یه‌كگرتوو، قبوڵى ناكات و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت

پارتى، له‌به‌رامبه‌ر پرسى لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ره‌شه‌ له‌ حزبه‌كان ده‌كات

یه‌كگرتوو، قبوڵى ناكات و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت

1031 خوێندراوەتەوە

 لە بەرامبەر پرسی لێپێچینەوە لە مەسروور بارزانی، پارتی دوو هەفتەیە هەڕەشە لە حزبەکان دەکات و داوا دەکات واژۆکانیان لە پەرلەمان بکشێننەوە.

 

لەم چوارچێوەیەشدا پارتی هەمان ئەو هەڵەی ساڵی 2015 كه‌ بەرامبەر گۆڕان کردی، جارێکی دیکە بەرامبەر یەکگرتوو دەیکاتەوەو داوا لە یەکگرتوو دەکات، یان واژۆکانی بکشێنێتەوە یان لە ئەنجومەنی خۆجێی پارێزگای دهۆك پۆسته‌كان ته‌سلیم بكاته‌وه‌، كه‌ دواجار یه‌كگرتوو دووه‌میانى هه‌ڵبژارد.

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ ساڵى 2015 له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و ته‌واوبونى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى، پارتى له‌گه‌ڵ گۆران گه‌یاندییه‌ مریشكه‌ ره‌شه‌و رێكه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و به‌ناردنه‌وه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانى گۆران كۆتایی هات. 

،،

 یه‌كگرتووه‌كان پێیان وایه‌، سه‌ره‌راى نه‌رمى نواندن و خاكى بوونى حزبه‌كه‌یان، به‌ڵام له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌و ترساندندا چۆك داناده‌ن.

 

ئه‌مرۆش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى یه‌كێك بوو له‌و فراكسیۆنانه‌ى كه‌وا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان واژۆیان بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌ى كۆكردبوویه‌وه‌ ( ته‌نها یه‌ك واژۆ مابوو) پارتى ئه‌مه‌ى پێ هه‌زم نه‌كراو و رێكه‌تنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو له‌ حكومه‌تى خۆجێى پارێزگاى دهۆك هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌‌.

 

 

 

پارتى بۆچى هه‌ره‌شه‌ ده‌كات؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ بارزانى كوڕ براوه‌ و فراكسیۆنه‌كان داواى بانگهێشتكرنى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مان تاكو پرسیارى موچه‌و قوتى خه‌ڵكیان لێ بكرێت، پارتى هه‌ره‌شه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌ حزبه‌كان ده‌كات.

 

به‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى هه‌ره‌شه‌ى له‌ یه‌كێتى نیشتمانى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌وا له‌كاتى ده‌نگدان و لێپێچینه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى ئه‌وا مه‌سروربارزانى به‌ده‌نگى زۆرینه‌ى پارتى ده‌رده‌چێته‌وه‌ به‌ڵام رێ ده‌گرێت له‌وه‌ى جێگره‌ى (قوباد تاڵه‌بانى) ده‌ربچێته‌وه‌. 

،،

 پارتى به‌یه‌ك پاكێج، هه‌ره‌شه‌ له‌ حزبه‌كانى په‌رله‌مان ده‌كات.

 

هه‌روه‌ها پارتى هه‌ره‌شه‌ى له‌گۆرانیش به‌وه‌ كردووه‌ كه‌وا له‌كاتى بانگهێشتكردنى وه‌زیرى دارایی بۆ په‌رله‌مان فراكسیۆنى زه‌رد كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌وا متمانه‌ت له‌ ئاواتى شێخ جه‌ناب بسه‌ندرێته‌وه‌.

 

هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ماوه‌ى رابردوو و پێشتر، پارتى هه‌ره‌شه‌كانى بۆ سه‌ر حزبى ناوبراو به‌جۆرێك چڕكردبوویه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هیچ هیوایه‌كى به‌ كۆمه‌ڵ نه‌مابێت بۆ گفتوگۆو قسه‌ كردن نێوانیان.

ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانه‌ كه‌ دواجار هه‌ره‌شه‌كه‌ى پارتى پێ قبوڵ نه‌كرا،‌ وه‌ك كه‌یسه‌كه‌ى ((كه‌ڵه‌كه)) كه‌ 7 حزب واژۆیان كرد دژى هێرشه‌كانى پارتى بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌‌، به‌ڵام دواجار له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ى پارتى هه‌موویان كشانه‌وه‌ جگه‌ یه‌كگرتوو. 

،،

یه‌كگرتووى ئیسلامى ده‌یه‌وێت به‌ راى گشتى بڵێت: كه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ له‌به‌رى خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ ده‌نگى شه‌قامدا بووه‌.

  یه‌كگرتوو حزبێكى سه‌لیم یان .....؟ 

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌حزبێكى سه‌لیم و بێ كێشه‌ ناوزه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام له‌كاتى مه‌وقیف وه‌رگرتن و هه‌ره‌شه‌كان له‌سه‌رى، وه‌ك حزبێكى توندو تۆڵ و تۆكمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌جۆرێك هه‌ڵوێسته‌كانى ده‌بێته‌ مایه‌ى پرسیارو ده‌ستخۆشى له‌لاى راى گشتى.

 

له‌ بابه‌تى كشانه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ش ئه‌مرۆ له‌ پارێزگاى دهۆك، هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ى 25 پۆستى وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام بادینییه‌كان له‌ سۆرانییه‌كانى حزبه‌كه‌ زۆرتر سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ره‌شه‌و سوكایه‌تییه‌ى پارتى قبوڵ نه‌كه‌ن و ته‌واوى پۆسته‌كان ته‌سلیم بكه‌نه‌وه‌.

 

مه‌سرور بارزانى بۆ وا ده‌كات؟

به‌پێى زانیارییه‌كان و ئه‌و شیكارییه‌ى كه‌وا به‌شى سیاسی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ئه‌نجامیداوه‌، پارتى و به‌تایبه‌ت خودى مه‌سرور بارزانى ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامییه‌وه‌ ئه‌م سیگناڵانه‌ بگه‌یه‌نێت، ئه‌وانیش:

 

یه‌كه‌م: هه‌رچى رێكه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك نێچیرڤان بارزانى ئه‌نجامیداوه‌ له‌گه‌ل حزبه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا یه‌كگرتووى ئیسلامى، هه‌موویان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، هه‌روه‌كو رێكه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كگرتوو له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌ ئیدارییه‌كان له‌ دهۆك له‌سه‌رده‌مى كابینه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى. 

،،

ئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى دروستى كردبێت، مه‌سرور بارزانى به‌ده‌سته‌كانى خۆى ده‌یرووخێنێت,

 

دووه‌م: پارتى دیموكراتى كوردستان، ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ حزبه‌كانى دیكه‌ بڵێت: كه‌وا كابینه‌كه‌ كابینه‌یه‌كى ئه‌منییه‌و له‌ پێناو پاراستن و مانه‌وه‌ى هه‌موو شتێك ده‌كات و هه‌موو رێگه‌یه‌ك به‌كار دێنێت.

 

سێیه‌م: مه‌سرور بارزانى ده‌یه‌وێت، حه‌ق له‌ یه‌كگرتوو بكاته‌وه‌ به‌وه‌ى له‌سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى ته‌كلیفى زۆرى له‌ ئه‌میندارى حزبه‌كه‌ كرد تاكو حزبه‌كه‌ى به‌شدارى كابینه‌كه‌ بكات به‌ڵام ره‌تیانكرده‌وه‌.

 

چواره‌م: به‌بیانووى ئه‌وه‌ى گوایا یه‌كگرتووى ئیسلامى عه‌رابى جوڵاندنى شه‌قامى نارازى بووه‌ له‌ دهۆك، پارتى ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان یه‌كگرتوو بكاته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

دیار نییه‌ پارتى تاكو كوێ ئه‌م هه‌ره‌شه‌و گوڕه‌شانه‌ى بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر كه‌ به‌رامبه‌ر حزبه‌كان ئه‌نجامى ده‌دات؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ى دیارو روونه‌ ئه‌وه‌یه‌، پارتى به‌م كرداره‌ سیاسییه‌ هه‌ڵانه‌ى خۆى ته‌نها ده‌هێڵێته‌وه‌ و ره‌نگه‌ له‌ چركه‌ساتێكى مێژووییدا هیچ دۆستێكى سیاسی نه‌مێنێت به‌ده‌ستییه‌وه‌.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان