هه‌ر حزبێك واژۆ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بكات  له‌حكومه‌ت ده‌رده‌كرێت

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ كێن كه‌ واژۆیان كردووه‌؟ نهێنى كشانه‌وه‌ى یه‌كێتى و گۆران چییه‌؟

هه‌ر حزبێك واژۆ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بكات له‌حكومه‌ت ده‌رده‌كرێت

1219 خوێندراوەتەوە


كابینه‌ى نۆیه‌م كه‌ به‌كابینه‌یه‌كى ئه‌منى و سه‌ربازى وه‌سف ده‌كرێت، رێكارى توند به‌رامبه‌ر ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ ده‌یانه‌وێ واژۆ بۆ بانگهێشتكردنى مه‌سرور بارزانى كۆبكه‌نه‌وه‌.

،،

هه‌میشه‌ باڵێكى ئه‌منى و توند كه‌ نزیكن له‌ پاراستن و بارزانى كوڕ له‌نێو پارتى كارى كردووه‌ تاكو ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر جومگه‌ هه‌ستیارو گرنگه‌كانى حوكمرانیدا و هه‌ژموونى خۆیان بسه‌پێنن، له‌م پێناوه‌شدا هه‌موو رێگه‌یه‌كى نا ته‌ندروستیان گرتۆته‌به‌ر.


ئه‌م باڵه‌ تونده‌ى نێو پاراستنى پارتى تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌وه‌ى كه‌ عه‌رابى تێكدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌ر رێكه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌یه‌كن كه له‌‌ نێوان پارتى و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ن ئه‌نجام بدرێت‌، وه‌ك پارتى و یه‌كێتى، پارتى و گۆران له‌كابینه‌كانى پێشوو و ئێستاش، پارتى و یه‌كگرتووش له‌ پارێزگاى دهۆك.


دواین هه‌ڵه‌ى سیاسی پارتى
دواى ئه‌وه‌ى كه‌وا له‌نێو په‌رله‌مان زۆرێك له‌ فراكسیۆنه‌كان هه‌وڵیاندا واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى بانگهێشتى په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌، به‌ڵام جارێكى دیكه‌ باڵه‌ تونده‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ى نێو پارتى به‌هه‌ره‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌ ته‌قه‌ى خسته‌ نێو فراكسیۆنه‌كان.

هه‌ربۆیه‌ له‌ژێر گوشارو به‌بیانووى ده‌ركردنی وه‌زیره‌كان له‌ كابینه‌كه‌دا، هه‌ر زوو به‌زوو یه‌كێتى و گۆران پاشه‌كشه‌یان كردوو واژۆیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى بانگهێشتى په‌رله‌مان بكرێت.
كه‌ له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى هیچ كه‌سێك واژۆ نه‌كردووه‌ و له‌ فراكسیۆنى گۆرانیش ته‌نها دوو كه‌س ( شایان عه‌سكه‌رى و شیرین ئه‌مین) سوور بوون له‌سه‌ر نه‌كشاندنه‌وه‌ى واژۆكانیان.

،،

هه‌روه‌ها پارتى ته‌نها دوو اختارى خسته‌ به‌رده‌م یه‌كگرتووى ئیسلامیش بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌ویش: یان كشانه‌وه‌ى واژۆكانى یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان له‌ پارێزگاى دهۆك، كه‌ دواجار یه‌كگرتوو دووه‌میان هه‌ڵبژارد.

كه‌ ئه‌مه‌ش به‌راى چاودێران گه‌مه‌یه‌كى زۆر ترسناك و ناته‌ندرووسته‌ كه‌ باڵه‌ تونده‌كه‌ى پارتى به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كان ده‌یكات، چونكه‌ هیچ دیسپلینێكى سیاسی و دبلۆماسییه‌تێكى تێدا نییه‌ جگه‌ له‌ عه‌نته‌رى و ترس و تۆقاندن.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ پارتى وه‌ك حزبێكى تاقانه‌ له‌رووى سیفه‌ته‌كانى دیكتاتۆرى بمێنێته‌وه‌ و په‌نجه‌ى تۆمه‌ت و تاوانبارى سیاسی بۆ رابكێشرێت.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ كێن كه‌وا واژۆكه‌یان كردووه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ له‌ژێر زه‌برى هه‌ره‌شه‌و ده‌ركردنیان له‌كابینه‌كه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكه‌وتنه‌كان

،،

پارتى توانى زۆرێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى نێو فراكسیۆنه‌كان رازى بكات به‌ كشانه‌وه‌ى واژۆكانیان،

به‌ڵام ئه‌م ناوانه‌ى خواره‌ سوور بوون له‌سه‌ر واژۆكانیان و له‌به‌رده‌م ره‌شه‌با تونده‌كه‌ى پاراستن و پارتیدا خۆیان گرتووه‌.


یه‌كه‌م: لیستی کۆمەڵی ئیسلامی:
عەبدولستار مەجید
عوسمان کانی کوردەیی
هەورامان گەچێنەیی
موسلیم عەبدوڵڵا
بەدریە سیوەیلی
ڕووپاک ئەحمەد
عومەر عەبدوڵڵا


دووه‌م: لیستی یەکگرتووی ئیسلامی:
د. شێرکۆ جەودەت
ئەبوبەکر هەڵەدنی
ئیسماعیل سگێری
سەرچنار ئەحمەد
هەلەز ئەحمەد
سێیه‌م: لیستی نەوەی نوێ:
د. کازم فارووق
کاوە عەبدولقادر
موژدە محەممەد
سیپان سالم


سێیه‌م: لیستی سەربەخۆکان:
مەم بورهان
سیروان بابان
دیاری ئەنوەر


چواره‌م: لیستی گۆڕان:
شیرینی ئەمین
شایان عەسکەری


پێنجه‌م: لیستی ئازادی:
محێدین حەسەن