سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئەفسانەی عوسمانییەتی نوێ

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئەفسانەی عوسمانییەتی نوێ

330 خوێندراوەتەوە

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی دەرەکی بەردەوام خۆسەپێنیی تورکیا لە تەواوی پێگە جوگرافییەکەیدا هەستی پێکراوە. لە مانگی تەمموز و دوای پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ-کاراباخ، ئەنقەرە چالاکی سەربازیی لەدژی سوپای ئازەربایجان دەست پێکرد، بەمەش بەڕوونی نیشانی دا کە پشتی هاوپەیمانەکەی دەگرێت.


پێشووتر و لە مانگی مایسیشدا، پشتیوانی سەربازیی تورکیا یارمەتی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی تەرابلوسی دا لە دەرکردنی هێزەکانی حەلیفە خەفتەری فەرماندەی سەربازیی، کە لەلایەن ڕووسیا، میسڕ و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و زۆرینەی خۆرئاوای لیبیا پشتیوانی دەکرێت.

،،

لە مانگی شوباتیشدا، دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا شکستی بە هەوڵێکی رژێمی سوریا و هاوپەیمانە ئێرانیەکان هێنا بۆ کۆنترۆڵکردنی دوایین پێگەی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا و مۆسکۆی ناچار کرد بەوەی پابەندی رێککەوتنی ناوچەی لە چەک داماڵراوی ساڵی 2018 بێت.


لە ڕاستیدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمڕۆی تورکیا بواری هەیە لە ڕۆژئاوای بەلقان و قەوقازەوە تا کەنداو و شانشینی هۆرنی ئەفریقا. ئەمەش وای کردووە هەندێک لە شیکەرەوان سیاسەتەکانی تورکیا وەک خواستی "عوسمانیی نوێ" بەمەبەستی هەژموونی هەرێمیی لێک بدەنەوە. بە ئاماژەدان بە ڕووە ڕەسمییەکە، شیکەرەوان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ستراتیژییەتی ئەنقەرە بە "ئایدۆلۆژیای عوسمانیی نوێ" ئاڕاستە دەکرێت.


بەڵام لەپشت ئاماژە ئاسایی و هێماییەکانەوە، سیاسیەتی دەرەوەی تورکیا بە سروشت زۆر بەرگریکارانە دەردەکەوێت و لە سێ لایەنەوە سەیر دەکرێت: سەقامگیریی نێوخۆیی و شکۆمەندیی ناوچەیی ; هەڕەشەیەکی دەرک پێکراوی ئەوەی نەیارە هەرێمییەکان ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە دوای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ ماوە; هەوروەها سەربەخۆیی وزە.


پاراستنی سەقامگیری نێوخۆیی
سیاسیەتی نمایشکردنی دەسەڵاتیی تورکیا لادانێکی ڕوونە لە سیاسەتی ساڵانی سەرەتای حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، کە لە چوارچێوەی ڕێبازی "نەبوونی هیچ کێشەیەک لەگەڵ دراوسێکان" خۆی دەبینیەوە، کە لەلایەن ئەحمەد داودئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا پەرەی پێدرا. ئەم ڕێبازە بەهۆی ڕووداوەکانی "بەهاری عەرەبی"ەوە و ئەو بۆشاییەی لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی 2011 بەجێما پچڕا.


پەلەکردنی هێزە هەرێمییە جیاوازەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی ڕاپەڕینەکانی عەرەبی ساڵی 2010-2011 و کەمبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تورکیای ناچار کرد بە سیاسەتە دەرەکیەکەیدا بچێتەوە. جەنگی ساڵی 2015 لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە بۆ ماوەی 40 ساڵ زیاتر ڕاپەڕینی چەکداریی دژی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام داوە، هەرەوەها هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تەنیا بیری سەقامگیری نێوخۆییان لای تورکیا توندتر کرد، لەکاتێدا سەرکردایەتی تورکیاش بەردەوام نیگەرانی هەڕەشە دەرەکییەکانی سەر سەقامگیری نێوخۆیی بووە.

،،

لە ساڵی 2017، دەستووری تورکیا هەموار کرایەوە تا لەڕووی سیاسەتی ئاسایش و دەرەکیدا دەسەڵاتی ڕەها بداتە سەرۆکایەتی وڵاتەکە، کە ئەوەش توانای دایە ئەردۆگان تا ستراتیژیەتێکی خۆسەپێنتری هەرێمیی بگرێتە بەر.


یەکەم گۆرانی بەرچاو لە سیاسەتی تورکیادا لە پرسی سوریادا ڕوویدا. لە ساڵی 2016، ئەنقەرە دەرکی بەوە کردبوو کە هەلی ئەوەی لەدەست دابوو کە چارەنووسی جەنگی سوریا دیاری بکات. هەرچەندە 900 کیلۆمەتر (559 میل) سنووری لەگەڵ سوریادا هەبوو، بەڵام شتێکی ڕوون بوو کە شکستی هێنابوو لەوەی هیچ کام لە ئامانجە سیاسییە سەرەکییەکانی لە شەڕی ناوخۆی سوریادا بەدەست بهێنێت: لادانی رژێمی بەشار ئەسەد و دامەزراندنی حکومەتێکی دۆست لە دیمەشق.
دوای دەستتێوەردانە سەربازییەکەی ڕووسیا لە بەرژەوەندی رژێمی ئەسەد لە ساڵی 2015، توانای تورکیا لە دیاریکردنی ئاڕاستەی جەنگەکە بۆ نزمترین ئاستی دابەزی. پشتیوانیی ئەمریکاش بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شەڕی دژی داعش، کە باڵی سوریای پەکەکەیە، بووە جێی ترسی حکومەتی تورکیا و ناچاری کرد بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە لە سوریا.


