مانگرتنی سەرتاسەری، دواهەمین بژاردە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات

مانگرتنی سەرتاسەری، دواهەمین بژاردە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات

1805 خوێندراوەتەوە


دوای ئەوەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان جارێكی تر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و برینداربون، لەئێستادا هێزە سیاسیەكان و گروپە ناڕازییەكان بۆ ناچاركردنی حكومەتی هەرێم بە هەڵوەشاندنەوە، بیر لە مانگرتنی سەرتاسەری دەكەنەوە لەكوردستان.


پێشتریش دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بایكۆتی وەك بەدیلی خۆپیشاندان بۆ مامۆستایان خستەڕوو، لە بەیاننامەیەكدا داوای لێكردن خۆپیشاندان بكەن بە بایكۆت لەناو ناوەندەكانی خوێندندا”.


ئەمڕۆ لەكەلار لەسەر داوای گروپێك لە چالاكانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایانی ئاینی و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی، زۆرینەی دوكاندارەكان لە كاتژمێر هەشتی بەیانی تاوەكو 12 ی نیوەڕۆ دوكانەكانیان داخست، ئەوەش وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئەو قەیرانانانەی هەرێمەكەی گرتۆتەوە.
مانگرتنی مەدەنی، رێگایەكە هاوڵاتیان دەیگرنەبەر بۆ ڕوبەڕووبونەوەی دەسەڵات، ئەم مانگرتنەش بەچەندین شێوازی جۆراو جۆر پەیڕەو دەكرێت، لەوانە، بایكۆتی دەوامی حكومی، داخستنی دوكان و بازاڕ، نەچونەسەر كار و مانەوە لە ماڵەوە و چەندین رێگای تر، پێشتر لە هندستان گاندی ئەم رێگایەی بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی هندستان دژی دەسەڵاتدارانی ئیمپراتۆری بەریتانیا بەكارهێنا، لە ئەفریقای باشوریش دژی یاسای جیاوازی ڕەگەزی ئەم رێگایە تاقیكرایەوە و سەركەوتنی بەدەستهێنا.

،،

سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵ: هەنگاوی گرنگ و كاریگەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم و ڕزگاركردنی كوردستان لەو دۆخە چەقبەستوە، ئەوەیە هێزەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی بەرهەم ساڵح و بەشێكی ناو یەكێتی وەك بەدیلی ئەم دەسەڵاتە خۆیان ڕابگەیەنن و لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆ.


ساڵی رابردو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە دوو مانگ مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد، بەڵام دواجار گەڕانەوە هۆڵەكانی خوێندن، هاوشانی مامۆستایان لەچەندین فەرمانگەی حكومیش فەرمانبەران بایكۆتی دەوامیان كرد بەڵام هەرگیز بایكۆت تەنانەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیش سەرجەم فەرمانگە حكومیەكانی نەگرتەوە.


"مانگرتنی سەرتاسەری لەسەر مێزی ئۆپۆزسیۆن"


لەئێستادا مانگرتنی سەرتاسەری و بایكۆتی فەرمانبەران، یەكێك لەو كارتەكانەیە كەلەسەر مێزی ئەو هێزانەیە كە داوای هەڵوەشاندنەوەی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی كاتی دەكەن.


د. رێبوار كەریم، وتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتە و هەموو رێكارێكی مەدەنی بە دروست دەزانن، بەڵام پێویستە گرتنە بەری هەر ڕێگایەك پێشوەخت خوێندنەوەی بۆ بكرێت و ئامادەكاری بۆ بكرێت.

،،

د. رێبوار كەریم: بایكۆتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكێكه لە بژاردەكانی بەردەم قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و ئەو هێزانەی ترە كە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتن


تەئكیدیشی كردەوە بایكۆتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكێك لە بژاردەكانی بەردەم قەوارەكەی ئەوان و ئەو هێزانەی ترە كە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نیە و لە ڕۆژانی داهاتوودا سەبارەت بەو هەنگاوە و چەند هەنگاوێكی تری مەدەنی ژمارەیەك لەو هێزانە كۆدەبنەوە.


وتەبێژی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەوەشی ڕونكردەوە كە بایكۆتی فەرمانبەران ئەگەر بكرێت پێویستە سەرتاسەری كوردستان بگرێتەوە بەپێچەوانەوە ڕەنگە نەتوانێت ئامانجەكەی بپێكێت.


كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم كشانەوە، تەئكیدیان كردەوە كە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بیر لە هەمو رێگایەكی مەدەنی دەكەنەوە.

،،

عەبدوڵا مەلا نوری: مانگرتنی سەرتاسەری یەكێكە لە چەكە كاریگەرەكان.ئەگەر هێزەكان جدی بن لە مەسەلەی مانگرتنی سەرتاسەری سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.


عەبدوڵا مەلا نوری، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەكە بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند" بزوتنەوەی گۆڕان بیری لە مانگرتنی سەرتاسەری كردۆتەوە و یەكێكە لەو چەكە كاریگەرانەی كاری بۆ دەكەن.تەئكیدیشی كردەوە ئەگەر هێزەكان جدی بن لە مەسەلەی مانگرتنی سەرتاسەری سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.


پێشتریش د. شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك سەبارەت بە بایكۆت پەیامێكی بڵاوكردەوە، "بۆ ئەوەی خوێنی ئەو شەهیدانە بەفیڕۆ نەچێت و چیتر خوێنی لاوەكانمان نەڕژێ ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی كوردستان كۆتایی بێت، داوا لە هەمو فەرمانبەرانی هەرێم دەكەم لە تێكڕای دامەزراوە حكومییەكانی شارو شارۆچكەكانی هەرێم بڕیار بدەن كە لەمڕۆوە بایكۆتی دەوام بكەن تاكو ئەم حكومەتە دەست لەكار دەكێشێتەوە".
لای خۆشیەوە مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە "دیپلۆماتیك" ی ڕاگەیاند، بایكۆتی سەرتاسەری فەرمانبەران لە كوردستان لە خۆپیشاندان باشترە، بەوپێیەی هێشتا ئاستی هۆشیاری خەڵك و خۆپیشاندەران وەك پێویست نیە و زۆربەی كات خۆپیشاندانەكان پشێوییان لێكەوتۆتەوە و بەوەش دەسەڵاتداران هەلەكەیان قۆستۆتەوە و خۆپیشاندانەكانیان بەلاڕێدا بردوە.


گەڵاڵی ئەگەرچی مانگرتنی بە هەنگاوێكی باش وەسفكرد بەڵام پێیوابوو مانگرتنی سەرتاسەری لەكوردستان سەرناگرێت، بەوپێیەی لەكوردستان فەرمانبەران بەسەر حیزبە جیاوازەكاندا دابەش بون و ئاسان نیە هەموو فەرمانبەران بایكۆتی دەوام بكەن.


سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵ پێیوابو هەنگاوی گرنگ و كاریگەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم و ڕزگاركردنی كوردستان لەو دۆخە چەقبەستوە، ئەوەیە هێزەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و قەوارەكەی بەرهەم ساڵح و بەشێكی ناو یەكێتی وەك بەدیلی ئەم دەسەڵاتە خۆیان ڕابگەیەنن و لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆ.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو