كازمى، بۆچى خاڵه‌ سنوورییه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات؟

چیرۆكەكانی گەندەڵی لە دەروازە سنورییەكاندا

كازمى، بۆچى خاڵه‌ سنوورییه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات؟

223 خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە ئامانجی گەڕانەوەى داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت و شكۆی حكومەت بەسەر دامەزراوەكاندا، ڕێكخستنەوەی دەروازە سنورییەكانی كردۆتە كاری لەپێشینەی خۆی.

سەرەتا بە دەروازەكانی مونزرییە و مەندەلی هاوسنوری ئێران دەستی پێكرد، پاشان فەرماندەی گشتی هێزە هاوبەشەكان هەنگاوەكانی كۆنترۆڵ كردنی سەرجەم دەروازەكانی ئاشكرا كرد.

،،

فەرماندەی هێزە هاوبەشەكان فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی شاری بەسرەی ڕاسپارد كە كۆنترۆڵی تەواوی دەروازەی شەلامچە لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوەیت بكات، ئەمە جگە لەوەی فەرمانی بەهێزی دەریایی كرد، كە كۆنترۆڵی دەروازەی ئاویی ئوم قەسردا بگرێت.

عێراق لەگەڵ وڵاتانی وڵاتەكانی كوەیت و سعودیە و ئوردن و سوریا و توركیا و ئێران (24) دەروازەی وشكانی و ئاوی هەیە، كە داهاتی ساڵانەیان زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.


لەم نێوەندەدا، باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی گەندەڵی لەو دەروازانە دەكرێت، لەگەڵ چۆنیەتی ڕایی كردنی كارەكان لەلایەن دامەزراوەكانی وڵاتەوە، هەروەها باس لە ڕێگاكانی گەندەڵی لەو دەروازانە دەكرێت، وەك گۆڕینی نوسراوی فەرمی بە هەماهەنگی فەرمانبەرانی دەروازەكان و جۆری كەلوپەلەكان، بەمەش توانراوە قەبارەی گەندەڵیەكان داپۆشرێت و بەرگێكی یاسایی لەبەر بكرێت.


چی ڕوودەدات؟
عەلی والی ناوێكی خوازراوە، فەرمانبەری یەكێك لە دەروازە سنوورییەكانی عیراقە و لەبەر لایەنی ئەمنی نایەوێت ناوی ئاشكرا بكرێـ، ئەو دەڵێت:" ڕێگاكانی گەندەڵی زۆر لەوە فراوانترە كە باس دەكرێت، لێرە ڕەگەز و جۆری ئەو كەلوپەلانە دەگۆڕدرێت،كە هاوردە دەكرێن، بۆ ئەوەی گومرگی كەم بكرێتەوە، چونكە نرخی گومرگ بەپێی جۆری كەلوپەلەكە دەگۆڕێت، هەروەها كێشی باری لۆرییەكان كەمتر لە پێوانەی ڕاستەقینەی خۆیان دەنوسرێت، ئەم كارانەش سودێكی زۆری بۆ بازرگان و فەرمانبەرانی ئەو دەروازانە هەیە، كە وەك تۆڕێك پێكەوە كار دەكەن و هەر فەرمانبەرێك بەپێی پێگەی خۆی ئاسانكاری دەكات و لەبەرامبەردا بەرتیل وەردەگرێت".


دەشڵێت:" كەلوپەلەكان بە چەند قۆناغێكدا دەڕۆن، پاشان ڕێگا پێدانیان بۆ دەكرێت تا داخڵ ببن، بەڵام ئەمە بۆ هەموو كەلوپەلەكان ناكرێت و بەپێی لایەنەكان دەگۆڕدرێت".

،،

ئەو كارمەندە ئاماژە بەوەش دەكات كە" بارزگانانی ناوچەكە ناسیاویان لەگەڵ كارمەندەكان دروست دەكەن و دواتر بەپێی جۆری ناسیاوییەكە كارەكانیان دەكەن، بەرتیل لە دەرەوەی دەروازەكان بەو كەسانە دەدرێت كە ئاسانكارییان كردووە".


دەربارەی ئەو كارمەندانەی كە نەیانەوێت ئاسانكاری بۆ بارزگانەكان بكەن، عەلی والی دەلێت:" بارزگانەكان خاوەن نفوزێكی زۆرن لەو دەروازانە، ئەو كارمەندانە دەترسێنن كە ڕازی نین ئاسانكاریان بۆ بكەن،تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی ویستویانە كارەكە ڕابگرن، گواسراونەتەوە بۆ شوێنێكی دیكە".
دەربارەی گۆڕینی جۆری كەلوپەلەكانیش ئەو كارمەندە دەڵێت:"ئەم كارە بە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانەكاندا دەكرێت، بۆ نموونە بارهەڵگرێك بە كێشی 25 تۆن كرێمی پەنیر هەڵگرتووە، لە پێشەوەیدا 4 تۆن خۆراكێكی تێكردووە، دواتر هەموو بارەكە بەو خۆراكە گومرگ دەكرێت، كە نرخەكەی زۆر كەمترە لە بارە ڕاستەقینەكەی خۆی".


