ژمارەیەک لە کچە یەزیدیە ڕفێنراوەكان لە وڵاتانی کەنداو فرۆشراون

ژمارەیەک لە کچە یەزیدیە ڕفێنراوەكان لە وڵاتانی کەنداو فرۆشراون

340 خوێندراوەتەوە

مەحما خەلیل قائیمقامی شەنگال ئاشكرای كرد كە" نزیكەی دوو هەزار و 500 یەزیدی كە لە كاتی داگیركردنی شەنگال لە ساڵی 2014دا لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون، هێشتا ئازاد نەكراون".


دەشڵێت: " لە خێوەتگەی هول لە سوریا نزیكەی 300 ژنی ڕفێنراوی یەزیدی بوونیان هەیە".
قائیمقامی شەنگال چەند زانیاریەكی نوێی لەسەر ڕفێنراوەكان ئاشكرا كرد، كە هەندێكیان لە چەند دەوڵەتێكی كەنداوی عەرەبی بینراون.

،،

هەر لەو بارەیەوە محەمەد شەفیق ڕۆژنامەنوسی عیراقی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك ئاشكرای كرد كە" چەندین سەرچاوەی جیاواز دووپاتی دەكەنەوە، كە چەندین ڕفێنراویان لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بینیوە".


ئەو ڕۆژنامەنوسە سەر سوڕمانی خۆی نیشانداوە، كە بۆچی لەسەر ئاستی فەرمی و نافەرمی هیچ جوڵەیەك لەسەر ئەو كەیسە نابینرێت، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنیش هیچ جوڵەیەك بەدی ناكرێت.


باس لەوەش دەكات كە" لەوەیە سروشتی بێت ڕفێنراوانی یەزیدی لە سوریا ببینرێت، بەڵام بوونیان لە دەوڵەتانی كەنداو كە ڕووبەڕیان هێندە گەورە نیە، لەوەیە گەیشتن پێیان و هێنانەوەیان كارێكی ئاسان و خێرا بێت".


شەنگال لە 3ی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كراو بەهۆیەوە، ژمارەیەكی زۆری ژنان و كچانی یەزیدی ڕفێنران و ئەوانی دیكەش ئاوارەی چیای شەنگال بوون.


بە پێی دواین ئاماری نوسینگەی " ڕزگاركردنی یەزیدیە ڕفێنراوەكان" كە نەتەوە یەكگرتوەكان پشتی پێدەبەستێت و نوسینگەیان لە دهۆكە، ژمارەی ئاوارە یەزیدیەكان لەسەرەتای كۆمەڵكوژییەكەوە بریتی یە لە 360 هەزار ئاوارە.


نوسینگەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت:" ژمارەی قوربانیان لەسەرەتای تاوانەكەوە 1293 ژن و پیاوە، هەروەها ژمارەی هەتیویش دوو هەزار 749 هەتیون لەهەردوو ڕەگەز".


هەرچی پەیوەست بە گۆِرەكانیش ئاشكرای دەكات كە" تاكو ئێستا 83 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شەنگال دۆزراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەیان گۆڕی تاك ئاشكرا كراون، هەروەها ژمارەی مەزارە ئاینیە تەقێنراوەكان 68 شوێنی ئاینیە".

،،

" ژمارەی ئەو یەزیدیانەی بۆ دەرەوەی عیراق كۆچیان كردووە زیاتر لە 100 هەزار كەسە، بەڵام ژمارەی ڕفێنراوان شەش هەزار 417 كەسە لە هەردوو ڕەگەز، سێ هەزار 548 لە مێ، دوو هەزار 869 لە نێر".


ژمارەی ڕزگاركراوان لەدەستی داعش سێ هەزار و 530 كەسە، كە هەزار و 199 یان ژن و 399 یان پیاون، هەزار و 41 شیان منداڵ لە ڕەگەزی مێ و 951 منداڵی كوڕن.
بەیاننامەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە ژمارەی ئەو كەسانەی هێشتا لە دەستی داعش ماون دەگاتە دوو هەزار 887 كەس، كە هەزار و308یان لە ڕەگەزی مێ و هەزار و 579یان لە نێرن.