نەخشەی داگیركاری توركیا...

زۆرترین وڵاتی لە سێ كیشوەردا داگیر كردووە

نەخشەی داگیركاری توركیا...

425 خوێندراوەتەوە

لەدوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە، هیچ كات هێندەی ئێستا سوپای توركیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو نەبۆتەوە.

 

ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێكیدا باس لەو وڵاتانە دەكات، كە ئێستا سوپای توركیا داگیری كردوون كە بریتین لە:

لیبیا:

ئەردۆگان هێزی دەریایی و وشكانی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ڕەوانەی لیبیا كرد، بۆ ئەوەی هاوكاری حكومەتەكەی فایز سەراج بكات، ئەمەش بووە هۆی تێكچوونی زیاتری دۆخی ئەو وڵاتە.

توركیا دەیەوێت لە ڕێگای بوونی سەربازییەوە، دەستكەوتی مادی لەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت،هەروەها ڕێكەوتننامەیەكی نابەرامبەری بە بەهای ملیارەها دۆلار لەگەڵ حكومەتەكەی سەراج واژۆ كرد،ئەمە جگە لەوەی بەهۆی ئەو ڕێكەوتنەوە پێگەی دەریایی خۆی لە دەریای ناوەڕاست فراوان كرد، بەمەش ناكۆكی كەوتە نێوان ئەنكەرە و ئەسینا.

سوریا:

توركیا هێزی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و ناوچەیەكی زۆری داگیر كردووە، كە بە گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی دەرەوەی سنوری توركیا دادەنرێت، دوای ڕوخانی عوسمانیەكان.

ئەرۆدگان لە ساڵی 2016دا هێزەكانی بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی داعش ناردە سوریا، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ هێرش كردنە سەر هێزە كوردییەكان بوو، لە كۆتاییدا ئەنكەر بە یارمەتی گروپە تیرۆرستیەكان ناوچەیەكی فراوانی لە ڕۆژئاوای كوردستان داگیر كرد.

 

هەروەها توركیا لە ساڵی 2019دا، ئۆپراسیۆنێكی نوێی دژی شەڕڤانان دەست پێكرد،بەڵام ئەم هێرشە دوای دەستوەردانی ڕوسیا و ئەمریكا كۆتایی پێهات و ئامانجی نەپێكا.

هەرێمی كوردستان:

ماوەی چەندین دەیەیە، توركیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات، بە وتەی خۆیان بۆ بە ئامانجگرتنی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە، بەڵام هەر هێرشەكانی فراوان دەكات و بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە هەرێم جێگیر دەكات و زیاتر و زیاتر دێتە ناو خاكی هەرێمەوە.

بەرپرسێكی سەربازی توركیا دەڵێت: لە باكوری عیراق توركیا دە بنكەی سەربازی هەمیشەیی هەیە و نیازی زیادكردنی بنكەكانیشی هەیە.

قەتەر:

توركیا لە قەتەر دوو بنكەی سەربازی هەیە كە بریتین لە " رەیان " و " تاریقی كوڕی زیاد"، دوای ئەوەی سعودیە و هاوپەیمانەكانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند، توركیا بوونی سەربازی خۆی لەو وڵاتە زیاتر كرد.

توركیا و قەتەر پێكەوە هاوكاری گروپە تیرۆرستیەكان دەكەن، كە هاوكارییەكە بریتی یە لە پارەپێدان و ئاسانكاری هاتوچۆ و پڕ چەك كردنیان، توركیا لە ساڵی 2015ەوە دەستی بە بڵاو بوونەوە لە وڵاتێكی كەنداودا كرد، بەشێوەیەك ئەو وڵاتە لە بنكەی تاریق بن زیاد ئاڵای توركیای هەڵكردووە.

سۆماڵ:

توركیا لە ساڵی 2017دا، گەورەترین بنگەی خۆی لە دەرەوەی وڵات لە نزیك مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ كردەوە،ئەنكەرە دەڵێت بنكەكە بۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزە سۆماڵیەكان بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئامانجی توركیا ئەوەیە كە نفوزی خۆی بگەیەنێتە كیشوەری ئەفریقا.

گرنگیپێدانی توركیا بە سۆماڵ دوای ساڵی 2011 دەستی پێكرد، ئەو كاتەی كە ئەردۆگان سەردانی مەقادیشۆی كرد، ئەنكەرە دەڵێت هاوكاری پێشكەشی سۆماڵ دەكات كە جەنگی ناوخۆیی وێرانی كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا توركیا هاوكارییەكی ئەوتۆی سۆماڵ نەكات، ئامانجی سەرەكی پەلهاویشتنیەتی بۆ وڵاتانی ناوچەكە.

 

قوبروس:

بڵاو بوونەوەی هێزەكانی توركیا هەر لە وشكانی نیە، بەڵكو بۆ دەریاش درێژ بۆتەوە، وەك ئەوەی لە دەریای ناوەڕاست دەیبین كە یەكەیەكی سوپای توركیا بە هەرێمیە ئاوییەكانی دەریای سپی ناوەڕاستدا دێن و دەچن و كەشتیەكی گەڕان بە دوای غازی سروشتی هاوەڵیان دەكات.

ئەم گەرانەی توركیا دوای ئەوە دێت كە دەركەوت سامانێكی سروشتی زۆر لە ژێر دەریاەكەدا بوونی هەیە، بەڵام ئەم گەڕانەی لەسەر حسابی قوبروسە،چونكە بەزاندنی سنوری ئەو وڵاتەیە، بۆیە قوبروس ئیدانەی ئەو هەنگاوانەی توركیای كردووە.

هەروەها توركیا هێزی ڕەوانەی بەشێكی قوبروسی كردووە، كە توركیا ناوی لێناوە كۆماری باكوری قوبروس، ئەو وڵاتە تەنها توركیا دانی پێداناوە، توركیا لە ساڵی 1974ەوە لەو ناوچەیە بوونی هەیە.

یۆنان:

ناكۆكیەكی قوڵ لە نێوان توركیا و یۆناندا هەیە لەسەر سەروەری بەسەر دورگەكانی دەریای ناوەڕاستدا،یۆنان دەڵێت كۆنترۆڵ كردنی ئەو ناوچانە تەنها لەبەر لایەنی ئابوریە، یۆنان داوای جێبەجێ كردنی یاسای نەتەوە یەكگرتوەكانی تایبەت بە دەریاكان دەكات، ئەگەر توركیا ئەو یاسایە واژۆ نەكات، ئەوا هیچ واتایەك بۆ ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ سەراج نامێنێت.

ئەم ناكۆكیە گەیشتۆتە ئاستی مانۆڕی سەربازی و لێدوانی ئاگرین لە دژی یەكتری، هەروەها توركیا چەندین یەكەی دەریایی ڕەوانەی ئەو ناوچانە كردووە، بەمەش ڕێژەی گرژییەكانی زیاد كردووە.

ئازەربایجان:

هێزەكانی توركیا دیسان لە ئازەربایجانیش بوونیان هەیە، بەتایبەت لە بنكەیەكی سەربازی، هەروەها دەتوانێت بنكەی سەربازی ئاسمانیش بەكاربهێنێت.

بوونی هێزەكانی توركیا لە ئازەربایجان، بەهۆی كێشەی ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوەیە، چونكە توركیا بەهۆی جینۆسیدی ئەرمەنەكان لەسەردەمی عوسمانیەكاندا كێشەو ناكۆكی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە.