داهاتووی لوبنان چۆن دەبێت؟

داهاتووی لوبنان چۆن دەبێت؟

262 خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، تەقینەوەیەكی بەهێز بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند، كە بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و هەزارەهاش برینداربوون، هەروەها زیانێكی زۆری لە باڵەخانە و كۆگاكانی خواردنی شارەكە دا، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو وڵاتە بەچەندین قەیرانێكی قوڵی ئابوریدا تێدەپەڕێت، هۆكاری ئەم قەیرانە بۆ زۆربوونی قەرزەكانی و دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەكە و مایەپوچ بوونی بانكەكان دەگەڕێتەوە،بۆیە تەقینەوە بەهێزەكە وڵات دەخاتە بەردەم داهاتوویەكی نادیار، هەروەها گرنگترین پرسیار لەئێستادا كە دەكرێت،ئەوەیە داهاتووی ئەو وڵاتە چۆن دەبێت؟


ئالێكس وارد نوسەر لە ماڵپەڕی vox داهاتووی لوبنان بەڕەش بین دەبینێت،هەروەها هۆشداری لە داهاتوویەكی " وێرانكەر" دەدات.


ئەو نوسەرە دەڵێت:" تەقینەوەكە دۆخی ئابوری خراپتر دەكات، هەروەها نزیكە ڕاپەڕینێكی جەماوەری لەو وڵاتە سەرهەڵبدات، بەمەش كێشەی لوبنانیەكان مەودا درێژتر دەبێت و ئاسۆی چارەسەریش دیار نامێنێت".


ئەو نوسەرە ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ خراپی دۆخی ئابوری وڵات، ئەم تەقینەوەیە چەندین كێشەیەی دیكە دەخوڵقێنێت، لەوانە نەمانی پاشەكەوتی خۆراك و پارە، داڕمانی بەهای دراو، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەتاڵی بۆ نزیكەی لە سەدا 25، ئەمە لە كاتێكدایە سێ یەكی دانیشتوانی لوبنان لەژێر هێڵی هەژاریدان.

،،

كەمبوونەوەی داهات لوبنانیەكان توشی هەژاری دەكات، بەشێوەیەك هەندێكیان ناچار دەبن ڕۆژانە یەك جار نان بخۆن یان بە دوو ڕۆژ یەك ژەم نان بخۆن، هەروەها لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە، دۆخەكە بەرەو خراپتر دەڕوات، كە دەبێتە هۆی گرانبوونی پێداویستیە گرنگەكانی ژیان وەك خۆراك.


زۆرێك لە پسپۆڕان هۆشداری لەوە دەدەن، كە لوبنانیەكان دەبنە" پەناهەندە"ی وڵاتان، بەڵام پێناچێت وڵاتانی دراوسێ لوبنانیەكان وەربگرن،هۆكارەكەشی بۆ پێگەی جوگرافیای لوبنان دەگەڕێتەوە.


هەروەها چاوەڕوان ناكرێت سندوقی نەختی نێودەوڵەتی هیچ هاوكارییەكی حكومەتی لوبنان بكات،چونكە حكومەتی لوبنان نەیتوانیوە بەشێوەیەكی گونجاو دۆسیەی ئابوری وڵات بەڕێوە ببات، هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە گەندەڵی و بەهەدەردان تێوەگلاون، بەشێوەیەك ئەو پسپۆڕانە باس لە دیار نەمانی 49 ملیار دۆلار دەكەن، كە لە گەنجینەی بانكی ناوەندی دیار نەماوە،كە دەكاتە ڕێژەی لە سەدا 91ی داهاتی ئابووری لوبنان بۆ ساڵی 2019.


لی لورا بیڵ، پسپۆڕی لوبنانی لە زانكۆی وێست تەكساس بۆ ماڵپەڕەكە دەڵێت:" دۆخەكە زۆر خراپە، قەیرانی سیاسی، ئابوری، كەمی سەرچاوەی داهات، پەتای كۆرۆنا، ئێستاش تەقینەوە"


دەشڵێت:" زۆر بە ئاسانی لوبنان دەبێتە وڵاتێكی شكستخواردوو، ئەگەر هاوكاریە نێودەوڵەتیەكان بەش نەكات".
پسپۆڕان ترسیان هەیە لوبنان هاوشێوەی فەنزوێلای لێبێت، ئەمەش واتەی " داڕمانی تەواوە" لە هەموو ڕوەكاندا.

،،

ئەوەی مەترسی زیاتری هەیە، ئەوەیە كە بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی و ئابورییەوە، ڕاپەڕینێكی جەماوەری دژی حكومەت لەو وڵاتە بەرپا ببێت، لەم كاتەشدا قەیرانی سیاسی زۆر زیاد دەبێت و دەرفەتێكیش بۆ دەستوەردانی دەرەكی دێتە كایەوە، كەدۆخی لوبنان تەواو ئاڵۆز دەكات و ئاسۆی چارەسەر بزر دەبێت.


دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە قەیرانی دارایی لوبنان بۆتە هۆی داڕمانی ئابووری و زیادبوونی قەرزەكان و دابەزینی بەهای دراو، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەو وڵاتە پێویستی بە 93 ملیار دۆلار هەیە، بۆ ئەوەی لەو قەیرانە ڕزگاری ببێت.


لە كۆتایشدا، جیمس ریكاردز پارێزەر و نوسەری ئابوری و سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی مارك دۆبویتنز، دووپاتی دەكاتەوە، ئەوەی دۆخی لوبنانی بەم ڕۆژە گەیاندووە حیزبوڵڵایە كە دەستی بەسەر حكومەتدا گرتووە.