌و لە 8 – 4- 1992، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بە ئامادەبوونی" جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، عەزیز محەمەد، سكرتێری حیزبی شیوعی، ڕەسووڵ مامەند، سكرتێری حیزبی سۆسیالست، سامی عەبدولڕەحمان، سكرتێری پارتی گەل، عەبدوڵا ئاگرین نوێنەری پاسۆك، قادر عەزیز، سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشان‌و یەعقوب یووسف نوێنەری بزوتنەوەی ئاشووری" وەكو یاسای ژمارەی " 1" بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی بڕیاری لەسەرداو پەسەندی كرد.


لە بەرواری 23- 2 – 1992، لە شەقلاوە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی بەسەرۆكایەتی تاڵەبانی‌و بارزانی‌و كۆبوونەوەو بە واژۆی ئەوانەوە لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند كە هەردوولا بەڵێن بەیەك دەدەن كە ڕێز لە ئەنجامی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بگرن ئەگەر بە هەر شێوەیەك بێت.
ئەوان پارتی‌و یەكێتی لەو بەیاننامەیەدا ڕاشیانگەیاندبوو، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەرچۆنێك بێت، پێكەوە ئەنجومەنێكی ئیئتیلافی پێكدەهێنن‌و حیزبی براوە سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی " پەرلەمان"‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دا دەنێت.

،،

بڕیاردرا بوو كە 17- 5 – 1992 هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی خراپی " مەرەكەب"ی پەنجە مۆرەوە، هەڵبژاردنەكە بۆ ماوەی چل‌و هەشت كاتژمێر دواخراو لە 19 – 5، پرۆسەكە بەڕێوە چوو.


مام جەلال دەڵێت:" ئێمە پێمانباشبوو هەڵبژاردنەكە بازنەیی بێت، حسابی ئەوەمان كردبوو ئەگەر بازنەیی بێت، ڕەنگە زۆربەی دەنگەكان بەدەستبێنین، ئێمە دڵنیابووین زۆربەی دەنگ لە ناوچەی كەركووك‌و سلێمانی بەدەست دەهێنین، كە دەیكردە نیوەی بازنەكان، لە هەولێریش نیوەی دەنگەكانمان دەبردەوە، ئەوە دەبووە زۆربەی دەنگەكان لە كوردستان، برادەرانی پارتیش یەكەمجار بازنەییان پێباشبوو، بەڵام دواتر كە هەستیان كرد یەكێتی دەیباتەوە هاتنە سەر ڕێژەیی".


مام جەلال باسلەوە دەكات كە یەكێتی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كۆمەڵێك هەڵەی كردووەو ئەوەش وایكردووە كە نەتوانن زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستان بە دەستبێنن، ئەو هەڵەكانی حیزبەكەی بەمجۆرە باسكردووە:" پاڵێوراوەكانمان لەسەر بنەمای خەباتی پێشمەرگانەو شاخ دانا، نەك لەسەر بنەمای ئەوەی كە ڕووی كۆمەڵایەتی بن‌و لە خەڵكەو نزیك‌و خۆشەویستبن، دروشمی ئێمە " مافی چارەی خۆنووسین"‌و ڕەتكردنەوەی گفتوگۆبوو لەگەڵ عێراق، ئەمە بەتایبەت لە هەولێر كاسبكارانی زۆر ترسان، دروشمی پارتیش حكومی زاتی بوو، ئەمە وایكرد لە هەولێر زۆركەس دەنگ بە پارتی بدەن، سیاسەتێكی توندو تیژمان هەبوو بە رانبەر بە جاشەكان، ئەمە وایكرد كە كۆمەڵێك سەرۆك عەشیرەت كە لەگەڵ ئێمە بوون، لێمان دور بكەونەوە‌و لە دەنگداندا زیانی بە ئێمە گەیاند، ئێمە شارەزای تەواوی هەڵبژاردن نەبووین‌و سندوقی كەممان بۆ ناوچەكانی خۆمان دابینكردبوو، ئەگەر بهاتایەو سندوقی تەواومان بۆ لە پارێزگای سلێمانی‌و كەركووك دابنایە ئەوە بەلای كەمەوە حەفتا تا هەشتا هەزار دەنگی تر بۆ یەكێتی مسۆگەر دەبوو".

،،

هەر لەسەرەتای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا، پارتی‌و یەكێتی یەكتریان بە ئەنجامدانی تەزویر تۆمەتبار كردو، حیزبی سۆسیالست‌و لیستی ئیسلامی‌و شیوعیش پارتی‌و یەكێتییان بە ئەنجامدا تەزویر تۆمەتبار كردو مەسعود بارزانی ڕایگەیاند كە هەڵبژاردنەكە ڕەت دەكاتەوەو بەیانی دەركردو وتی من ئەو هەڵبژاردنە بەڕەست نازانم.


مام جەلال دەڵێت:" دۆستانی دەرەوە پێیان دەگوتین بەهەر جۆرێك بێت، باشە لەسەر ئەو هەڵبژاردنە پێكبێن، من چوومە لای مەسعود بارزانی‌و لەسەر ئەوە ڕێكەوتین كە كۆبوونەوەیەك بكەین‌و ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ بكەین، هەرچۆنێك بێت 44%‌و شتێك بۆ پارتی‌و 44% شتێك كەمتر بۆ یەكێتی، واتە یەكی 44 كورسی بۆ پارتی‌و یەكێتی‌و دوازدەكەیتریش بۆ حیزبەكانیتر".


حیزبەكانیتر، حیزبی سۆسیالست‌و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی ئەو دابەشكردنەیان قبوڵ نەكرد‌و داوای 24 كورسی پەرلەمانیان كرد، بەهۆی ڕازی نەبوونی ئەوان بەو ژمارە كورسییەی كە پارتی‌و یەكێتی پێیاندابوون، دوازدە كورسییەكەی ئەوانیش دابەشكرا بەسەر پارتی‌و یەكێتیداو ئیدی كورسییەكانی پەرلەمان پەنجا بە پەنجا لە نێوان هەردوو هێزی دەسەڵاتدارد دابەشكرا.


پاش ڕێكەوتن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەو دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان پەنجا بە پەنجا، پارتی داوای سەرۆكی پەرلەمانی كردووەو سەرۆكی حكومەتی لا گرنك‌و مەبەست نەبووە، مام جەلال باسیدەكات‌و دەڵێت:" پارتی ئەیوویست ئەو سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت، ئەوان پێیانوابوو حكومەت مەسەلەیەكی جیدی نییەو ئەم حكومەتە سەرناكەوێت‌و ناژی، چونكە ئەوان وایان دەزانی كە زروفی سیاسی‌و ئابووری ئەوەندە لەبار نییە حكومەت تێیدا بژی‌و گەشە بكات، بۆیە ئێمە پۆستی سەرۆكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانمان وەرگرت‌و ئەوانیش سەرۆكی پەرلەمان".


سەرچاوە:
- هەڵبژاردن لە كوردستان 1992 – 2010 – محەمەد ڕەئووف
- مام جەلال – دیداری تەمەن – ئامادەكردنی سەڵاح ڕەشید

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی