كۆرۆنا، خۆشەویستی قادری حاجی عەلی لەناو دڵی جەماوەری گۆڕان تاقیكردەوە

كۆرۆنا، خۆشەویستی قادری حاجی عەلی لەناو دڵی جەماوەری گۆڕان تاقیكردەوە

2011 خوێندراوەتەوە

دیبلۆماتیك مەگەزین:


هه‌واڵی توشبونی قادر حاجی عه‌لی، سه‌ركرده‌ی دیاری پێشوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ كۆرۆنا وه‌ك بروسكه‌یه‌ك وابوو كه‌ زۆر به‌خێرایی به‌ناو دڵی گۆڕانخوازانی رازی و ناڕازیدا تێپه‌ڕی و زۆرینه‌یان به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی دوێنێ چی رویداوه‌، هاوسۆز و هاو هه‌ڵوێست سۆشیال میدیایان پڕكرد له‌ هاوسۆزی بۆ سه‌ركرده‌كه‌ی پێشوی گۆڕان.

قادری حاجی عه‌لی، وه‌ك چۆن له‌ناو یه‌كێتیدا كه‌سایه‌تیه‌كی دیار بوه‌ و چه‌ندین به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی هه‌بوه‌،لەگەڵ دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا هاوشانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستیكرد به‌ هه‌ناگاونان بۆ چاكسازی و دواتر هه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و چه‌ند هاوڕێیه‌كی ترییاندا چ له‌ناو یه‌كێتی و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دروستكرد.بەشداریكرد لە دروستبونی ئەو بزوتنەوە ڕیفۆرمخوازیەدا.

له‌ساڵی 2009 وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زرا، قادر حاجی عه‌لی یه‌كێك بوه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ و له‌زۆرێك له‌ وێستگه‌كاندا وه‌ك كه‌سایه‌تی دووه‌می بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ركه‌وتوه‌.

،،

 هێشتا قادری حاجی عەلی لەناو جه‌ماوه‌ی گۆڕان‌ و هه‌ڵسوڕاوەكانیدا پێگەیەكی بەهێزی هەیە و لەوانەیە پێگەی ئەو لە دڵی جەماوەری بزوتنەوەكەدا لە زۆرینەی زۆری سەركردەكانی ئێستای گۆڕان خۆشەویسترە.

،،

تا ئه‌و كاته‌ی هه‌واڵی توشبونی قادر حاجی عه‌لی به‌ كۆرۆنا راگه‌یاندرا، ئاسان نه‌بوو بزانیت تاچه‌ند جه‌ماوه‌ری گۆران په‌سه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌ن، یاخود تاچه‌ند هاوسۆزن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ سۆشیال میدیا و به‌تایبه‌ت فه‌یسبوك یه‌كپارچه‌ بوه‌ هاوخه‌می و هاوسۆزی بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پێشوی گۆڕان،

دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، قادر حاجی عه‌لی ئه‌گه‌رچی یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرا ببێته‌ رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌ڵام له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌راندندا، ئاماده‌ نه‌بو خۆی بۆ رێكخه‌ری گشتی هه‌ڵبژێرێت و كشایەوە.

دواتریش شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن رێكخه‌ری گشتی نوێ و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن جێگای ره‌زامه‌ندی قادری حاجی عه‌لی نه‌بو، له‌مه‌شدا ئه‌و به‌ته‌نیا نه‌بو، عوسمان حاجی مه‌حمود، ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌كه‌ یه‌كێكی تر بوو له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ ته‌واو نیگه‌ران بو، سه‌رئه‌نجام دوای چه‌ندین نامه‌ی ناڕه‌زایی و په‌یامی جیاواز" هه‌ردوو سه‌ركرده‌ گۆڕانیان به‌جێهێشت و سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیش بۆ هێنانه‌وه‌یان بۆناو بزوتنه‌وه‌كه‌ شكستی هێنا، له‌نێویشیاندا هه‌وڵه‌كانی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی كه‌ چه‌ندجارێك سه‌ردانی ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ی كردوه‌.

قادر حاجی عه‌لی به‌نیازی چی بو؟
بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵ دوور له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قادر حاجی عه‌لی بڕیاری كۆتایی نه‌دا كه‌ چی بكات، به‌ڵكو به‌رده‌وام خه‌ڵكی ده‌بینی و راوێژی پێده‌كردن، جار جاریش له‌رێگای وتار و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانیه‌وه‌ په‌یامه‌كانی خۆی ده‌گه‌یاند، به‌رده‌وام باسی له‌وه‌شده‌كرد، كه‌ "ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستای گۆڕان په‌یڕه‌وی ده‌كات مایه‌ی نیگه‌رانیه‌ و خزانه‌ بۆناو گۆڕه‌پانی سیاسی پارتی و یه‌كێتی، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی ئه‌م دوو حزبه‌وه‌ رووبه‌رووی نه‌هامه‌تی زۆر بونه‌ته‌وه‌ و ئێستا خواستی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێكی سوڵتانی و ده‌ستگرتنه‌ به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا".


دواین جار له‌ رۆژی 2 ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2019 دا قادر حاجی عه‌لی باسی له‌وه‌كرد، كه‌ پێویسته‌ بیر له‌ شێوازێكی نوێ بكرێته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئومێد بۆ خه‌ڵك و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مكاری و نادادی و گه‌نده‌ڵیه‌ی له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت، كه‌ ئه‌مه‌ والێكدرایه‌وه‌ قادر حاجی عه‌لی بەنیاز بێت حزبێكی نوێ رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ساڵێك تێپه‌ڕی و ئه‌مه‌ رووینه‌دا.


تا ئه‌و كاته‌ی هه‌واڵی توشبونی قادر حاجی عه‌لی به‌ كۆرۆنا راگه‌یاندرا، ئاسان نه‌بوو بزانیت تاچه‌ند جه‌ماوه‌ری گۆران په‌سه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌ن، یاخود تاچه‌ند هاوسۆزن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ سۆشیال میدیا و به‌تایبه‌ت فه‌یسبوك یه‌كپارچه‌ بوه‌ هاوخه‌می و هاوسۆزی بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پێشوی گۆڕان، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج بوو ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ هاوخه‌م نه‌بون كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی گرده‌كه‌ن و ناڕازین، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گۆڕانخوازانی ئێستای ناو گرده‌كه‌ هاوخه‌می و هاوسۆزییان پیشاندا و هیوای چاكبونه‌وه‌یان بۆ خواست.


هاوسۆزی گۆڕانخوازانی رازی و ناڕازی بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌و ئەگەرەی هێنایە پێشەوە كه‌ رۆژێك بێت یان قادری حاجی عه‌لی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرده‌كه، یان جەماوەری گردەكە بێنە پاڵ قادری حاجی عەلی.


له‌سیاسه‌تدا هه‌موو شتێك ئەگەری رودانی هەیە، وه‌ك چۆن چاوه‌ڕێ ده‌كرێت قادر حاجی عه‌لی حزب دابمه‌زرێنێت، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت بگه‌رێته‌وه‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م ئه‌ودا به‌تایبه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆناو گۆران، دوو خاڵی جه‌وهه‌رییه‌ له‌ ئێستادا:
یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌كه‌دان زۆرینه‌یان خواستی گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و ناكه‌ن وبە نەیاری خۆیانی دەزانن،هەربۆیە پشتیوانی له‌ مانه‌وه‌ی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ده‌كه‌ن.


دووه‌م: كوڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌تایبه‌ت چیا نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی نیه‌ له‌گه‌ڵ قادر حاجی عه‌لی و زۆرجاریش به‌ ناراسته‌وخۆ قادر حاجی عه‌لی نوكی ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ی "كوڕه‌كان" كردوه‌.

سەرە ڕای هەموو ئەمانە هێشتا قادری حاجی عەلی لەناو جه‌ماوه‌ی گۆڕان‌ و هه‌ڵسوڕاوەكانیدا پێگەیەكی بەهێزی هەیە و لەوانەیە پێگەی ئەو لە دڵی جەماوەری بزوتنەوەكەدا لە زۆرینەی زۆری سەركردەكانی ئێستای گۆڕان خۆشەویسترە.