دەسەڵاتەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زیاتر دەكرێت

وەك میراتگری هیرۆخان و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد مامەڵە دەكات

دەسەڵاتەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زیاتر دەكرێت

676 خوێندراوەتەوە

لەدوای بونی بە ئەندامی سەركردایەتی و دواتریش مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،لە ئێستادا دەسەڵاتەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەناو مەكتەبی سیاسیدا زیاتر بووە و دەسەڵاتەكانی هاوشێوەی بەرپرسی دەستەی كارگیڕی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیە لەپێشودا.

،،

بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین،شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ئێستادا سەرپەرشتی سێ‌ لیژنەی گرنگ دەكات لەناو یەكێتیدا.


لیژنەی یەكەمیان تایبەتە بە چاودێریكردنی حكومەت و پڕكردنەوەی پۆستە حكومیەكان.

لەمڕوەشەوە دەسەڵاتێكی فراوانی پێ دراوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانی یەكێتی لە حكومەتدا و گۆڕانكاری تیایاندا.


لیژنەی دووەم كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتی دەكات لیژنەی پێداچونەوە و چاودێریكردنی میدیای یەكێتییە.
یەكێتی گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی كە میدیاكەی كێشەی هەیە و پێویستی بە پێداچونەوە و گۆڕانكاری هەیە.

لیژنەی سێیەمیش تایبەتە بە ڕێكخستنەكانی دەروەی یەكێتی و هەڵسەنگاندن بۆیان. ئەم لیژنەیەش لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەرپەرشتی دەكرێت بەو پێیەی لە رابردودا مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوەی لە لا بووە.

،،

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە ئێستادا بە قۆناغێكی زێڕینی سیاسی خۆیدا ئەڕوات و لە زۆر ڕوەوە بە خەونەكانی گەیشتووە، بەتایبەت وەك ئەوەی دەیویست وەك میراتگری هیرۆخان و ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد حسابی بۆ بكرێت لەناو یەكێتیدا.


ئەو دەسەڵاتانەی لە ئێستادا دراوە بە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نزیكە لە پۆست و دەسەڵاتەكانی پێشووی مەلابەختیارەوە لەناو یەكێتیدا
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەهاوكاری باڤڵ تاڵەبانی جێگەی خۆی لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەدا قایمكردوە و پشتگیریەكی تەواوی قوباد تاڵەبانی جێگری سەركی حكومەت دەكات لەناو حیزبدا.


لەماوەی رابردوودا كاتێك ژمارەیەك پەڕلەمانتاری یەكێتی واژۆی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیان كرد لەگەڵ پەلڕلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن.شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەناوی مەكتەبی سیاسیەوە هەرەشەی كشانەوەی ئیمزاكانی لێكردن ئەگەرنا دەبێت دەستبەرداری پۆستی پەڕلەمانتاری ببن.لەژێر ئەو فشارەشدا بۆجاری دووەم كە پرساندنەكە واژوو كرایەوە هیچ كام لە پەڕلەمانتارەكانی یەكێتی ئامادەنەبوون جارێكی دیكە یاداشتی پرساندنەكە ئیمزا بكەن.