هاوكاری هەواڵگری لە نێوان بەغداو تاران و دیمەشقدا هەبووە

هاوكاری هەواڵگری لە نێوان بەغداو تاران و دیمەشقدا هەبووە

934 خوێندراوەتەوە

لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی حكومەتی عێراق چەند لایەنێك ئاشكرا دەكات، كە تێوەگلاون لە كوژرانی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لێكۆڵینەوەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە یەكێك لە كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە ناوخۆی عیراق بەشداریان لەو كوشتنەدا كردووە.


سوپای ئەمریكا لە ڕۆژی 3ی یەنایەری 2020، لە نزیك فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بە فرۆكەی بێ فڕۆكەوان، ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج، كە قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان دەگواستەوە.


سەركردەیەكی حەشدی شەعبی بە " عربی پۆست)ی وتووە كە" هەواڵگری ئەمریكا لە هێرشەكەی بۆ سەر قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس پشتی بەو سیخوڕانە بەستووە كە لە فڕۆكەخانەی بەغداد كاریان دەكرد،لەو كاتەدا نەزانرابوو كە ئەو كەسانە كار بۆ ئەمریكا دەكەن".


ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەش دەكات كە دوای چەند ڕۆژێك لە ڕووداوەكە، هێزە ئەمنیەكانی عیراق چەند بەرپرس و كەسێكیان دەستگیر كرد كە لە ناویاندا كارمەندانی فرۆكەخانەكەش بوونیان هەبوو،ئەمە جگە لەوەی چەند كەسێكی دیكەش دەستگیر كران، كە ئاگاداری نیشتنەوەی فڕۆكەكە بوون.


دوای لێكۆڵینەوەكان، هێزە ئەمنیەكان چەند كارمەندێكی دیكەی فرۆكەخانەیان دەستگیر كرد، دواتریش بەشێكیان ئازاد كران، تەنها پێنج كەس مانەوە ، ئەوانەی كە ئازاد نەكران،فەرمانبەری مەدەنی فرۆكەخانە و ئەفسەری ئاسایش و فەرمانبەرێكی دیكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بوون، هەموویان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەنجامانی كردەوەكە تۆمەتباركراون.

هاوكاری هەواڵگری:
ئەو سەركردەیە هاوكاری هەواڵگری لە نێوان بەغدا و تاران و دیمەشق ئاشكرا كرد، لەو میانەیەشدا هێزە ئەمنیەكانی سوریا دوو كارمەندی فرۆكەخانەی دیمەشقیان دەستگیر كردووە، كە هاوڵاتی سورین، هەروەها ئێرانیش سێ كەسی بە ڕەگەز ئێرانی دەستگیر كردووە، هەموویان پەیوەندیان بە تۆمەتبارەكانی عێراقەوە هەبووە، تەنانەت یەكێك لە تۆمەتبارەكان بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ یەكێك لە ئێرانیەكان كە لە پارێزگای خوراسانی ئێران نیشتەجێ بووە.


لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی حكومەتی عیراق ئەنجامی بەشێك لە لێكۆڵینەوەكانی ئاشكرا كرد، كە كۆمپانیایەكی بواری پەیوەندییەكان لەو كردەوەیە تێوەگلاوە.
ئەو بەرپرسە لەو بارەیەوە دەڵێت:" لیژنەكانی لێكۆڵینەوە چەند زانیاری و بەڵگەیان دەست كەوتووە، كە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندی تۆڕی مۆبایل لەو كوشتنەوە تێوەگلاون، كە تۆمەتەكان بۆ یەكێك لە كۆمپانیاكانی " زین العراق و ئاسیا سێڵ"ە، كە ئاسانكاریان بۆ كوشتنی ئەو دوو سەركردەیە كردووە".


دووپاتیشی كردەوە، كە " ئەو زانیاریانەی دەست كەوت، ئەوەیە كە یەكێك لە فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا لە بنكەی ڤیكتۆریا، توانیویەتی دەستی بە سیمی یەكێك لە هاوەڵەكانی ئەبو مەهدی موهەندیس بگات، كە لەگەڵ قاسمی سولەیمانیدا كوژرا".


بەرپرسەكەی عێراق لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئێستا تۆمەتەكان ئاڕاستەی كۆمپانیاكانی پەیوەندی دەكرێن، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان كۆتایی نەهاتووە، لە ئەگەری كۆتایی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، یاداشتی دەستگیر كردن بۆ بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایانە دەردەكرێت و بە خیانەت و هاوكاری لەگەڵ لایەنی دەرەكی و ئاسانكاری بۆ كوشتنی فەرماندەی سەربازی و هاوەڵەكانی تۆمەتبار دەكرێن".


لەلایەكی دیكەوە مەحمود روبێعی سەركردە لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند كە" ئەنجومەنی باڵای دادوەری گرنگیەكی زۆر بەو پرسە دەدات، چونكە ئەو پرسە پەیوەستە بە سەروەری عیراقەوە، هەروەها كوشتنی بەرپرسێكی عیراق كە جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبیە، ئەم پۆستە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقەوە هەیە".


دەشڵێت:" لیژنەكانی لێكۆڵینەوە هەمیشە بەنهێنی كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، تا ئەو كاتەی كە لێكۆڵینەوەكان كۆتایی دێت و حوكم دەردەكرێت،دوای تەواو بوونی لێكۆڵینەوەكان بە ڕاپۆرتێك حكومەتی عیراق دۆسیەكە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دادگا نێودەوڵەتیەكان بەرز دەكاتەوە، ئێمە دەزانین كە ئەمریكا كۆنترۆڵی هەندێك دام و دەزگای نێودەوڵەتی و دادگاكانی كردووە، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لەبەردەم عیراق كە پرسی كوشتنەكە بەرز نەكاتەوە".