سەرەنجام، تورکیا ئامانجێکی میانڕەوتری دابا: ڕێگریکردن لە دامەزراندنی کیانێکی کوردی لەژێر دەسەڵاتی پەکەکە بەدرێژایی سنووری باشوور، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نائارامیی ناوچە کوردییەکانی تورکیا. ئەنقەرە هەڵوێستەکانی نەرمتر کرد لەبارەی ئەسەدەوە، ئەوەش بەمەبەستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ڕووسیا بۆ دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا لە باکور و باکوری رۆژئاوای سوریا بۆ بەدواکەوتنی ئەو ئامانجە نوێیەی.


بەم شێوەیە، بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریا بەسترانەوە بەو ناوچانەی لەسەر سنوورەکانی بوون و چیتر پەیوەست نین بە رژێمی داهاتووی دیمەشقەوە.
لەنێویاندا کاریگەریی نەرێنی جەنگی سوریا لەسەر خاکەکەی بووە نیگەرانیی سەرەکیی تورکیا.


هەڕەشە هەرێمییەکان و سەربەخۆیی وزە
پاڵنەرێکی گرنگی سیاسیەتی دەرەوەی تورکیا بریتیە لە ئاسایشی وزە، کە خۆی لە خۆیدا هاوپێچە لەگەڵ چەندین هەڕەشەی جیاواز لەلایەن نەیارە هەرێمییەکانەوە. لە ئێستادا، ڕووسیا و ئێران نزیکەی 80%ی پێداویستییەکانی وزەی تورکیا دابین دەکەن، نەیاریی تورکیا لەگەڵ هەر کامێکیان ئەنقەرە دەخاتە دۆخێکی شڵۆقەوە.


هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، تورکیا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی فرەچەشنکردنی وڵاتانی هەناردەکردنی وزەی بۆ وڵاتەکەی داوە و هەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای وزە لە هەرێمە ئاوییە هاوسنوورەکانیدا زیاد کردووە، لەنێویدا دەریای ناوەڕاست. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر سیاسەتی تورکیا لە لیبیا.


کاتێک شەڕی دووەمی ناوخۆی لیبیا لە ساڵی 2014 هەڵگیرسایەوە، چونکە حەفتەر هەوڵی یەکخستنی لیبیای لەژێر حوکمی خۆیدا دەدا. تورکیا ئارەزووی گێڕانی ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە جەنگی لیبیادا نەبوو. سەرنجی لەسەر سوریای دراوسێی و هەڕەشە هەنووکەییەکانی ئەوکات چڕ ببوەوە. پاڵپشتی تورکیا بۆ حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی لە تەرابلوس تەنیا پاڵپشتی میدیایی و دیبلۆماسیی بوو.

،،

بەستنی کۆڕبەندی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە سەرەتای ساڵی 2019 لەلایەن میسڕ، یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، ئیتاڵیا، ئوردەن و دەسەڵاتی فەڵەستین هەستی نائارامیی تورکیای زیاد کرد، بەوەی کە بەدەر بوو لەو بۆنە هەرێمییە بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ ناوەندێکی گەورەی وزە.


لەوکاتەدا بوو کە لیبیا وەکو باشترین هەلی تورکیا دەرکەوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دورخستنەوەی. هەڵکشانیی نەیاریی لەلایەن میسڕ و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبییش وای کرد تورکیا پەلە لەو گۆڕینی سیاسەتەدا بکات.


لە نۆڤەمبەری ساڵی 2019، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتیمانی لەبارەی دەسەڵاتی دەریایی لە دەریای ناوەڕاست ئیمزا کرد، کە لە بنەڕەتەوە ناوچە ئابوورییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گۆڕی، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی نیازی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە هەر پڕۆژەیەک بۆ هەناردەکردنی وزە ئەوروپا بەبێ ڕەزامەندیی خۆی. لێرە بەدواوە، مانەوەی حکومەتی رێککەوتنی نیشتمانی بووە کرۆکێکی بەرژەوەندییەکانی تورکیا. کاتێک حەفتەر لە سەرەتای ئەمساڵدا هێرشەکانی بۆ سەر تەرابلوس دەست پێکردەوە، تورکیا هێزی خۆی لەگەڵ حکومەتی رێککەوتنی نیشتمانی ڕێکخست، بەمەش ئاڕاستەی جەنگی لیبیا گۆڕا.
نەیاریی هەرێمی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییش، کە تورکیا گومانی تێوەگلانی لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 و پشتیوانییکردنی یەپەگە و پەکەکەی لێدەکات، وای لە تورکیا کرد لە ساڵی 2017 ڕێکار لەدژی ئابڵۆقەکەی سەر قەتەڕ بگرێتە بەر، کە هاوپەیمانی عەرەبی سەرەکی و هەناردەکارێکی دیاری گازە بۆ تورکیا.


بەم پێیەش، لە پشتەوەی ئەوەی کە وەک سیاسەتێکی دەرەکیی توندی تورکیا دەردەکەوێت، خواستێک نییە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانیی، بەڵکو بەرژەوەندگەرییەکی بەرگریکارانەیە.


لەڕاستیدا، لە زۆربەی هەوڵەکانی نیشاندانی دەسەڵاتەکانیدا، دەستی تورکیا لەلایەن هەلومەرجە دەرەکییەکانەوە ئاڕاستە کراوە، نەوەک پاڵنەرێکی فراوانخوازیی.


سەرچاوە: Aljazeera English
وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان

 

author photo

شارەزا لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی