ڕووسیا دەتوانێت کورد لە ئەمەریکا دوور بخاتەوە؟

ڕووسیا دەتوانێت کورد لە ئەمەریکا دوور بخاتەوە؟

656 خوێندراوەتەوە

ئاننا بۆڕشچێڤسکایا

لەکاتێدا مۆسکۆ بەردەوامە لە دەستتێوەردان لە ناکۆکییە هەرێمی و سیاسەت و پرسەکانی تایبەت بە وزە، واشنتۆن پێویستە لە پەیوەندییە لەمێژینەکانی لەگەڵ گروپە کوردییەکانی وڵاتە جیاجیاکان کەم نەکاتەوە.
پێشتریش لە مانگی تەمموزدا، ڕووسیا دووبارە هەوڵی دایەوە کە کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی بخاتە نێو دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد، هەرچەندە ئەمە لەهەمان کاتدا پێگەی ڕژێمەکەی ئەسەدی بەرز کردەوە بەهۆی رێگریکردن لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری مرۆیی ناوەوەی سنوور بۆ ئەم بەشانەی وڵاتەکە.
بەهەمان شێوە، پەیوەندی مۆسکۆ لەگەڵ کوردانی عێراق بە بەهێزی ماوەتەوە، تەنانەت وێڕای ئەوەی کرێملین گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی کوردانی سووریای هاوسێیان --- ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بەردەوام بەرەو هەرێمی کوردستانی عێراق فراوان دەبن و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زیاتر شڵەژاو و توڕە دەکات، هەڵکردووە.
لە ناوخۆی ڕووسیاشدا، بەرپرسانی باڵا و شیکەرەوان ناوە ناوە باس لە گرنگیی "پرسی کورد" دەکەن لە ناوچەکەدا. نیەتی ڕاستەقینەی پشت هاوسۆزیی لەم شێوەیە هەرچیەک بێت، مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە لەوەی پەرە بە پەیوەندییە قووڵ و هەمەلایەنەکەی بدات لەگەڵ گرووپە کوردییە جیاجیاکان تا ئەوکاتەی ناکۆکییەکانی ناوچەکە درێژەیان هەبێت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکە، بەڵکو بۆ زیاتر دوورخستنەوەی کوردەکان لە ئەمەریکا.

پەیوەندییە مێژوییەکان

هیچ وڵاتێک هێندەی ڕووسیا پشتیوانی کوردەکانی نەکردووە. مێژووی ئەم پەیوەندییانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی کاسرینی فەرمانڕەوا مەزنەکە، کاتێک ڕووسیای ئیمپریالی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و فارسی بەگژ یەکدا چوون، رووبەڕووی خێڵە کۆچەرییەکان بوویەوە و ئێزیدییەکانی کردە بەشێک لە ئەجێنداکەی لەکاتی فراوانخوازییەکانی لە قەوقاز. سەرکردە ڕووسەکانیش تا دەهات کوردەکانییان زیاتر وەک هێزی بەرزکردنەوەی دژی نەیارەکانیان دەبینی، لەکاتێکدا کوردەکانیش ئیمپراتۆریەتی ڕووسیییان وەک پارێزەری سەرەکی دەبینی، بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵانی 1900کان.

،،

دوای شۆڕشی بۆڵشەڤیک، مۆسکۆ بەردەوام پرسەکانی ناسنامەی نەژادیی دەقۆستەوە لەڕێی بزووتنەوە بەناو "ئازادکردنەکان"، ئەوەش بە مەبەستی هاندانی شۆڕش لە ئێران، عێراق و تورکیا، لە هەر حاڵەتێکیشدا لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دانیشتوانە کوردەکان دەکرد. لە ساڵی ١٩٢٣شدا، دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت "کورستانی سوور"یان دروست کرد، کە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ماوە کورت بوو لە ئازەربایجان.


کوردەکان لە تیرۆری مەزن (کەمپینی سەرکوتکردنی سیاسی) ڕایان نەکرد و بەردەوام بەشێوەیەکی بەرچاو لە هزر و بیری سەرکردایەتی سۆڤیەتدا بوون. هەر بەم شێوەیە و لە ساڵی ١٩٤٦، مۆسکۆ پشتیوانی گرووپێک لە کوردەکانی کرد کە کۆماری مەهابادی سەربەخۆیان لە باکووری ئێران ڕاگەیاند. دوای ڕووخانی لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٦، مستەفا بارزانی سەرکردەی کوردی عێراق، کە جەنەراڵێکی سوپای کۆماری مەهاباد و دامەزرێنەری "پارتی دیموکراتی کوردستان" بوو بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لەگەڵ پارتیزانەکانی پەناهەندەی یەکێتی سۆڤیەت بوون. لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، کرێملین (کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا) پشتیوانی ئۆتۆنۆمی کوردی کرد وەک کارتێکی فشار دژی بەغداد، فشارەکەشی ڕۆڵی هەبوو لە مۆرکردنی رێککەوتنێکی ئۆتۆنۆمی لە ساڵی ١٩٧٠.

سیاسیەتی هەنووکەی ڕووسیا بەرامبەر کوردەکان

سەرۆک ڤلادیمێر پۆتین و بەرپرسانی دیکەی باڵا زۆربەی کات جەخت لە پەیوەندی مێژوویی تایبەت لەگەڵ گەلی کورد دەکەنەوە، هەروەها ستایشی ئازایەتییان لە بەرەنگاربونەوەی "چارەنووسی دژوار" و کاریگەرییان لە شەڕی دژی تیرۆر دەکەن.
تەنانەت هەندێ لە کوردەکان ڕۆلی فەرمییان لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووسیا وەرگرتووە - - بەپێی هەواڵی میدیای فۆڕبس، "زەلیمخان موستۆیڤ" ،کوردە ئێزیدی ئەندامی دۆما (ئەنجومەنی یاسادانانی ڕووسیا)" بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا یاوەری شاندە مرۆییەکانی کردووە لە بەغداد و هەرێمی کوردستان."


بەڵام لە واقیعدا، زیاتر دوورخستنەوەی کوردەکان لە واشنتۆن سەرەکیترین پاڵنەری سیاسیەتی پشتیوانکاری ڕووسیایە بەرامبەر کوردەکان. بۆ نموونە، لە کاتێکی دواتری ساڵی ڕابردوودا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕێگرییان لە دیالۆگ دەکرد لەنێوان کوردانی سووریا و دیمەشق. هۆشداریشی دایە کوردەکان کە گرەو لەسەر پشتیوانی ئەمریکا نەکەن، چونکە بەپێچەوانەی هێزەکانی ڕووسیاوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا "نایاسایی" بوون. پوتینیش هاوسۆزیی هاوشێوەی نیشان دا لە مانگی تشرینی یەکەم و ڕایگەیاند: " ئەوەی ئێستا بەدەست هاتووە بە پاڵپشتی کوردەکان و لە بەرژەوەندی ئەوانیش بەدەست هاتووە... خەڵک دەبینن و تێدەگەن کە سوپای ڕووسیا بۆ پاراستنیان هاتووە."

،،

وێڕای بەکارهێنانی پرسی کورد وەک کوتەکێک دژی واشنتۆن، بەڵام مۆسکۆ زۆر دوودڵە لەمەڕ چارەی خۆنووسینی کوردەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی کوردەکانی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦، پوتین ڕایگەیاند:" ئێمە دەست ناخەینە نێو کاروبارە نێوخۆییەکانی عێراقەوە." بێگومان مۆسکۆ هیچ ڕێگرێکی نییە دەربارەی دەربارەی دەستتێوەردانەوە کاتێک بەرژەوەندییەکانی وا بخوازن; لەم حاڵەتەدا، تەنیا پێیباشبووە دەستتێوەردان نەکات.


لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی دوودڵی ڕووسیا بەرهەمدار بووە بۆ کوردەکان. کاتێک هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ ڕێفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، ڕووسیا هەڵوێستێکی بێلایەنی گرتە بەر لەم هەنگاوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا و تەواوی یاریکەرەکانی دیکەی سیاسیەتی دەرەکی بەفەرمی لەدژی وەستانەوە. لەنێو پاشەکشەی نێودەوڵەتیی کە لە پێش و دوای ڕیفراندۆمیش ڕوویدا، مۆسکۆ نەرمبوونەوەی زیاتری بەدەست هێنا لەڕێی خستنەگەڕی پڕۆژەی زیاتری وزە لە هەرێمی کوردستانی ئاتاج بە پارەی نەقد، سەرەنجام خۆی وەک یاریکەرێکی باڵای نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەکە جێگیر کرد.
بۆ نموونە ،لە شوباتی ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسی نزیکەی ٣.٥ ملیار دۆلاری بە قەرز دایە هەرێمی کوردستان، هەروەها گرێبەستی واژوو کرد بۆ پەرەپێدانی پێنج بلۆکی بەرهەمهێنانی نەوت و وەبەرهێنانی لە ژێرخانی هەناردەی نەوت و گازی نێوخۆیی کرد.
لە سووریا، ڕووسیا بەدرێژایی کاتی جەنگ کوردەکانی وەک کارتێکی بەهێز بەکار هێناوە، بە مەبەستی هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات و ڕازیکردنی تورکیا بەوەی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەسەدەوە بگۆڕێت. بەپێچەوانەی واشنتۆنیشەوە، کرێملین هەرگیز پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەناساندووە و پەیەدەی لقی سووریای رێکخراوەکەش لە شوباتی ساڵی ٢٠١٧ ەوە ئۆفیسی لە شاری مۆسکۆ هەیە.

سەبارەت بە کوردەکانی سووریا، لاڤرۆڤ لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا ڕایگەیاند کە پێویستە بەشار ئەسەد کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سووریای پێ بدرێت "لەگەڵ ئەو لێکگەیشتنەی کە پێویستە کوردەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونی لەمێژینەی خۆیان مافەکانیان فەراهەم بکرێت." لەڕاستیدا مۆسکۆ خۆی وەک نێوەندگیرێک نیشان دەدات و جەخت لە جێکردنەوەی مافە یاساییەکانی کورد لە دەستووری سوریا دەکاتەوە.
لەلایەن خۆیانەوە، کوردانی سووریا بەردەوامن لەوەی هیوا هەڵچنین لەسەر ئەمەریکا زیاتر لە ڕووسیا، چونکە هاوئاهەنگی سەربازی نێوان کورد و ئەمریکا گەورەترین ڕێگای توڕە کردنی تورکیا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرکە واشنتۆن ڕایگەیاند کە لە سووریا دەکشێتەوە، کوردەکان بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە نزیکبوونەوە لە مۆسکۆ و ئەسەد، بەمەش هەلێکی دایە پوتین تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکان قووڵتر بکاتەوە و هێزێکی سەربازی نوێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جێگیر بکات.

دەرئەنجام
جگە لە دەستکەوتە تاکتیکییە کاتییەکان، کوردانی سووریا هەرگیز سوودیان لە پشتیوانی ڕووسیا وەرنەگرتووە. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە -- لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، سەدان کوردی سڤیل لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی تورکیا لە عەفرین مردن، ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بەبێ ڕەزامەندی و هەماهەنگی مۆسکۆ ئەگەری بەرەوپێشچوونی نەبوو. لەوکاتەدا سیپان حەمۆ، فەرماندەی سەربازی پەیەدە ڕووسیای بە خیانەتکردن لە کورد تۆمەتبار کرد، لەکاتێکدا مۆسکۆ بە ناڕاستەوخۆ ئەمەریکای بە تۆمەتباری قوربانییەکان دەزانی.
مۆسکۆ بەهەمان شێوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی تورکیا لە باکوری عێراقیش هیچ کارێکی ئەنجام نەداوە. تا ئەوکاتەی ڕووسیا بەرژەوەندی لە ناکۆکی تورکیا لەگەڵ کوردەکان هەبێت، بەرژەوەندی خۆی بڕیارەکانی ئاڕاستە دەکات نەوەک کاروبارە مرۆییەکان.
تەنانەت ئەگەر واش بێت، هەماهەنگی کورد لەگەڵ ڕووسیا کارێکی ماقووڵانەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەش لە شوێنی کوردەکان بووایە بەدوای هەموو جۆرە پشتیوانییەکی دەرەکی دەگەڕا. وەک ئەو قسە زیرەکانەیەی مستەفا بارزانی کە جارێک وتی "من وێڵێکی کوێرم... گوێ بەوە نادەم کە کێیە ئەو کەسەی پارە دەخاتە نێو دەستەکانمەوە."
بەم پێیەش، بەرپرسانی ڕۆژئاوا پێویستە هەژموونی مۆسکۆ لەگەڵ کوردەکانی سوریا و عێراق و شوێنەکانی دیکە بە کەم سەیر نەکەن. هەروەها بەهۆی ئەوەی کرێملین بەشێوەیەکی دڕندانە و زۆرجاریش تێکدەرانە بەردەوام دەبێت لە بەدواکەوتنی ئامانجەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ڕۆژئاوا پێویستە هێزی زیاتری بەرزکردنەوەی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا کوردەکان دابمەزرێنێت.

وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان
ئاننا بۆڕشچێڤسکایا بەرپرسێکی باڵای ئینستیتیوتی واشنتۆنە
ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسیەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک

 

author photo

شارەزا لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی