داوای کورد بۆ پشکداریی لە سامانی نەوتی عێراق و هەڕەشەی سەربەخۆیی

داوای کورد بۆ پشکداریی لە سامانی نەوتی عێراق و هەڕەشەی سەربەخۆیی

302 خوێندراوەتەوە

د. یاسین سەردەشتی


رۆژنامەی بریتانیی (Coventry Evining Telegraph) کە لەرۆژی شەممەی ریکەوتی ٩ی یەنایەری ١٩٦٥دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بابەتێکی بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت:
" لەمۆزەی بەغدا، هەلکۆڵینێکی بەردیی، پاشای ئاشوریی پێشاندەدات کە ٢٧٠٠ سال لەمەوپێش، باج و سەرانە لە "کالهو"دەسێنێ لەباکوری عیراق.


کالهو، لەناوچوون و هەروەها پاشاکان و دەسەڵاتدارە شکۆمەندەکانیش، بەڵام رەوشەکەی بکوری عێراق هاوشێوەی دۆخەکەی ٨٠٠ ساڵ پێش زاینە.
ئەمێستا، باکور لەلایەن سەرۆکی پارتیزانەکانەوە کە مەلامستەفا بارزانی ناوە، فەرمانڕەوایەتیی دەکرێت. ئەو ئێستا داوای باج و سەرانە لەحکومەتی عێراق دەکات – ملیۆنەها پاوەند لەپارەی نەوت بۆ خێڵە کوردییەکان.


خواستی خودموختاری و بەشداریی لەئابووری بۆ نزیکەی دووملیۆن کورد کە لەناوچە بەرزایی و چیاکان نیشتەجێن – ئەو ناوچەیەی کوردستانی پی دەوترێت- بارزانی لەساڵی ١٩٦١ەوە خێڵەکانی کۆکردەوە و لەدژی حکومەتی عێراق ملیان لەجەنگ نا.

،،

جەنگەکە زیاتر لەدووساڵ درێژەی کێشا. جەنگاوەرە جامانە بەسەرەکانی بارزانی، بەچەکی سوک چەکداربوون، بەڵام شارەزایی و سەلیقەی جەنگاوەریان هەبوو، ئەوان بێ وەستان و بەچەسپاویی، شەڕی سوپای عێراقیان دەکرد کە بەچەکی مۆدێرنی سۆڤێتیی چەکداربوو. وێڕای ئەوەی نزیکەی ٤٠ گوند بەبۆمباران یان بەهێرشی زەمینیی کاولکران، یاخود لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە رووخێنران (نەمبیستووە کورد خۆیان گوندێکیان رووخاندبێت/سەردەشتی). لەهەردوولاش ژمارەیەکی نادیار مردوون.


لەفێبرایەری رابردوودا، ئاگربەستێک راگەیەندرا، بەغدا رازییبوو کە بڕێکی دیاریکراو لەخودموختاری بداتە کوردان و حکومەتیش دەستیکرد بەهەندێک پرۆژەی بنیاتنانەوە لەباکور. بەڵام هێشتا دانوستان بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی هەمیشەیی نەکراوە، هەرچەندە دەشێت کارێکی وا بەمزووانە دەستپێبکات.


ئاماژەکان بەو شێوەیەن کە حکومەتی سەرۆک عەبدولسەلام عارف، واباشترە کە دەستەبجێ پاش ئاگربەستەکە دەست بەگفتوگۆی ئاشتیی بکات، چونکە کوردان هەمانکات توندتر دەست بەداواکانیانەوە دەگرن و خواستەکانیان زیاتردەکەن.


بارزانی، کەهەمیشە داوای بەشداریی رێژەیەکی لەسامانی نەوتی عێراقدا کردووە – ئەوەی زۆربەی لە کەرکوک بەرهەمدێت کە دەکەوێتە لێواری خاکی کوردستانەوە (بەڵگە مێژووییەکان و جیۆگرافییەکان و ئابوورییەکان دەیسەلمێنن کە کەرکوک بەدرێژایی مێژوو بەشێکی دانەبڕوا بووە لەخاکی کوردستان/سەردەشتی) – ئێستاکە داوای بەشداریی لەباج و داهاتەکانی دیکەی حکومەتدا دەکەن.

کێڵگەکانی نەوت
بەشداریی لەداهاتی نەوت بەتەنیا داوایەکە لەلایەن کوردانەوە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکە لەوانەیە ساڵانە زیاتر لە ٣٥ ملیۆن دۆلار بێت.
تەنانەت ئەو ناوچانەی کەلەلایەن کوردانەوە ئیدیعا دەکران فراوانکراوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی زالار و بوتمار (پێدەچێت مەبەستی زومار بێت/سەردەشتی) بگرێتەخۆ، کە دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی پەلاماری هێزەکانی بارزانی بیانگاتێ.

،،

وەک راپۆرتەکان ئاماژەی بۆدەکەن، کوردان کۆنترۆڵی تەواوی سیاسیی و سەربازییان بەسەر چیاو بەرزاییەکاندا هەیە و دەستیان بەدامەزراندنی بناغەی حکومەتدارییش کردووە. ئەوان دەستیان بەسەر هەموو رێگاکاندا گرتووەو باح کۆدەکەنەوە.


سەرکردەکانی کورد هەرەشەی ئەوەیانکردووە، کە ئەگەر عێراق پێشئەوەی چارەسەری گرفتی باکور بکات، یەکگرتن لەگەڵ میسردا بکات، ئەوا ئەوان کوردستانی سەربەخۆ رادەگەیەنن.


چاودێرانی سیاسیی لەبەغدا دەڵێن کە ناسڕی سەرۆکی میسر درکیکردووە کە چارەسەری سەربازیی دژی کورد مەحاڵە.
زۆر لەعێراقییەکان، بەتایبەت ئەفسەرانی سوپا، باوەڕیان بە بەرهەڵستیکردنی پێدانی هەر پلەیەکی بایەخداری خودموختارییە بەکوردان.
ناوچەکەی بارزانی دەکەوێتە نێوان سنورەکانی هەریەک لەئێران و تورکیاوە، سنورەکانی تورکیا بەتوندیی بەرووی کورداندا داخراوە، بەڵام ئێران رێگەی بەپیاوەکانی بارزانی داوە، بەنهێنیی، بەڵام ئازادانە، بەمدیو و بەودیوی سنوردا بێنو بچن.