جۆ بایدن: كێشەی كورد بەئاسانی چارەسەر نابێت

جۆ بایدن: كێشەی كورد بەئاسانی چارەسەر نابێت

525 خوێندراوەتەوە

كاتێك كە لەسەردەمی سەرۆكایەتی " جۆرج بۆش‌و بێل كلینتۆن"دا لە ئەنجومەنی پیران بووە، داوایكردووە كە وڵاتەكەی هەڵووێستی توند بەرانبەر سەددام‌و ڕژێمی بەعس بنووێنێت بەهۆی ئەو تاوان‌و دەستدرێژیانەی كە دژی كورد ئەنجامی دەدەن.


بەپێی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی نهێنی تایبەت بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، " جۆ بایدن"ی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، لەناو ئەنجومەنی پیراندا، یەكێك لەو كۆنگرێسمانانە بووە كە دژی سەددام‌و ڕژێمەكەی هەڵوێستی توند بووە.



كتێبی " كوردو كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا" كە " وریا ڕەحمانی" لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە، دەیان بەڵگەی نهێنی دەربارەی هەڵووێست‌و بۆچوونی ئەمەریكای بەرانبەر پرسی كورد لە كوردستانی باشوور لە خۆ گرتووە.


كتێبەكە بە چەندان بەڵگەی جۆراو جۆر، سیاسەت‌و ستراتیژو هەڵووێستی ئەمەریكای بەرانبەر بە كورد ڕوونكردووەتە، هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ساڵەكانی كۆتایی دەسەڵاتی سەددام حسەین.

،،

جۆ بایدن" لەگەڵ چەند سیناتۆرێك لە كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا" جۆرج بۆش" داوای پاراستنی كورد دەكەن لە بەرانبەر هێرشەكانی سووپای عێراق‌و بەپێی ڕیزبەندی بەڵگەنامەكانیش، جۆ بایدن‌و ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران لە پاش كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستان‌و بەر لە بەڕێوەچوونی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاداشتەیان ئاڕاستەی سەرۆككۆماری ئەوكاتەی ئەمەریكا كردووە.


بەپێی یەكێك لە بەڵگەنامەكانی ئەو كتێبە،" جۆ بایدن" لەگەڵ چەند سیناتۆرێك لە كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بەناوەكانی " كلایبۆرنی پێڵ، هاریس وفۆرد، جەیمز جیفۆردز، ئالبێرت گۆڕ، پاوڵ سیمۆن، دانیێ پاتریك مۆنیهان"، لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا" جۆرج بۆش" داوای پاراستنی كورد دەكەن لە بەرانبەر هێرشەكانی سووپای عێراق‌و بەپێی ڕیزبەندی بەڵگەنامەكانیش، جۆ بایدن‌و ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران لە پاش كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستان‌و بەر لە بەڕێوەچوونی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاداشتەیان ئاڕاستەی سەرۆككۆماری ئەوكاتەی ئەمەریكا كردووە.
جۆ بایدن‌و شەش كۆنگرێسمانەكە لە یاداشتەكەیان باسیان لە كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان كردووە بەدەستی ڕژێمی بەعس‌و وتوویانە:" ئێمە دەمانەوێت نێگەرانی قوڵی خۆمان دەرببڕین بە نیسبەت بارودۆخی عێراق بەتایبەت لە پەیوەندی بە ئاسایشی كوردەكان لە باكوری عێراق‌و موسڵمانە شیعەكان لە باشووری عێراق، ئەم دواییانە كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبرد بۆ تاوتوێكردنی بەڵگەنامەكانی پەیوەندیدار بە كۆمەڵكوژی ڕژێمی سەددام ڕژێمی لە عێراق، كە تێیدا بەڵگەنامەكان‌و ڕاپۆرتەكانی پەیوەنددار بە كۆمەڵكوژی خەڵكی سیڤیلی كورد عێراق، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوو تاوتوێكراو لەم كۆبوونەوەیەدا بەڵگەنامە فەرمییەكانی عێراق‌و شایەتی پسپۆڕان‌و ئاكامی لێكۆڵینەوەی خودی كۆمیتە لەم ناوچەیە خرایە ڕوو".


