سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا و داهاتووی هەرێم

سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا و داهاتووی هەرێم

889 خوێندراوەتەوە

گۆران قادر

ڕۆژنامەی " The Hill" ی ئەمریكی دەربارەی مستەفا كازمی دەڵێت" لای ئەمریكیەكان مستەفا كازمی باشترین سەرۆك وەزیرانە لە ساڵی 2003ەوە تاكو ئێستا".

ئەم بۆچوونەی ڕۆژنامە ئەمریكیەكە ئەمڕۆ بە واقیع جێبەجێ كرا و بینیمان كە چۆن لە واشنتن پێشوازیەكی گەرم و تایبەت لە مستەفا كازمی كرا، لەوەش زیاتر سەرۆك وەزیران ماوەی مانەوەی خۆی لە واشنتن لەسەر داوای كۆنگرێسی ئەمریكا درێژ كردەوە، هەروەها نانسی پێلوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش چاوپێكەوتنی دەبێت لەگەڵ كازمیدا، ئەو هەموو گرنگیپێدان و داخستنی شەقامەكانی واشنت واتای ئەوەیە كە كازمی دڵخوازی ئەمریكیەكانە و پشتیوانیەكی تەواوی دەكەن.

گرنگی دان بە كازمی واتای چیە؟

گرنگیدان بە مستەفا كازمی واتای ئەوەیە، كە بەرنامەیەكی هاوبەش لە نێوان ئیدارەی واشنتن و بەغدادا هەیە، كازمیش لە ماوەی سەد و دە ڕۆژی كاركردنیدا هەنگاوی باشی ناوە كە خواستەكانی ئەمریكا جێبەجێ دەكات، هەروەها لەو ماوەیەشدا وەك پیاوی دەوڵەت و بەهێز خۆ سەلماند، كە دەتوانێت دەست و پەنجەی گروپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بكات و بە هێمنی كۆتاییان پێبهێنێت، هەروەها كۆمەڵێك هەنگاوی دیكەی لە ڕووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی و كۆنترۆڵ كردنەوەی دەروازە سنورییەكان نا، دڵی شەقامی ڕازی كرد و ئاهێكی بۆ جێبەجێ كردنی یاسا و بەهێز بوونەوەی عیراق گێرایەوە.

هەموو ئەم كارانەی كازمی بووە مایەی گرنگیپێدانی ئیدارەی كۆشكی سپی، بۆیەش لەم هەنگاوانەی بەرگری لێدەكەن و هەر خۆشیان لە كاركردنیدا هەموو لەمپەرەكانی بەردەمیان لابردووە، چونكە كازمی بەبێ هاوكاری واشنتن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرگیز نەیدەتوانی ئەو كارانە بكات، چونكە كێشەكانی عیراق ئاڵۆز و هەمەجۆرن و هەندێك لایەنی سیاسیش وەك مافیا مامەڵەیان دەكرد.

 گرنگی دانی ئەمریكا تەنها لە بەرخودی كازمی نیە، بەڵكو لە ترسی شكستی كازمیە، چونكە شكستی كازمی واتای گەڕانەوەی كەسایەتیەكی عیراقی –ئێرانی بۆ سەرۆك وەزیران، ئەمریكاش باش دەزانێت مستەفا كازمی دواین چانسی ئەمریكایە كە عیراقێك بنیاتبنێتەوە، كە خۆی سەرۆك وەزیرانەكانی دیاری بكات، ئەگەر ئەمریكا نەیتوانی كارەكانی بە كازمی تەواو بكات و شكست بهێنێت، ئەوا لایەنە شیعیەكان هەرگیز ڕازی نابن جارێكی دیكە كەسێكی نزیك لە ئەمریكیەكان متمانە لە پەرلەمان وەربگرێتەوە، بەمەش ئەمریكا توشی كێشەیەكی قورس دەبێتەوە،بۆیە وەك دواین چانس پشتگیری لە كازمی دەكات و هەوڵ دەدات بۆ خولەكانی دیكەش بیكاتەوە بە سەرۆك وەزیران.

داهاتووی هەرێم لەگەڵ كازمیدا:

سەردەمی ئێستا، سەردەمی پاشەكشەی هەرێمەكان و بەهێزی ناوەندەكانە،لەسەرانسەری جیهاندا وڵات و هەرێمە لاوازەكان تەنها وەك ئامرازێك لە نێوان دەوڵەتانی زلهێزدا بەكاردەهێنرێن،لەم ڕوانگەیەوە مامەڵەی ئێستای جیهان بە ئاڕاستەی بەهێز كردنی حكومەتەكانی ناوەندە لەسەر حسابی هەرێمەكان، ئەمە بۆ بەغدا و هەرێمیش ڕاستە.

هۆكاری گۆڕانی ئەم دیدو بۆچوونە، تەنها ناگەڕێتەوە بۆ ویستی زلهێزەكانی جیهان، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ شكستی هەرێمەكان و هێزە نوێیەكان، كە نەیانتوانیوە دیموكراسیەكی باڵا بەدیبهێنن و ئیدارەیەكی باشی وڵات بكەن، بەڵكو لەبری ئەمە وڵاتیان توشی گەندەڵی و نائارامی كرد، هەروەها هێزەكانی دیكەش كە هێشتا نەچووبوونە دەسەڵات، وەك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەر بە فەریكەیی كەوتن و بوون بە تیرۆرست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان نائومێد كرد، هەر ئەمەش وایكرد كە واز لە ڕۆیشتنی دیكتاتۆرێكی وەك بەشار ئەسەد بهێنن.

 

لە هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەروی هەموویانەوە ئەمریكا پشت و پەنای هەرێم بوو، بۆئەوەی ببێتە هەرێمێكی دیموكرات و خۆشگوزەران و جیاواز لە عیراق، سەرباری هەموو ئەو چانسانەی كە بەهەرێم درا لە پاراستنی و كرانەوەی بە ڕووی جیهاندا و مافی نیمچە سەربەخۆییەك لە سیاسیەت و ئابورییەكەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نائومێد كرد بەوەی وڵاتێكی دیموكراتی بنیات نەنا و ڕێزی لە مافەكانی مرۆڤ نەگرت، ڕفاندن و هەڵكوتانە سەر چالاكوانان و زوو زوو داخستنی نوسینگەكانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە سنوری پایتەخت و دهۆك، باشترین گەواهی ئەم بۆچوونانەن، لە هەرێم نەك مافی خۆپیشاندان و ناڕازی فەراهەم نەكراوە، بەڵكو لە پارێزگایەكی وەك دهۆك هەر ناوهێنانی یاساغە و خاوەنەكەی توشی ڕفاندن و ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە!!، بێگومان ئەمانە لەلای ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی شارەوە نین و زوو دەگاتەوە بە ناوەندی بڕیار.

لە ڕووی ئیدارە دانیشەوە گەندەڵی هەموو جومگەكانی گرتۆتەوە، داهاتێكی زۆر هەیە و كەچی ناتوانریچت بە لێبڕینیشەوە مانگانە موچە بدات، لەوەش خراپتر ئێستا هیچ ویستێك بۆ چاكسازی لە سێكتەرە سەرەكیەكانی داهاتی وەك نەوت و گومرگ و سنورەكان و كۆمپانیاكاندا نیە، داهاتی نەوتیش كە بڕبڕەی پشتی ئابوری هەرێمە،بەشێكی زۆری بۆ كۆمپانیای حزبیە و ئەوی دیكەش بۆ توركیا و ڕۆزنەفیتی ڕوسیایە، كە هەموو ئەو كارانە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا لێكردووە لە هەرێم نائومێد بن و دەستی لێبەربدەن و پەنا بۆ بەهێز بوونەوەی بەغداد بەرن.

 

ئەم پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەكیانە پێمان دەڵێت داهاتووی بەهێز بۆ هەرێم نیە، بەڵكو بۆ بەغدایە، هەروەها گەر ویستێك بۆ بەهێز بوونەوە هەبێت، پێویستە لە ناوخۆی هەرێمەوە دەست پێبكرێت و ڕەوشی مافی مرۆڤ چاك بكرێت و دۆسیەی ئیداری و گەندەڵی بەشێوەیەك بێت كە ببێتەوە جێگای ئومێد، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوامیە لەسەر هەڵەكانی ڕابردوو، هەڵسوكەوتی حكومەت لە ئێستادا بە ئاڕاستەی ئەوە نیە كە لەم هاوكێشانە تێگەیشتبێت، بەڵكو هەر لەگەڵ كۆمەڵێك كاری لاوەكی حزبایەتی خۆی خەریكە!!.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی