کورد لە کتێبە تازەکەی باراک ئۆبامادا

ئەردۆغان و مالیکی چ خواستێکییان لە ئۆباما هەبووە دەرهەق بە کورد؟

کورد لە کتێبە تازەکەی باراک ئۆبامادا

702 خوێندراوەتەوە
کورد لە کتێبە تازەکەی باراک ئۆبامادا:
ئەردۆغان و مالیکی چ خواستێکییان لە ئۆباما هەبووە دەرهەق بە کورد؟
هەفتەی رابردوو ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، باراک ئۆباما بەشی یەکەمی یاداشتەکانی خۆی بەناونیشانی سەرزەمینی وادەدراو لە کتێبێکی ٧٦٨ لاپەڕەییدا بڵاوکردەوە.
لە کتێبەکەیدا تەنها لە دوو بۆنەدا ناوی کورد هاتووە و ئەویش لە سیاقی دوو گفتوگۆ و دانوسانی جیاوازی لەگەڵ هەر یەک لە ئەردۆغان و مالیکیدا. بەڵام، دوو وانەی گرنگی بۆ ئێمەی کورد تێدایە، ئەوەی لێ فێردەبین کە کورد لەئەقڵی یان ستراتیژی تورک و شیعەدا چۆن وێنا کراوە و چ مەوقیعێکی هەیە.
🔶کورد لەنێوان ئەردۆغان و ئۆبامادا
لە لاپەڕە ٣٣٧دا ئۆباما لە گرژییەکەوە دەست پێدەکات کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەناتۆدا دروست دەبێت بەهۆی رازینەبوونی ئەردۆغان بە دانانی ئەندرێس راسموسەنی سەرەک وەزیری پێشوی دانیمارک بە سکرتێری ناتۆ.
ئۆباما بە تورکەکان دەڵێت دەبێت راسموسەن ببێتە سکرتێری ناتۆ و لەموقابیلدا با جێگرێکی تورکی هەبێت و هەڕەشەش دەکات ئەگەر راسموسەن نەبێتە سکرتێر ئەوا کاریگەری زۆری لەسەر رای گشتی ئەمریکیەکان بەرامبەر تورکیا دەبێت. سەرەنجام تورکیا دێتە ژێر بارەوە.
ئەم روداوە دەبێتە نەمەتێکی لێکتێگەییشتن لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی یەکتری و "دان و سەندن" لە نێوان ئۆباما و ئەردۆغاندا دروست دەبێت و لە ماوەی و لە ٨ ساڵی سەرۆکایەتی ئۆبامادا بەو نەمەتە کاری کردووە.
🔻کورد میحوەری سەرەکی لێکتێگەییشتنەکەیە
لە لاپەڕە ٣٣٨دا ئۆباما ئاماژە بەوە دەکات کە لە لێکتێگەییشتنەکەدا هەریەک لە ئەمریکا و تورک دوو خواستی میحوەریان لەیەکتر هەیە، بەم جۆرە:
⬅️ئەردۆغان داوای (١) پشتیوانی ئەمریکا لە پرسی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا و (٢) هاوکاری سەربازی و هەواڵنێری لە جەنگ لەدژی "جوداخوازە کوردەکان"دەکات.
⬅️ئۆباماش پێویستی بە هاوکاری تورکیا بووە بۆ (١) شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم و (٢) سەقامگیری عێڕاق.
🔻 وانەیەک لە لێکتێگەییشتنەکەی ئۆباما ئەردۆغان
⬅️ئۆباما گومان لە جدییەتی ئەردۆغان لە پرسی دیموکراسیدا دەکات، وەک دەرەنجام لە پرسی ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا.
⬅️ پێشبینییەکەی ئۆباما راست دەرچوو و ئەردۆغان نە پێویستی بە دیموکراسی بوو و نە بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. ئەوەی دەمێنێتەوە خواستی سەرکوتکردنی کوردە.
⬅️ خواستی میحوەری تورکیا لە "دان و سەندن"ی لەگەڵ ئۆبامادا هاوکاریکردنی تورکە لە سەرکوت کردنی کورددا.
🔶کورد لەنێوان مالیکی و ئۆبامادا
لە لاپەڕە ٤٢٩دا ئۆباما باسی ئەوە دەکات کە لە نیسانی ٢٠٠٩دا سەردانێکی کورتی عێڕاقی کردووە و لەگەڵ مالیکیدا کۆدەبێتەوە و بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و سیاسی و ئیداری عێڕاق، پێشنیاری هەندێک ریفۆرم و رێککەوتن لەگەڵ کورد و سوننەدا دەکات.
🔻مالیکی باوەڕی بە فیدرالیزم نییە
ئۆباما کۆبونەوەکەی لە گەڵ مالیکیدا لەوە تێدەگات کە مالیکی:
⬅️ باوەڕی بە فیدرالیزم نییە
⬅️ باوەڕی بە مافی "کەمینە"ی کورد و سوننە نییە.
⬅️ داکۆکی لەوە کردووە کە شیعەکان زۆرینەن و دەبێت حوکمی عێڕاق بکەن.
⬅️ لە عێڕاقدا کەمینەکان (کورد و سوننە) کێشە بۆ حوکمڕانی شیعە دروست دەکەن.
⬅️ خواستی"کەمینە"ی کورد و سوننە خواستی ناڕەوان و ئەمریکا لە پشت ئەو خواستە ناڕەوایانەوەیە.
🔻وانەیەک لە گێڕانەوەکەی ئۆباما
⬅️ ئەوەی کە مالیکی درکاندوویەتی لە باوەڕنەبوون بە فیدرالیزم و لە چەسپاندنی حوکمی زۆرینەی شیعە قەناعەتی تاک بەتاکی حیزب و گروپ وکەسایەتییە شیعەکانی عێڕاقە.
⬅️ ستراتیژی شیعە لە سەردەمی مالیکییەوە تا ئێستا سیاسەتی پەرتەوازەکردن و کۆنترۆڵ کردنی هێزە کوردستانی و سوننییەکانە.
⬅️ مالیکی لە شەڕ خستنە ناو ماڵی سوننەدا و بواردان بە داعش و کڕینی پەرلەمانتار و سەرۆک خێلەکاندا سەرکەوتوو بووە.
⬅️ ئێستا ئەوەی بڕیار لە شەقامی سوننە دەدات ئەو هێز و گروپانەن کە پرۆکسی شیعەکانن.
⬅️ مالیکی بە بڕینی موچە سەرەتای ئەو شەڕەی خستە ناو ماڵی کوردی.
⬅️ شیعەکان تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوونە لە کڕینی پەرلەمانتار و هەندێک لە وردە حیزبی کوردی.
⬅️ بەوادیرەکانی دابەشبوونی ئیدارەدراوی کۆمەڵگای کوردی و تەسلیمبوونەوە بە بەغدا ئێستا بە روون و ئاشکرا دیارە.
⬅️ ئەم بەوادیری دابەش بوونە لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و نیوەی خاکی کوردستان و لە پرسی موچەدا بە ئاشکرا دیارە.
⬅️ شیعەکان بە هێمنی و تەقییە کار بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان دەکەن.
⬅️ ئەوەی کارئاسانی و زەمینە بۆ سەرکەوتنی شیعەکان دەرەخسێنێت گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپی حوکمرانییە لە هەرێمدا.