دەشڵێت:" زۆرجار كێشی تەواوەتی نانوسرێت، بۆ نموونە ئەو بۆی هەیە 25 تۆن بهێنێت، بەڵام 30 تۆنی هێناوە، لەگەڵ ئەوەی كێشی زیادە بەڵام غەرامەكە یان گومرگی هەموو بارەكەی نادات و لێی خۆش دەبن".


دەربارەی ئەو لایەنانەی كە ئەو گەندەڵیانە دەكەن، عەلی والی دەڵێت:" كۆمەڵێك لایەنی زۆرن كە جیا كراونەتەوە و بە لیست ناویان هاتووە، وەك شوێنە ئاینیەكان، هەندێك فەرمانگەی ئەوقاف، هەندێك لەو وەزارەتانەی كە پێویستیان بە كەرەستە هەیە،لەم نێوەندەدا، بازرگانەكان ئەمەیان قۆستۆتەوە و بە هاوكاری دەروازەكان خۆیان دەخەنە ناو لیستەكانەوە كە گوایە بۆ لایەنێكی پەیوەندیدارە، بەم شێوەیە ئەوانیش گومرگ ناكرێن".


لە دەروازەكانی هەرێمدا كەلوپەلی قەدەغە كراو هاوردە دەكرێت
لە دەروازەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، لە ڕێگای گۆڕینی جۆرەكەیەوە، كەلوپەلی قەدەغەكراو هاوردە دەكرێت، بەڵام لە دەروازەكانی هەرێمدا كەلوپەلە قەدەغەكراوەكانیش هاوردە دەكرێن.


بازرگانێكی عیراقی دەڵێت:" دروست كردنی كارگەكانی سپیەمەنی، پێویستی بە پارەیەكی زۆر نیە و ئاسانە، بەڵام دامەزراندنی ئەو كارگانە لەوەیە ببێتە هۆی كوشتن، چونكە چەكدارەكان و هەندێكی لایەنی دیكە هەڕەشە دەكەن، كە هیچ بازرگانێك بۆی نیە ئەو كارگانە لە عیراق بكاتەوە".
لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی دادوەری قەبارەی گەندەڵیەكانی ئاشكرا كرد و بە ماڵپەڕی" یوڵترا عراق"ی وتووە، كە" لە چەندین دەروازەوە سكاڵا لەسەر گەندەڵیەكان تۆمار كراوە، لیژنەش بۆ ئەو ڕێگری لەم گەندەڵیانە دروست كراوە و لە ئەنجامدا چەند دەروازەیەك بۆ ماوەی 15 ڕۆژ داخراون".


حكومەتی ئەلیكترۆنی:
صالح هاشمی پسپۆڕی ئابوری پێی وایە كە" تاكە چارەسەر بۆ كۆنترۆڵ كردنی دەروازە سنورییەكان حكومەتێكی ئەلیكترۆنیە، كە تەواوی زانیارییەكان لەڕووی هاوردە و هەناردە و بڕی گومرگ و كاڵە لەخۆ بگرێت و دوور بێت لە دەستكاری كردن و نوسراوی كاغەز، ئەم ئەزمونە لە زۆر ولاتان جێبەجێ كراوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە".


دەشڵێت:" پێویستە هاوردە كراوەكان، بەپێی یاسا ڕێگا پێدانیان بۆ بكرێت،كە هەردوو وەزارەتی بازرگانی و دارایی ڕێكارەكان دیاری دەكەن و پاشان مۆڵەتی هاتنە ناوەوەیان پێدەدەن".


دەشڵێت:" سیستەمی ئەلیكترۆنی كارەكان خێرا و وردتر دەكات، هەروەها كۆتایی بە یاری كردن بە نوسراوەكان دەهێنێت، لەگەڵ بەرواری بەسەر چون و زۆر لایەنی دیكە".


لە لایەكی دیكەوە، فەرماندەی هێزە هاوبەشەكان ڕایگەیاند، كە هێزێكی سەربازی بۆ 14 دەروازە دیاری كراوە و دەسەڵاتی تەواویشیان پێدراوە، كە بە فەرمانی سەرۆك وەزیران ئەو هێزە بۆ كۆنترۆڵ كردنی دەروازەكان پێكهێنراوە، هەروەها ئەو هێزانە دەتوانن كۆنترۆڵی تەواو دەروازە ئاوی و وشكانیەكان بكەن و میلیشیا چەكدارەكان لەو دەروازانە دووربخەنەوە.