ناوەڕۆكی كۆبونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی

لەسەر كێشەكانی ناو یەكێتی:

ناوەڕۆكی كۆبونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی

2310 خوێندراوەتەوە
 سێ‌ شەممەی رابردوو هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی،كۆبوونەوەوەیەكی دووقۆڵی ڕاشكاوانەیان ئەنجامداوە.
 
بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك مەگەزین هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە لەسەر ناكۆكی و رای جیاوازیان لەسەر كاروباری حكومەت و حیزب و ئیدارەی سلێمانی و راگەیاندنەكانیان.
 
لەبارەی حكومەتەوە، لاهور تاڵەبانی گلەیی لە قوباد تاڵەبانی كردەوە و وتویەتی كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و خواستی یەكێتی ناكات و پابەند نییە بە بەرژەوەندیەكانی یەكێتیەوە.
هەروەها وتویەتی كە ئەوان نیگەرانن لە قوباد چۆن لێدوان دەدات دەڵێت دز و مافیا ڕێگرن لەبەردەم كارەكانماندا.
 
لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی كە ئێوەش زۆر ئازاری قوبادتان داوە و لەدژی ئەو لێدوان دەدەن و لیوا چەتۆتان ناردۆتە حكومەت و لەبری قوباد تاڵەبانی كاردەكات و بۆتە ڕێگر لە بەردەمی.
یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی دیكەی دانیشتنەكەیان پەیوەست بووە بە پرۆسەی چاكسازی و تێكەڵاوكردنی هێزەكانی حەفتا و هەشتا.
لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی وتویەتی من ڕازی نابم بەو یەكگرتنەوەیە ئەگەر هاوسەنگی لە نێوان یەكێتی و پارتی تێدا نەبێت و شەفافیەتی ئیداری و دارایی تێدا نەبێت،هەروەها گلەیی كردوە كە بافڵ تاڵەبانی بەتەنیا چوە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ماڵی بارزانی رێكەوتنی كردوە و پرسیان بەو نەكردووە.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی ئەو دۆسیەیە ئەمریكییەكان سەرپەرشتی دەكەن و خۆیان هاتون بۆلات و رای تۆیان وەرگرتوە و تۆش رەزامەندیت دەربڕیووە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی گلەیی هەبووە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و وتویەتی كە ئەو دەزگایە شەفاف نییە و لەبری یەكێتی بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆت بەكارهاتووە،هەروەها وتویەتی لە 2014 وە پارە هاتۆتە ناو ئەم دوو دەزگایە و كەس نازانێت چۆن خەرجكراوە و هیچ راپۆرتێكی دیار نییە.
 
سەبارەت بە راگەیاندنیش بافڵ تاڵەبانی گلەیی كردووە كە لاهور شێخ جەنگی دەیان سایت و دەزگای راگەیاندنی كردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریان دەهێنێت نەك بەرژەوەندی یەكێتی.
هەروەها باسی ئەوەشی كردووە كە ئەو تەنها یەك دەزگای راگەیاندنی هەیە و وتویەتی تۆش لەبری ئەم هەموو دەزگایە یەك دەزگا بهێڵەرەوە و ئەوانی دیكە دابخە.
بەپێی زانیاریەكان لەسەر ئەوەش رێكەوتوون كە پارەدان بەو دەزگایانە شەفافانە بێت و لەڕێگەی ئیدارەی گشتییەوە بێت نەك هەركەسە و بەجیا پارە بە دەزگای راگەیاندنی خۆی بدات.
هەر بەپێی زانیاریەكانی "دیبلۆماتیك مەگەزین" بڕیارداوە لەم مانگەوە ئەو دەزگایانە لەڕێگەی ئیدارەی گشتییەوە پارەیان پێ‌ بدرێت.
 
یەكێكی دیكە لەو پرسانەی قسەی لەسەر كراوە،بریتی بووە لە پرسی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتی،لەم ڕوەوە هەردولا گلەیان لە یەكتری كردووە كە هەریەكەیان سەرچاوەی داهاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی كە ئەو پارانە بگەڕێتەوە ئیدارەی گشتی و هەردوو هاوسەرۆك پێكەوە چاودێری بكەن.