١٤ی تەمووز و کورد

١٤ی تەمووز و کورد

247 خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی


ئەو بەیانییە زۆر زوو لە ماڵ هاتمە دەرەوە، هێشتا هەتاو گزنگی ئەرخەوانی شاخی هێلانە کۆلارانی ڕووناك نەکردبووەوە، چاوشارکێی لەگەڵ لووتکەکانی کانی شەوەقەت و کەژان دەکرد، کەمێکی مابوو تیشکی پرشنگداری ڕۆژ باڵی پەخش و بڵاوبکاتەوە بەسەر پێنج وێنەکەمدا، هەتا پێنج تابلۆی ڕەنگین دروست بکات.


گوێم لە ڕادیۆ بوو، راگەیەندراو(بەیان)ی، ژمارە (یەک)ی دەخۆێندەوە، لە چایخانەکەی (دەروێش کەریم)، خەڵك لەدەوری ڕادیۆکە کۆبووبوونەوە، هەندێک بەترسەوە گوێیان گرتبوو، هەندێکی تر شڵەژابوون، وردە وردە ناو بازاڕ قەرەباڵغ بوو، من لەگەڵ دوو برادەرم (ئەحمەدی حاجی محەمەدی قوربانی و شەوکەتی مەلا مارف) تێکەڵاوی خەڵکەکە بووین و هە واڵە عەرەبییەکانمان بۆ خەڵك دەکردەوە بە کوردی.


من باسی ئەوە ناکەم، کە ئەمە کودەتایە یا شۆڕش، ئایا ئەمە سەرەتای ئەم هەموو کارەسات و ماڵ وێرانییە بوو، کە بە سەر عێراق و کورددا هات ؟ یان (١٤ تەمووز) سەرەتای گۆڕانکارییەکی مێژوویی، سیاسی، فکری، ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو لە عێراقدا و وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە میژووی سیاسی کورددا، ئەگەر پرۆسەکە کودەتا بوو، خۆ گۆڕانکارییەکان شۆرشگێڕی بوون، بە مانای وشە خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە چواردەی تەمووزەوە فێربوون بڵێن نەوت سامانێکی نیشتیمانییە و ستوونی بنەڕەتی ئابووری عێراقە، لە (١٤تەمووزەوە) فێربوون بڵێن دەسەڵات دەبێ دیموکراتی بێت و هە ڵبژاردن بکرێت، هەر لە ١٤ی تەمووزەوە بوو، کورد فێر بوو بێتە سەر شەقام و داوای مافی نەتەوەیی خۆی و ئۆتۆنۆمی بکات و ژنان داوای مافی یەکسانیی خۆیان بکەن، کرێکار داوای هەشت کاتژمێر کاربکات، جووتیار بڵێت زەوی بۆ ئەو کەسەی کە دەیکێڵێت.

،،

هەندێک دەڵێن ئەگەر سیستەمی پاشایەتی نە رووخایە بەسروشتیی ئەم گۆڕانکاریانە رووی دەدا، لە وەڵامدا دەڵێین (خۆ لە عەرەبستانی سعوودی ١٤ تەموز ڕووی نەداوە بە ڵام ئافرەت تا ئەم دواییانە بۆی نەبوو ماشین لێبخوڕێت ؟)


ڕاستە لە کاتی کودەتاکەدا و ئەو ساڵانەی حوکمی (عەبدولکەریم قاسم)، هەندێک کاری نا بەجێ و ئاژاوە هەبووە، ئەمەش لە هەموو شۆڕش و گۆڕانکارییەکدا ڕووی داوە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتدا، هەندێك ١٤ی تەمووزی عێراق بە ١٤ی تەمووزی فەرەنسا بەراورد دەکەن.


منیش دەپرسم ئایا ئەقڵیەت، ڕەوشت، بیرو باوەڕ، ئایین و پەرچەکرداری ئەم دوو میللەتە بەقەدەر ئەرزو ئاسمان لە یەکەوە دوور نین.

١٤ی تەمووز و کورد

١- ماددەی ٣ی دەستووری کاتی دەڵێت عەرەب و کورد لە نیشتمانی عێراقدا هاوبەشن.
٢- لە سیمبۆلی کۆماریدا، شمشێرێکی عەرەبی بەرانبەر بەخەنجەرێکی کوردی کێشرا بوو و بوو بە ڕەمزی عێراق، بەمە بە هەموو عەرەب و دنیا ڕاگەیەندرا کە ئەم عێراقە موڵکی ئەم دوو نەتەوەیەیە.
ڕێگەدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان کە داوا و بەرگری لە مافی گەلی کورد بکات.
٤- ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانییەکان لە سۆڤیەتەوە و قەرەبوو کردنەوەیان.
٥- دەرچوونی عێراق لە پەیمانی (سەنتۆ) کە یەکێك لە خاڵە گرنگەکانی ئەم پەیمانە ئەوە بوو، کە ئەگەر ڕاپەڕین و شۆڕش لە هەر پارچەیەکی کوردستان رووی دا هاوپەیمانان بۆ یان هەیە بەهێزی هەموویان سەرکوتی بکەن. بەم دەرچوونەی عێراق پەیمانەکە تێك چوو کە لە بەینی تورکیا،عێراقی مەلەکی، ئێران و پاکستاندا بە سترابوو

،،

خۆ ئەگەر (عەبدولکەریم قاسم) نەبووایە ڕەنگە هەروا بە ئاسانی خوا لێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی نەگەیشتبایەوە چیای شیرین، تا لە وێوە جاڕی شۆڕشی چەکداری بدات، هەروەها خوا لێخۆشبوو ئیبراهیم ئەحمەدیش هەر وا بە ئاسانی نەیدەتوانی ئیستگەی ڕادێوی دەنگی کوردستان لە ماوەت دابنێت و هەواڵی شۆڕشی چەکداری رابگەیەنێت.


هەر لە ژێر سایەی ١٤ی تەمووزدا بوو کە کوردی باشوور توانی خۆی کۆ بکاتەوە و خەڵك هۆشیار بکاتەوە و شۆڕش بکات.
گومان لەوەدا نییە کە کۆمەڵێک ئەفسەری بێ ئەزموون ئەم کارەیان ئەنجام دا، بەڵام نە گەلی عێراق بەتایبەتی کوردیش نەیانتوانی سوودی لێ وەرگرن و بە کارەسات کۆتایی هات.


تەنیا یەك نموونە دەخەمە بەرچاو، مەهداوی کە کەسی دووەم بوو لە عێراقدا، لە کاتی دادگایی کردنەکەدا گوتی (سنجعل كورستان العراق مشعل لتنير أجزاء أخرى من كوردستان الكبری ) هەر لەسەر ئەمەش سەریان بڕی و ئەفسەرە بەعسیەکە پێی گوتبوو ( راح نذبحك ونسوي راسك طوبة )هەندێک دەڵێن قاسم پەشیمان بوووە وهێرشی سەربازی کردە سەر کوردستان ئەمە ڕاستە. ئە مە عەقڵیەت و ئەخلاقی سیاسی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،
هەموو دەزانین کورد ڕۆلی سەرەکی هەبوو لە نوسینەوەی دەستوور، دامەزراندنەوەی سوپا و حوکومەتی عێراقدا، لە کاتێکدا کە سەرکۆمار، جێگری سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمان و سوپا سالاری عێراق کورد بوون، بەڵام حوکومەتی عێراقی ئێستا، هەموو ماددە دەستورییەکانی پێشێل کرد و لێی پەشیمان بووەوە و بە هێرشی سەربازی نیوەی کوردستانی لێ سەندینەوە، خۆ ئە گەر ڕۆڵی دەرەکی نەبووایە بە تایبەتی فەرەنسا هەتا قوشتەپە و چەمچەماڵ دەهاتن.


لە بارەی هەڵگیرساندنی شۆڕش، دژی ١٤ی تەمووز، من لە گەڵ زۆر لە سەرانی ئەو شۆڕشەدا گفتوگۆم کردووە. چەند نموونەیەك دەخەمە پێش چاوتان لە پەنێلێکدا لە تەلەفزیۆنی میدیا، مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد، شێخ عیزەدین حوسێنی و دکتۆر مەحموود عوسمان) و چەند کوردی باکوور، مامۆستا ئیبراهیم گوتی: ئێمە پەلەمان کرد وهەڵەمان کرد کە چەکمان دژی قاسم بەرزکردەوە. ئەمە لە وەڵامی پرسیارێکی مندا بوولە دەربارەی شۆڕشی ئەیلولەوە، ئێستاش ئەم پەنێلە لە ئەرشیفی تەلەفزیۆنی میدیادا ماوە.


٢- کۆبوونەوەی (قیادەی مەرکەزی حیزبی شیوعی عێراقی)مان لە ناوچەی گەڵاڵە گرێدا . پاش کۆبوونەوەکە خوا لێخۆشبوو (سامی عەبدولرەحمان) هات بۆ لامان. بە تایبەتی بۆ لای (ئیبراهیم عەلاوی)، لە گەڵ خۆی بڕێک ئازوقەشی بۆ هێنابووین، چونکە لە گەڵ عەلاوی کۆنە هاوڕێ بوون لە لیژنەی ئەندازیارانی حیزبی شیوعی، پاش قسە کردن پێمان گوت، دەەمانەوێ زیارەتێکی سەرۆك بارزانی بکەین، زۆری پێ خۆش بوو، گوتی ناوەکانم بدەنێ ئێمەش بەم شێوەیە ناوەکانمان نووسی:
١- موسڵح جەلالی
٢- ئیبراهیم عەلاوی
٣- محەمەد ئەمین پینجوینی
٤- عەبدول جەبار(ئەبو ئەنیس)


ڕۆژی دواتر کاك سامی هات، لە گەڵ خۆی بردینی بۆ بارەگای بارزانی لە (دیلمان) کۆبوونەوە لە کەشوهەوایەکی باشدا بەڕێوە چوو، هەندێ داواکاری لێمان هەبوو وهەندێک یارمەتیشی داین. ئیبراهم عەلاوی لەسەر شۆڕشی ئەیلول و حوکمی قاسم پرسیاری لە بارزانی کرد، بە کورتی ئاوا وەڵامی دایەوە (قاسم نێچیرێك بوو، ئێمە هیلاکمان کرد و بەعس بە پشتی ئینگللیز ڕاوی کرد).