لە بەیروت چی ڕوویدا؟

ترسی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی هەیە

لە بەیروت چی ڕوویدا؟

560 خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی لوبنان ئاشكرای كرد ،بەهۆی تەقینەوەكەی مەرفەئای بەیروت، دەیان كەس كوژران و نزیكەی 3000هەزار كەسیش برینداربوون،هەروەها سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لوبنان تەقینەوەكەی بە كارەساتبار ناوزەند كرد.


تەقینەوەكە كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕویدا،بەشێوەیەك بەهێز بوو كە هەموو پایتەختی هەژاند، هەر بەهۆی بەهێزییەوە زیانی بە زۆرینەی گەڕەكەكانی شارەكە گەیاند، هەروەها شوشەی پەنجەرەی ماڵەكانی هێنایە خوارەوە، كەسانێكیش لە كەنداوی قوبرس دەڵێن گوێمان لە دەنگی تەقینەوەكە بووە.
حەمەد حەسەن وەزیری تەندروستی لوبنان لە میانەی بەسەركردنەوەی نەخۆشخانەكانی بەیروت بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" دەیان شەهید و هەزارەها بریندار هەیە".


وتیشی:" بە واتای كەلیمە ئەوە كارەسات بوو"، هەروەها داوای كرد ئەو بریندارانەی برینەكانیان سوكە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەكانی دەرەوەی بەیروت، چونكە سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ بوون لە بریندار و جێگا نەماوە.


تەقینەوەكە هێندە بەهێز بوو، كە لە مێژووی لوبناندا بوونی نەبوو، لەگەڵ خۆیدا زەوی لەریوەتەوە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە خەڵكی هەستیان كردووە كە بومەلەرزەبووە،بۆیە خەڵكی بە چاوی گریانەوە هاتونەتە سەر شەقامەكان و هەندێكیشیان بەهۆی ڕوخانی ماڵەكانیان بریندار بوون ، ویستویانە بزانن چی ڕوویداوە؟


لەبارەی شوێنی تەقینەوەكە، ئاژانسی نیشتیمانی لوبنان لە دوو سەرچاوەی ئەمنیەوە بڵاوی كردەوە،كە تەقینەوەكە لە كۆگایەكی چەك ڕوویداوە، هەروەها سەرچاوەیەكی ئەمنی سێیەم ئاشكرای كرد لەو ناوچەیە كەرەستەی كیماوی كۆگا كراوە .

،،

لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، وێنە و گرتەیڤیدیۆیی تەقینەوەكە بڵاو كرایەوە، كە دوكەڵێكی زۆر بە ئاسماندا دەڕوات، وا دیارە تەقینەوەكە زۆر بەهێزە، چونكە هەموو گرتە ڤیدیۆییەكان لە دوای تەقینەوەكە لەرزەیەكی زۆریان تێدەكەوێت، وا دیارە ئەو كەسەی گرتەكان تۆمار دەكەن دەكەون بە زەویدا.


گەورەیی تەقینەوەكە، وایكردووە كە ترسی زیادبوونی ژمارەی قوربانیەكان هەبێت، چونكە تاكو ئێستا زیاتر لە 50 كەس كوژراون و سێ هەزار كەسیش برینداربوون، هۆكاری ئەم ترسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نەخۆشخانەكانی بەیروت پڕ بوون، هەروەها توانای چارەسەركردنی هەموو بریندارەكانیشیان نیە، ئەمە جگە لەوەی دەنگۆ هەیە كە چەندین تەرم هێشتا لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەكانی مەرفەئا و دەوروپشتین و دەرنەهێنراوەتەوە.


لەلایەكی دیكەوە، نەخۆشخانەكانی بەیروت لە بانگەوازێكی بەپەلەدا داوایان لە هاوڵاتیان كرد بە بەخشینی خوێن گیانی سەدان كەس ڕزگار بكەن، هەروەها وەزیری تەندروستیش داوای لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد كە بە چەندین فڕۆكەی فریاگوزاری هاوكاریان بكەن، ئاماژەی بەوەش كرد كە لەگەڵ قەتەر لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی چەندین نەخۆشخانەی مەیدانی بكەنەوە.


سەربازێك لە نزیك تەقینەوەكە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند:" لە ناوەوە كارەسات خوڵقاوە، دەیان تەرم لەسەر زەوی كەوتوون، ئۆتۆمبێلەكانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گواستنەوەی بریندارەكان.


ژمارەی بریندارەكان هێندە زۆرن، كە كەناڵی " الحرە" لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاوی كردەوە، تەنانەت دوای دوو كاتژمێر لە تەقینەوەكە، هێشتا بریندار لە شوێنەكانی بەیروت مابوون و دەگوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەكان.


لە بارەی هۆكاری تەقینەوەكان، دەستبەجێ پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژكرا، سەرچاوەیەكی ئەو وڵاتە بە كەناڵی " الحرە"ی ڕاگەیاند، كە" ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەكی بە ڕووداوەكەوە نیە"، هەروەها غابی ئاشكنازی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند" دەوترێت تەقینەوەكە بەهۆی ڕووداوێكەوە بووە، ئێمە بەوردی چاودێری بارودۆخەكە دەكەین، هیچ هۆكارێك نیە بۆ تەقینەوەكە، چونكە ئێمە باوەڕ ناكەین شتێك لە بەیروتەوە هاتبێت".

،،

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەرباری نیگەرانی خۆی لە ژمارەی زۆری قوربانیەكان ڕایگەیاند" تاكو ئێستا نازانین هۆكاری تەقینەوەكە چی بووە، ئمە بۆ حكومەتی لوبنان جێدەهێڵین تا زانیاری زیاتر بدات".


ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەمریكا لەگەڵ لوبنان لە پەیوەندیدا دەبێت، بۆ ئەوەی بزانێت هیچ هاوڵاتیەكی ئەمریكی بۆتە قوربانی یاخود نا".


هەرچی پەیوەست بە شوێنی تەقینەوەكە هەموو زانیاریەكان ئەوە پشت ڕاست دەكەنەوە، كە ئەو ناوچەیە كۆگای چەك و تەقەمەنی لێیە، لەم بارەیەوە حەسان دەیاب سەرۆكیحكومەتی لوبنان ڕایگەیاند:" لە 2014ەوە هەستمان بە مەترسی كۆگای چەك لەو شوێنە كردووە،بەڵام ئێمە پێش لێكۆڵینەوەكان ناكەوین، ئێستا كاتی مامەڵە كردن لەگەڵ كارەساتەكەیە لەگەڵ گواستنەوەی تەرمی شەهیدەكان و چارەسەركردنی بریندارەكان، دڵنیاتان دەكەمەوە، ئەم كارەساتە بەبێ لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ڕووداوەكە تێناپەڕێت، بەڵێن دەدەین بە شەهیدەكان و بریندارەكان سزایان دەدەین".

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی