وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كابینه‌كه‌ی جۆ بایدندا بناسه‌

بلینكن چۆن له‌ پرسی كورد و سیاسه‌تی ئه‌مریكا ده‌ڕوانێت بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كابینه‌كه‌ی جۆ بایدندا بناسه‌

599 خوێندراوەتەوە

‎تۆنی بلینكین: ‎وەزیری دەرەوەی بایدن ،لایەنگری پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانە

‎تۆنی بلینكین، ڕاوێژكاری بایدن بۆ سیاسەتی دەرەوە، لە زانكۆی هارفارد خوێندویەتی، هەروەها پسپۆڕی یاسایی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە،یەكەم وێستگەی كاركردنی پیشەیی لە بواری یاسادا لە نێوان واشنتن و پاریسدا بوو.

‎دوای ئەم وێستگەیە بلینكین لە ساڵی 1993دا دەست بە ‎كاری حكومی دەكات، دواتر زۆر بەخێرایی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، چەندین پۆستی باڵا وەردەگرێت، تاوەكو لە سەردەمی باراك ئۆبامادا دەبێتە بریكاری وەزیری دەرەوە، لەو پۆستەدا و لە ماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2017 چەندین ڕۆڵی گرنگ دەبینێت، وەك ڕووبەڕوبونەوەی داعش و دووبارە ڕێكخستنەوەی هاوسەنگی لە ئاسیا و قەیرانی كۆچبەران لە جیهاندا.

‎پێش دواین پۆستی، بلینكین وەك هاریكاری ئۆباما لە كۆشكی سپی كاری كردووە، هەروەها جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بووە،ڕاوێژكارەكەی ئۆباما توانی لە نێو وەزارەتی دەرەوەدا نفوزی خۆی فراوان بكات، پردی پەیوەندی نێوان وەزارەت و كۆمەڵگەی داهێنەرانی بینیاتناوە،دیداری وەزارەتی دەرەوەی بۆ داهێنەران سازكرد، كە داهێنەران ڕۆڵێكی گرنگیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی سیاسەتی دەرەوە بینی.

‎بلینكین پشتگیری لە سیاسەتی واشنتن دەكات بۆ مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە چەندین ناوچەی ئاسیا كە ناكۆكیان تێدایە، ئەو پێی وابوو كە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری سوریا(هەڵەیەكی گەورە)بوو، چونكە بە كۆتایی هاتنی نفوزی ئەمریكا لە سوریا دەشكێتەوە، هەروەها لەو باوەڕەدا بوو كە بەجێهیشتنی كورد لەلایەن ئیدارەكەی ترامپەوە ، یەكێكە لە خاڵە لاوازەكانی سیاسەتی ترامپ لە سوریا. ‎

بلینكین پێی وایە كە دەبێت ڕۆڵی وڵاتەكەی لە ڕێكخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان فراوان بكرێت و پارەدان پێیان زیاد بكرێت، بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی ترامپەوە كە لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەرچوو. ‎ڕاوێژكارەكەی بایدن هاوبۆچوونە لەگەڵ سۆلیڤانی هاوكاری، كە پێیان وایە ڕووبەڕووبونەوەی چین بە جێبەجێ كردنی سیاسەتی هاوسەنگی هێز لە زەریای ئارام دەبێت،هەمان بۆچوونیشی بەرامبەر ئێران هەیە، هەروەها پێی وایە پاشەكشە لە ڕێكەوتنەمەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران( شكستێكی گەورە) بوو. ‎

لەسەر پرسی فەلەستین، ڕاوێژكاری بایدن، دژی لكاندنی كەرتی خۆرئاوای فەلەستینە بە ئیسرائیلەوە،چونكە ئەوە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەلئەبیب، ئەو پێی وایە تاكە ڕێگە بۆ گەرەنتی داهاتووی ئیسرائیل، دەوڵەتێكی جولەكەی دیموكراتیە،هەروەها دوپات لە هەوڵەكانی فەلەستینیەكان بۆ دروستكردنی دەوڵەتی خۆیان دەكاتەوە، بەشێوەیەك دوو دەوڵەت دروست بكرێت و پێشوەختە هەردوو لایەن لەسەر هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی ڕێك بكەون.