ئەوان لە یاداشتەكەیاندا بۆ سەرۆكۆمار ئەوەشیان خستووەتە ڕوو كە ئەو بەڵگەنامانەی دەست كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران كەوتووە، نیشانی دەدەن بە گشتی 200 هەزار تا 300 هەزار كوردی عێراقی كوژراون‌و بێسەرووشوێن كراون كە دەكاتە لەسەدا پێنجی دانیشتوانی كوردستانی عێراق، وتووشیانە "ئەم زانیارییانە نیشانی دەدات ڕەفتاری عێراق دژی كوردەكان لە حكومی سیاسەتی فەرمی جینۆسایدە".


جۆبایدن‌و ئەندامانی كۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران لە یاداشتەكەیاندا باسیان لە دۆخی هەرێمی كوردستان لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 كردووەو وتوویانە:" كوردەكان بەشێوەیەكی كارامە هەرێمێكی ئازادیان پێكهێناوە كە زۆربەی ناوچە كورد نشینەكانی باكووری عێراق لەخۆ دەگرێت، بەهەرحاڵ تەنها هەڕەشەی هێزە هاوپەیمانەكانە كە ئەم هەرێمە ئازاد كراوەی لەبەرانبەر هێرشی دەوڵەتی عێراق پاراستووەو هەروا كە دەزانین ئەگەر ئەم هێرشە ڕوو بدات كوردەكان لەگەڵ مەترسی كۆمەڵكوژی ڕووبەڕوو دەبنەوە".


ئەوان داواشیان كردووەو كە بڕیاری درێژكردنەوەی پاراستنی ئاسمانی ئەو هەرێمە بدرێت كە كوردەكان پێكیان هێناوە،" بە توندی پشتیوانی دەكەین لە درێژكردنەوەی پاراستنی ئاسمانی ئەم هەرێمە لەلایەن هێزە هاوپەیمانەكان لە چوارچێوەی " شاڵاوی دابینكردنی ئاسایش" كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی حوزەیران كۆتایی پێبێت، هیوادارین وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوا لە توركیا بكات كە پشتیوانی لە درێژەپێدانی پارستنی ئاسمانی ئەم هەرێمە بكات".

هەر لە یاداشتەكەیان داوایان كردووە كە ئەمەریكا هەوڵی پاراستنی شیعەكانیش بدات:" هیوادارین وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەوڵ بدات بۆ باشتركردنی بارودۆخی شیعەكانی عێراق، هەرچەندە كە بارودۆخی كوردەكان زۆر گرنگترە بەلای ئێمەوە، بەڵام دەبێت تۆزێكیش سەرنج بدرێت لەسیازدە ملیۆن موسڵمانی شیعە كە دژی دەسەڵاتی سەددام حسەینن".


لە پاش ڕووداوی 31ی ئاب‌و هاتنی سووپای عێراق بۆ هەولێرو كوردستان لەسەر داوای پارتی بۆ دەرپەڕاندی هێزەكانی یەكێتی، جۆبایدن لەناو ئەنجومەنی پیراندا هەڵوێستی توند بەرانبەر سەددام‌و سوپای عێراق بەیان دەكات‌و بە سەرۆكی ئەنجومەن دەڵێت:"جەنابی سەرۆك، دوو ڕۆژ پێشتر سەرۆككۆماری ئەمەریكا " مەبەست بیل كلینتۆنە كە ئەوكات سەرۆكی ئەمەریكا بوو" فەرمانیدا وەڵامی سەربازی سووپای عێراق بدرێتەوە لەبەرانبەر دەستدرێژی بۆسەر كوردەكان، پرسیارێك كە ڕووبەڕووی ئێمە بووەتەوە ئەوەیە كە ئایا ئەنجومەنی پیران پشتیوانی دەكات لەو هەنگاوانە كە سەرۆك كۆمارەكەمان هەڵیگرتوون،
ئێمە مشتومڕ ناكەین لەسەر مێژووی دیبلۆماسی ئەمەریكا بە نیسبەت عێراق، مشتومڕ ناكەین لەسەر داهاتووی سیاسەتی ئاسایشی ئەمەریكا لەكەنداوی فارس، ئێمە تەنها پرسیارێكی سادەمان ڕووبەڕوو بوەتەوە، ئەویش ئەوەیە ئایا ئێمە پشتیوانی لە كردەوەكانی فەرماندەی گشتی دەكەین یان نا، ئایا پشتیوانی لەو سەربازانە دەكەین كە فەرمانەكەی سەرۆك كۆمار جێبەجێدەكەن‌و ئایا ئێمە كردەوە سەركوتكەرەكانی سەددام شەرمەزار دەكەین، ئەمانە كۆمەڵێك پرسیاری گرانن".
جۆ بایدن لەناو ئەنجومەنی پیراندا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری سەرۆككۆمار بیل كاینتۆن بۆ لێدانی گورزی سەربازی لە سووپای عێراق دەردەبڕێت‌و داوا لە ئەندامانی ئەنجومەن دەكات كە نابێت ئەوان لەسەر مەسائیلی لاوەكی مشتومڕ بكەن، " من دەمەوێت پشتیوانی لەم بڕیارنامەیە بكەم، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو بڕوایەم كە وەڵامەكەی جەنابی سەرۆك هەم پێوویست بوو هەم گونجاو بوو، سەددام حسەین زۆرجار نیشانی داوە كە لەزمانی هێز تێدەگات، پێشتر هۆشداری ڕوون لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە دراوە بە سەددام ‌و سەددام ئەو هۆشیارییەی وەلا ناوەو هێرشی بۆسەر كوردەكان كردووە".

،،

بایدن لە ئەنجوومەنی پیراندا بەمجۆرە باسی بارودۆخی كوردو كوردستانی كردووەو وتوویەتی:"چیرۆكی كوردەكان چیرۆكی درێژی خەبات‌و چەوساندنەوەی دورو درێژە، بەهۆی دەستێوەردانەكانی ئێران‌و عێراق‌و توركیاو سووریا ئاڵۆزتر بووە، كێشەی كورد بەئاسانی چارەسەر نابێت، بەڵام نابێت ڕێگا بدەین بارودۆخی ئاڵۆزی كوردستان ئێمە لە ئامانجە گەورەكانمان لا بدات.


هەر سەبارەت بە هێرشی سووپای عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە 31ی ئابدا جۆ بایدن وتوویەتی:" كردەوەكانی سەددام پێشێلكاری مەرجەكانی مافی مرۆڤی جیهانی‌و بڕیارنامەی 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە كە داوا لەسەددام دەكات كۆتایی بە سەركوتی كوردەكان بهێنێت، ئەگەر ئەو هێرشەی بێوەڵام بمایەتەوە بارودۆخی سەددام لەناوخۆی عێراق بەهێزتر دەبوو وە هانی دەدا هێرش بكاتە سەر شوێنی دیكە، بڕیارەكەی سەرۆك كلینتۆن پەیامێكی بەهێز بوو دەریخست كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چاوپۆشی لە دەستدرێژییەكانی سەددام‌و سووپای عێراق ناكات‌و دەبێت سەددام بەهای ئەو دەستدرێژیانە بدات‌و سەرۆككۆمار توانای سەددامی بەرتەسك كردەوە بۆ شەڕو ئاژاوەگێڕی زۆرتر".


بایدن لە ئەنجوومەنی پیراندا بەمجۆرە باسی بارودۆخی كوردو كوردستانی كردووەو وتوویەتی:"چیرۆكی كوردەكان چیرۆكی درێژی خەبات‌و چەوساندنەوەی دورو درێژە، بەهۆی دەستێوەردانەكانی ئێران‌و عێراق‌و توركیاو سووریا ئاڵۆزتر بووە، كێشەی كورد بەئاسانی چارەسەر نابێت، بەڵام نابێت ڕێگا بدەین بارودۆخی ئاڵۆزی كوردستان ئێمە لە ئامانجە گەورەكانمان لا بدات، بڕیاری سەرۆككۆمار بۆ ئەوە نییە كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەوێتە ناو ئاژاوەی كورد، بەڵكو بۆ ئەوەیە كۆنترۆڵی دیكتاتۆرێكی مەترسیدار بكات كە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە دەكات‌و سەقامگیری ناوچەكەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە".

ئەو، جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكاو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەوكاتەی ئەمەریكا، داوای لە لەهاوكارەكانی لە ئەنجومەنی پیران كردووە كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەو، بۆ پشتیوانیكردن لە بەربەركانێی سەرۆكۆمار لەگەڵ دیكتاتۆری دڵڕەقی عێراق.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی