هەولێر، پایتەختێك بەبێ‌ خۆپیشاندان

هەولێر، پایتەختێك بەبێ‌ خۆپیشاندان

2153 خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی ساڵانێكە خۆپیشاندانەكان سەرتاسەری كوردستان دەگرێتەوە، بەڵام هەولێری پایتەختی هەرێم لەدەرەوەی جوگرافیای خۆپیشاندانەكانە. ئایا لە هەولێر مرۆڤی ناڕازی و ناڕەزایەتی تیا نییە، یان سەركوتكردنی دەسەڵات ئەوەندە زۆرە كە ڕێگە بە خۆپیشاندان نادات.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، سەریهەڵدایەوە، بەڵام هەرگیز ئەم ناڕەزاییە بەوشێوازە فراوانە، نەیتوانی بازگەكانی پردێ‌ و دێگەڵە ببڕێت و بپەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە بە سنوری دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ناسراون، هەرچەندە لەسەر ئاستی تاك چەند هەوڵێك بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان هەبو بەڵام لەژێر فشاری پارتیدا ئەم هەوڵانەش بێ‌ ئەنجام بون.

چارەنوسی ئەوانەی لە هەولێر داوای خۆپیشاندان دەكەن

ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە ژمارەیەك چالاكی مەدەنی بە نوسراوێك داوایان لە لیژنەی ناوخۆی پارێزگای هەولێر كرد مۆڵەتیان پێبدرێت خۆپیشاندان بكەن، بەڵام نەك هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرت بەڵكو چەند كاتژمێرێك دوای نوسراوەكەیان سەرجەمیان روبەڕوی هەڕەشە بونەوە.


هەر سەبارەت بەو نوسراوە، پێشتریش نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبو، بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەن لەم كاتە نەخوازراوەدا خۆپیشاندان لە هەولێر وەك شارەكانی دیكە ئەنجامبدرێت، چونكە بارودۆخەكە گونجاو نییە".


لای خۆشیەوە ، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ "رادیۆی دەنگی ئەمریكا" ، ، ڕەتیكردەوە ڕێگری كرابێت لە هەولێر و دهۆك خۆپیشاندان بكرێت و وتی "ئەگەر یەكێك خوازیاری خۆپـیشاندان بێت دەتوانێت داوای مۆڵەت بكات و لە لایەن پارێزگارەوە ڕێگای پـێدەدرێت".

هێمن مامەند، یەكێك لەو كەسانەی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی كردبو لە فەیسبوكەكەی خۆیەوە ڕایگەیاند، لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری هەولێر لەكاتی بەشداریكردنی لە پرسەیەكدا دوو ئاسایش بەناوی بەرپرسێكی باڵای ئاسایش گشتی هەولێرەوە هاتونەتە لای و هەڕەشەیان لێكردوە كە خۆپیشاندان نەكات بەپێچەوانەوە خۆی و خێزانەكەی لە هەولێر دەردەكەن و لەودیو بازگەی پردێ‌ فڕێیان دەدەن.


هۆشیار شێركاوەیی، یەكێكی ترە لەو چالاكانەی ناوی لە نوسراوەكەدا هەبو بۆ مۆڵەتی خۆپیشاندان بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، تەنیا لەبەرامبەر ئەو داوایەدا سەرجەمان روبەروی هەرەشەی جۆراو جۆر بوینەوە، یەكێك لە هاوڕێكانمان لە لقی دوی پارتی پەیماننامە"تەعهد" ی پێ پڕكراوەتەوە كە ئەو كارە ناكات، ئەوە جگە لەوەی هێزێك چونەتە سەر ماڵی و شوێنی كارەكەی كە یاریدەدەری پزیشكە.


"یەكێكی تر لە هاوڕێكانمان كارەبای مۆلیدەی ماڵەكەیان بڕیوە و پێیان ڕاگەیاندوە تاوەكو نوسراوی ئاسایش و موختاری گەڕەك نەهێنێت كارەباكەی بۆ هەڵناكەنەوە". هۆشیار،وای بە دیپلۆماتیك ووت.


هۆشیار ئاشكراشیكرد كە لەئێستادا ماڵی سەرجەم ئەو كەسانەی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردووە لەلایەن ئاسایشەوە لەژێر چاودێریدایە و تائێستاش كە قسە بۆ "دیپلۆماتیك" دەكات هیچ كامیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و شەوانە لەماڵی دۆست و خزم و هاوڕێكانیان بۆ پشودان و خەوتن دەمێننەوە.
شێركاوەیی تەئكیدیشی كردەوە كە ئەو هەڕەشانە نایان ترسێنێت و پارتی ناتوانێت تاسەر بە هەڕەشە و ترس و تۆقاندن خەڵكی هەولێر بێدەنگ بكات.


"پارتی بڕوای بە خۆپیشاندان نیە"

مەسعود عەبدولخالق، خاوەنی دەزگای ستاندەر، بە "دیپلۆماتیك"ی ڕاگەیاند، هیچ جیاوازییەك نیە لە نێوان هەولێر و سلێمانی و تەواوی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، زوڵم و زۆر و ستەمە لە هەموو شوێنەكان وەك یەكە، هەروەك چۆن نیگەرانی و ناڕەزایی لە سلێمانی هەیە لە هەولێریش هەیە، بەڵام جیاوازییەكە لەوەیە خەڵكی هەولێر دەسەڵاتی پارتی باش دەناسن كە دەسەڵاتێكە بڕوای بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مەدەنی نیە، لەوەش زیاتر خەڵكی هەولێر سروشتیان وایە كە دەیانەوێت بەرچاوییان روون بێت و كۆتایی كارەكەیان ببینن، بە دڵنیاییەوە ئەگەر خەڵكی هەولێر بەرەیەكی هاوبەشی بەهێز ببینێت دژی دەسەڵاتی پارتی ڕادەپەڕن.

"سیستەمی بتەكە لێرەوە دەكەوێ‌"

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی، لە شاری هەولێر بەتەنها و بەكاغەزێكەوە كە لەسەری نوسراو بو" سیستەمی بتەكە لێرەوە دەكەوێ‌"، دەنگی ناڕەزایی بەرزكردەوە و دواتر چالاكیەكەی لە فەیسبوك بڵاوكردەوە.


نیاز عەبدوڵا، بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، ئەو دروشمەی بەرزی كردۆتەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەمزی بتەكان لە هەولێرە و پێویستە لە هەولێرەوە كۆتایی بەو سیستەمە حكومڕانیە شكست خواردوە بێت.

"فیداییەكانی بارزانی لە هەولێر"

سەبارەت بەوەی چۆن ساڵانێكە پارتی توانیویەتی كۆنتڕۆڵی نیگەرانی و ناڕەزاییەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی و بەتایبەت هەولێر بكات، نیاز عەبدوڵا، قسەیەكی فازل میرانی، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی بە بیر دەهێنێتەوە، كە پێشتر ڕایگەیاندبو " بارزانی 30 هەزار فیدایی هەیە" بۆیە بەوتەی نیاز ساڵانێكە ئەم بەناو فیداییانەی بارزانی بەناو كوچە و كۆڵان و ماڵ و تاكسی و دوكانی هەولێردا بڵاوكراونەتەوە و بونەتە دەست و گوێی بنەماڵەی بارزانی و پارتی لەشارەكەدا و هەر كەس بیەوێت ناڕەزایی دەرببڕێت، یان دژی پارتی كار بكات، روبەروی ڕفاندن، لێدان، گرتن، ئەشكەنجەدان، تیرۆركردن، فڕێدان لە بازگەی پردێ‌ و دێگەڵە و چەندین شێوازی تری توندوتیژی دەبێتەوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو