ئەرکەکە ئەنجامدرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ڕۆکێتەکان

ئەرکەکە ئەنجامدرا

1226 خوێندراوەتەوە

ئەرکەکە ئەنجامدرا - "Mission Accomplished"، پانزە ساڵ بەر لە ئێستا، لە کۆتایی ئەپریلی ٢٠٠٣ دا، جۆرج بوشی کوڕ لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆلنەوە ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا ( ئەرکەکە ئەنجامدرا ) وەک هێمایەک بۆ کۆتایهێنان بە ڕژێمەکەی سەدام حسێن و کەوتنی دەوڵەتی عێراق لەبەردەم سوپای ئەمریکادا .

لە پاش پانزە ساڵ، دۆناڵد ترەمپ لە هەمان کەشتیەوە سوریای بەر رۆکێتەکانیدا،  هەمان دەستەواژەی بوشی کوڕی بەکار هێنایەوە "Mission Accomplished" بەڵام ئایا ئەرکەکە ئەنجامدرا ؟ ئەرکەکەی جۆرج بوش بووە مۆتەکەیەک، لەماوەی هەشت ساڵی مانەوەی لە کۆشکی سپیدا بەرۆکی بەرنەدا، سوپای ئەمریکای لە زۆنگاوێکدا گیرکرد کە ناوی عێراقە،  زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی تیادا کوژرا، هەزارانی تریش برینداربوون، جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی بەهۆی ئەو ئەرکەوە کوژران، ملیۆنەهای تریش ئاوارە و دەربەدەربوون، ئەرکێکی دیاری کراوی هەبوو، ئەویش دۆزینەوە و نەهێشتنی چەکە کیمیاییەکانی سەدام بوو لە عێراقدا، بەڵام کاتێک هاتن، شتێکی تریان دۆزییەوە کە نەمانی ئەو چەکە کیمیاییانەبوون.

لە ساڵی ١٩٩٦ وە سەدام لەبەرچاوی لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی پێهێنابوون،  بوش توشی بێ هیوایی و شەرمەزاریەکی گەورەی نێودەوڵەتی بوو، چەندە وەزیرە هەزەلیەکەی سەدام ( محەمەد سەعید سەحاف ) کە بە علوج ناوبانگی دەرکرد، گاڵتەجاری بوو، جۆرج بوشیش بەهەمان شێوە بووە گاڵتەجاڕی میدیاکانی خۆرئاوا .

،، 

ترەمپ کە خەریکە بە سەرۆکی رۆکێتەکان ناوبانگ دەردەکات بەهۆی ئەو هەڕەشە زۆرانەی لە وڵاتانی تری دەکات بە هێرشی رۆکێتەکانی . بۆ کۆریای باکوور پەیام دەنێرێت ( رۆکێتەکانمان بەهێزن و دوگمەکانی گەورەترن ) بۆ ڕوسیا ( رۆکێتەکانمان جوان و زیرەکن ) بۆ ئێران ( رۆکێتەکانمان خێرا و جەهەنمین )

SDC
کەشتی فرۆکە هەڵگری ئەبراهام لنکۆڵن

دۆناڵد ترەمپ کە خەریکە بە سەرۆکی رۆکێتەکان ناوبانگ دەردەکات بەهۆی ئەو هەڕەشە زۆرانەی لە وڵاتانی تری دەکات بە هێرشی رۆکێتەکانی بۆ کۆریای باکور پەیام دەنێرێت ( رۆکێتەکانمان بەهێزن و دوگمەکانی گەورەترن ) بۆ ڕوسیا ( رۆکێتەکانمان جوان و زیرەکن ) بۆ ئێران ( رۆکێتەکانمان خێرا و جەهەنمین ) ...هتد

ترەمپ لەپاش هێرشی رۆکێتەکانی بۆ سەر سوریا، کۆتایی ئەرکەکەی ڕاگەیاند، بەڵام ڕاگەیاندن و ستراتیژیستەکانی ئەمریکا، ترەمپیان خستووەتە ژێر پرسیارێکی بێ وەڵامەوە، ئایا ئەو ئەرکە چی بوو ؟ لە ستراتیژدا ئامانجەکەی چی بوو ؟ تا چەند چارەسەری جەنگی حەوت ساڵەی سوریا دەکات ؟ پێگەی ئەمریکا لە سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەچی دەکات ؟ ئایا دڵنیایت سوریا چەکی کیمیایی ماوە و هەیەتی ؟ چونکە لە ساڵی ٢٠١١ دا بە چاودێری لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆتایی پێهێناوە.

،،

ئەم پێنج بەهانەیە بۆ دروستکردنی جەنگ لەلایەن ئیدارەکانی ئەمریکاوە ، چی تر بۆ گەلی ئەمریکی موقنیع نین، وەک ئەمریکییەکان خۆیان دەیڵێن،  بۆیە ترامپ لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەبێت سیاقی تر بدۆزێتەوە کە شەرعیەتی هێرشەکەی بۆ سوریا لای ئەمریکا وخەڵکەکەی ڕوونبکاتەوە . تێیان بگەیەنێت ئەرکەکە چۆن ئەنجام درا.

SDC
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ئایا هەمان سیناریۆی چەکی کیمیایی عێراقی لە سوریاشدا دووبارە کرایەوە ؟ لەو هێرش و ئەرکە ئەنجام دراوەدا، تا چەند روسیای لێ ئاگادارە و بۆچی نەتوانرا هێرشی کاریگەر و ناڕاستەوخۆش بێت بکاتە سەر سیاسەت و پێگەی ڕوسی لە سوریادا ؟ ئایا ئەو ئەرکە کورت و خێرایە، وەک ئەرکە کورت و خێراکەی جۆرج بوش کە تا ئێستا لە عێراقدا تەواو نەبووە ( وەک بوش ڕایگەیاند) لە سوریاشدا تەواو نابێت، سەرەتای زۆنگاوێکی ترە بۆ سوپای ئەمریکا لە سوریادا ؟ دۆناڵد ترەمپ لەم ئەزموونەدا، گەلی ئەمریکی داوای وەڵامێکی موقنیع و متمانە پێکراوی لێ دەکەن، ئەمریکیەکان لەهەر پێنج سەرەتاکەی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوودانی جەنگ، تێگەیشتوون لە سیاسەتی وڵاتەکەیاندا کە بریتین :

یەکەم : لەسەرەتادا بە دیکتاتۆر ناساندنی سەرۆکی ئەو وڵاتەی دەکرێتە ئامانج.

دووەم : پاشان بە مەترسی ناساندنی بۆ کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی.

سێهەم : بە ناساندنی وەک خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ ( کیمیایی یان ئەتۆمی ).

چوارەم : بە تێکدەری ئاسایشی ئەمریکی و مەترسی بۆ سەر ئەمریکا دەیناسێنن.

پێنجەم : بەشەیتان کردنی ، کە دوا قۆناغی پێناسەکانە . جەنگەکە دروست دەکرێت.

ئەم پێنج بەهانەیە بۆ دروستکردنی جەنگ لەلایەن ئیدارەکانی ئەمریکاوە ، چی تر بۆ گەلی ئەمریکی موقنیع نین، وەک ئەمریکییەکان خۆیان دەیڵێن،  بۆیە ترامپ لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەبێت سیاقی تر بدۆزێتەوە کە شەرعیەتی هێرشەکەی بۆ سوریا لای ئەمریکا وخەڵکەکەی ڕوونبکاتەوە، تێیان بگەیەنێت ئەرکەکە چۆن ئەنجام درا