دەنگدان لە ئەمریکا: ئایا ئەمریکیەکان ئاوڕێک لە خۆیان دەدەنەوە؟

قوڕه‌كه‌ ئه‌مجاره‌ خه‌ستره‌

دەنگدان لە ئەمریکا: ئایا ئەمریکیەکان ئاوڕێک لە خۆیان دەدەنەوە؟

233 خوێندراوەتەوە
ڕۆژی سێشەممە بە کاتی ئەمریکا دوا ڕۆژی دەنگدانە. دەنگدانی ئەمجارە وەک هیچ جارێکی تر نیە. میلیشیایەکی زۆر لەسەر پێن. یەکێک لە کاندیدەکان هەڕەشەی ئەوە دەکات کە قبوڵی ناکات. هەرچەندە ئەمریکا بە ئەوە ناسراوە کە دەنگدان تیادا هەرگیز دادپەروەرانە نەبوە، چونکە سیستەمی جێریماندەرینگ و ڕێگریکردنی جۆراو جۆر لە دەنگدەری دیموکراتەکان، لە گەڵ ئیلکتۆرال کۆلیج، دۆخێکی زۆر نا دادپەروەریان دروست کردوە، بەڵام ئەمجارە قوڕەکە خەستترە.
ئەم هەڵبژاردنە لە چەندین ئاستی تردا جیاوازە. وەک سیڤین وەرثیم پێمان دەڵێت لە ڕۆژانی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەمریکا بڕیاریدا کە باڵادەستی سەربازی بکاتە بنەمای باڵادەستی لە دونیادا. بە دیدی ئەو ئەم پرینسیپە نەبوە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا ئاشتی بۆ دونیا بهێنێت، بەڵکو ئەمریکا بە دوای شەڕدا دەگەڕا و شەڕ بە دوای ئەمریکادا. بە جۆرێک بازنەیەکی داخراو لە شەڕ و بەردەوامی شەڕ هاتە ئاراوە. وەک پۆل کەنەدی پێمان دەڵێت لە کتێبە مەزنەکەیدا، هەڵكشان و داکشانی زلهێزەکانی، ١٥٠٠-٢٠٠٠، باڵادەستی یان هەژەمۆنی زۆرجار دەبێتە هۆکار کۆتایی هەژەمۆنیەت و داڕوخان. چونکە هەژەمۆنیەت تێچونی زۆرە. شەڕەکانی ئەمریکا هەتا ئێستا ٦ تریلیۆن دۆلار لە سەر ئەو وڵاتە کەوتوە.
ئەم بارگرانیە وەهای کردوە کە ئەمریکا پشت لە ناوەوەی بکات. ئەوانەی کە پشتگوێخراون زۆرن و خاوەن دیدی جۆراوجۆرن و توڕەن. بەشێکی زۆر لە قاعیدەی هەردوو پارتە سیاسییەکە پێکدەهێنن. هەرچەندە وەها دەردەکەون کە دژ بە یەکن بەڵام لە زۆر ڕوەوە هاودیدن، سەرباری جیاوازی زمانی دەربڕین و ئامرازیان . هەموو دژ بە واشنتۆن و نوخبەی سیاسی و سیستەم و شەڕە ناکۆتاکان و نادادپەروەری ئابوری و زۆر خەسڵەتی ترن.
لە کاتێکدا سێشەممەی ئەمریکا دوا ڕۆژی دەنگدانە، بەڵام ئەم وەرزی بانگەشەیە کەمترین باسی سیاسەتی دەرەوەی تیادا کرا، باس لە شەڕ نەکرا. هەرکاتێکیش بە خێرایی باسی ئەمانە کرابێت ئەوا لە ڕوانگەی ناوخۆوە بوە، هەروەها بۆ دژایەتی بوە.
نوخبەی ئەمریکی لە ژێر فشاردایە کە ئاوڕێل لە ناوەوەی بداتەوە. ئاوڕێک لە میلیشیا ڕاستڕەوەکانی، لە لاوە میلانیالەکانی (ئەوانەی لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٠٠دا لە دایک بوون)، لە کێشەی ڕەگەز، لە دۆخی ئابوری. هەموو ئەمانە فشارن بۆ ئەوەی ئەمریکا پشت لە سەربازەکانی بکات. هەر گەلێک سەربازەکانی بپەرستێت هەمیشە لە قەراغی مەرگدایە. ئەمە بۆ ئێمەی کوردیش ڕاستە. یەکێک لە فەلسەفە سەرەکیەکانی دونیا سەربازی ئەوەیە کە دەبێت سەرباز هەبێت بۆ ئەوەی بە کارنەهێنرێت.
هەرچەندە ئەمریکا خاوەنی هەرە بەهیزترین سوپای جیهانە، بەڵام هەمیشە براوەنیە. ئەم ڕاستیە مایەی تراژیدیایە بۆ ئەمریکا. لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی زاڵکردنی سەربازەکانی بوە، هێزەکانی تر لە بوارەکانی تردا براوەبوون لێی. بە پێچەوانەی ستیڤنەوە، من بڕوام بەوە نیە ئەگەر ئەمریکا سەربازەکانی بکشێنێتەوە ئەوا ئاشتی بەرقەرار دەبێت. بەڵام بە نەکشانەوەشی هەر ئاشتی بەرقەرا نابێت. کەواتە ئاشتی دۆخێکی سروشتی نیە. بە پێچەوانەوە شەڕ دۆخی سروشتی مرۆڤە.
کاتێک ئەمریکاییەکان دەڕۆن بۆ دەنگدان ڕەنگە بیر لە بوارێکی تەسک و خەسڵەتێکی بێ بەها و ئامانجێکی تایبەت بکەنەوە، بەڵام هەموو دونیا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو کارەیانەوە. وەک دەنگدان لە دونیای کوردیدا دەریدەخات، مرۆڤی دەنگدەر و پرۆسەی دەنگدان کردەیەکی سیاسی نیە، بەڵکو کارێکە لە هەناو کەلتور و بەها و نەریت و باوەڕ و ئەفسانە و سیستەمی خزمایەتی و ڕق و کینە و بێزاری و توڕەیی و هەستی ساتەوەختیی و زۆر پاڵنەری تری ناعەقڵانیەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەموان چاوەڕوانین، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە چەندین هەفتەی بوێت هەتا دەزانین کێ بە ڕاستی براوەیە.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان