پەرلەمان سەنگەر لە كازمی دەگرێت

پەرلەمان سەنگەر لە كازمی دەگرێت

333 خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی عیراقی لە بەغداد، ئاشكرای دەكەن لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پچڕانێكی گەورە لە نێوان پەرلەمان و حكومەتەكەی كازمیدا سەری هەڵداوە،كە گەیشتۆتە ئاستی سەپاندنی ئیرادەو ویستی خۆیان بەسەر لایەنی بەرامبەردا، ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر هەردوو دامەزراوەكە، كە پێویستە لەیەك تێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێت بۆ تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان.


ئەو بەرپرسانە دووپاتیشی دەكەنەوە، كە فراكسیۆنەكان هەوڵ دەدەن كە پەرلەمان لە حكومەت هەڵبگەڕێتەوە و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا نەمێنێت.
هۆكاری سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان هەردوو دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێ كردن لەو كاتەوە سەری هەڵدا، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری كرد،ئەمە لە كاتێكدایە كە پەرلەمان نەیتوانیوە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنێت، بەمەش جۆرێك لە ناكۆكی كەوتۆتە نێوانیانەوە، هەروەها هەر لایەوە دەیەوێت تۆپەكە بخاتە مەیدانی ئەوی دیكەیان.


ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت بە" العربی الجدید"ی وتووە كە" ئەو هێزە سیاسیانەی كە لە پەرلەمان دژی جوڵەكانی كازمین، دەیانەوێت بوونی خۆیان بۆ هەڵگەڕانەوە لە كازمی بقۆزنەوە".


دەشڵێت:" ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جۆرێكە لە جەنگی سارد لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا، پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك ئەو كاتە قبوڵ ناكات، كە كازمی دیاری كردووە، هەروەها دەیەوێت لێكتێگەیشتن و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان لە پەرلەمانەوە ئەنجام بدرێن، ئەمەش بۆتە هۆی دروست بوونی ناكۆكی لە نێوان هەردوولادا".


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەكات، كە " هاوپەیمانێتیەكانی فەتح و دەوڵەتی یاسا لە هەوڵی ئەوەدان كە جوڵەیەك ڕێكبخەن بۆ دانیشتنێكی پەرلەمانی بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی حكومەت، پێدەچێت سەرەتای مانگی داهاتوو ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت".


دووپاتیشی دەكاتەوە" تێكچوونی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حكومەت دەبێتە هۆی وەستانی كارەكانی دەوڵەت،ئەمە لە كاتێكدایە كە پێویستە لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێت ، كاری یەكدی تەواو بكەن، چونكە تەواوكەری یەكن".

،،

لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان هێرش دەكاتە سەر كازمی، هەروەها پابەند نەبوونی عیراق بە ڕێكەوتننامەكانی دووپات دەكاتەوە، چونكە ئەو ڕێكەوتننانە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدراوە.


عامر فەیاز، ئەندامی لیژنەكە دەڵێت:" پێویستە حكومەت كۆنوسی هەموو پەیماننامە و ڕێكەوتنەكان بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری ئەو رشێكەوتنانە بێت و كاتێك بۆ دەنگدان لەسەریان دیاری بكات".


دووپاتیشی دەكاتەوە كە" عیراق پابەندی هیچ یەكێك لە ڕێكەوتنامەكانی لوتكەی سێ قۆڵی یان واشنتن نابێت، مادام لە پەرلەمان دەنگی لەسەرنەدراوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عیراق دەشڵێت:" پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە پەیماننامە و ڕێكەوتنەكان دەكات، هەروەها گرنگی بۆ عیراق شی دەكاتەوە، پاشان دەیخاتە دەنگدانەوە".


هاوپەیمانێتی فەتح، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی،ئاماژە بەوە دەكات كە لاوازی حكومەتەكەی كازمی وادەكات لە پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران بكرێت.


وەلید ئەلسەهلانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هاوپەیمانێتیەكە دەڵێت:" هەموو لیژنەكانی پەرلەمان مافی یاسایی ئەوەیان هەیە لێكۆڵینەوە لە كارەكانی ئەو وەزارەتانە بكەن كە پەیوەندیان بە لیژنەكەیانەوە هەیە،هەروەها بانگكردنیان بۆ پەرلەمان بۆ بەهێز كردنی كارەكانی وەزارەتەكان و چارەسەركردنی كێشەكانە،بەتایبەت پەیوەست بە بەرنامەی حكومەت و ئەوەی پێویستە بۆ بەهێز كردنی كارەكانیان، بۆیە بانگهێشتكردن شێوەیەكە لە شێوەكانی یاسایی و مافێكی دەستوری پەرلەمانە".


دووپاتیشی دەكاتەوە، كە" كۆمەڵێك سیاسەتی نارشوون لە كاری وەزارەتەكاندا بەدی دەكرێت، كە كاری كردۆتە سەر ئادائی وەزارەتەكان،هەروەها لەم نێوەندەشدا ئەركی چاودێری زۆر لاواز بووە،بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پرۆژەی گەورە و پەیوەست بە خزمەتگوزارییەوە، كە وا پێویست دەكات پەرلەمان بە كاری پەرلەمانی خۆی هەستێت ، هەروەها بەشێوەیەكی یاسایی چاودێری وەزارەتەكان بكات، ئەگەر كێشەیەكی بینی، وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان بكات".


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەكات كە" لە بەرژەوەندی پەرلەماندا نیە، دژایەتی حكومەت بكات، بەڵكو پێویستە لەسەری هاوكاری بكات، وەك ئەوەی لە دەروازە سنورییەكان كردی، بەڵام لە ڕاستیدا حكومەت لەسەر ئەرزی واقیع كێشە گەورەكانی وەك گەندەڵی چارەسەر نەكردووە، بۆیە داوا لە كازمی دەكەن بچێتە سەر لایەنی پراكتیكی، بەتایبەت لە بواری خزمەتگوزاریدا.

،،

ئاماژە بەوەش دەكات كە" هەموو هێزە سیاسیەكان دەیانەوێت كازمی بە كارەكانی بەشێوەیەكی روون و راشكاو بكات، بەڵام ئێمە ئەمە نابینین، بۆیە ئەگەر كارەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لێپرسینەوە لە كازمی دەبێتە كارێكی پێویست.


ئەحمەد حەمەدانی چاودێری سیاسی عیراقی دەڵێت:" هێنان و بردن سەرەتا لە نێوان محمد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەسەر چەند دۆسیەیەك دروستبوو، وەك سەرۆكایەتی وەقفی سونی، دادگای فیدراڵی و دواترینیشیان دیاری كردنی وادەی هەڵبژاردنەكان، بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی سەرۆكی پەرلەمان".


دەشڵێت:" فەتح و دەوڵەتی یاسا ئەم خاڵانە بە بەرژەوەندی خۆیان دەبینن، بۆیە هەوڵدەدەن كە حەلبوسی بۆ لێدان لە هەنگاوەكانی كازمی بەكار بهێنن، بۆیە گۆڕەپانی سیاسی عیراق لە چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانكاری زۆر خێرا بە خۆیەوە دەبینێت".