ئایا جەماوەری پارتی لە کەرکوک دەنگ بە لیستی حزبی سۆسیالیست دەدەن ؟

گەڕان بە دوای چارەنووسی ٦٣ هەزار دەنگی پارتی لە کەرکوک

ئایا جەماوەری پارتی لە کەرکوک دەنگ بە لیستی حزبی سۆسیالیست دەدەن ؟

4675 خوێندراوەتەوە

 پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی کردووە لە پارێزگای کەرکوک، لە ئێستاشدا قسەوباسەکان لەسەر ئەوەن کە دەنگی جەماوەریی پارتی لە کەرکوک بۆ چ حزب و لیستێک دەچێت، دیپلۆماتیک مەگەزین لەم ڕاپۆتەدا بە دوای دەنگەکانی پارتی دەکەوێت تاوەکو بزانێت لە بەرژەوەندی کێ دەچنە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە.

لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت، جەماوەر و کایرانی پارتی لە سنوری کەرکوک دەنگ دەدەن بە لیستی سۆسیالیست، کە لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە بە سەرۆکایەتی محەمەد حاجی مەحمود، بەوپێیەی کە لە ماوەی شەڕی دژ بە داعش ئەو حزبە و محەمەدی حاجی مەحمود  زیاتر لە پارتی نزیک بوونەوە، هاوکاتیش لە ماوەی ریفراندۆمدا محەمەد حاجی مەحمود دۆستی نزیکی مەسعود بارزانی بووە و بە توندی پیشتیوانی ریفراندۆمی کرد، بۆیە لەوکاتەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز بووە.

سەبارەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن حزبەکەیانەوە لە کەرکوک، عەدنان كه‌ركوكى، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک ـ گەرمیان، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت:" ئه‌و سه‌ركزیيه‌مان پێقبوڵ نه‌كرا له ‌كه‌ركوك بۆیه‌ بریارماندا به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كه‌ین، دواتريش زۆر هه‌وڵماندا‌ پێكه‌وه‌ هه‌موو لیسته‌ كوردییه‌كان بە یەک لیست به‌ڵام سه‌رى نه‌گرت ئێمه‌ش پێمان باش نه‌بوو به‌ته‌نها دابه‌زین".

،،

لە ماوەی شەڕی دژ بە داعش محەمەدی حاجی مەحمود و حزبەکەی  زیاتر لە پارتی نزیک بوونەوە، هاوکاتیش لە ماوەی ریفراندۆمدا محەمەد حاجی مەحمود دۆستی نزیکی مەسعود بارزانی بووە و بە توندی پیشتیوانی ریفراندۆمی کرد، بۆیە لەوکاتەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز بووە.

dcv
محەمەدی حاجی مەحمود و چەند ئەندامێکی حزبەکەی ـ کەرکوک ـ 2016

دەربارەی ئەوەی کە لە کاتێکدا خۆیان لیستیان نییە، دەنگی جەماوەری پارتی بۆ چ کەس و لیستێک دەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، عەدنان کەرکوکی بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:" ئێمه‌ كه‌ بایكۆتى هه‌ڵبژاردنمان كردووه‌ به‌ ده‌نگده‌ره‌كانیشمان وتووه‌ كه‌ بایكۆتى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌چنه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان، تائێستاش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ بریارێک له ‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ده‌نگه‌كانمان بۆ كه‌سێك یاخود لایه‌نێكى دیكه‌ بێت، ئه‌گه‌ر بریارمان بدایه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن خۆمان لیستمان دروست ده‌كرد".

پەیوەست بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە کەرکوک لە لایەن پارتی و بارودۆخی کورد لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق عارف قوربانیی نوسەر و چاودێری سیاسیی، دۆخەکە بۆ دیپلۆماتیک ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت:" پارتى سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له ‌كه‌ركووك فشارێکی زۆرى لێ ده‌كرێت  و باره‌گاكانى داگیركراوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ى ئازار ده‌درێت به‌ڵام نه‌ده‌بوو ئەو بریارە بدات، بریاری به‌شدارینه‌كردنى پارتى زۆر خراپ بوو و بریارى ئه‌وه‌شى كه‌ ناهێڵێت ده‌نگده‌ره‌كانی ده‌نگ بده‌ن خراپترى كردووە،‌ ده‌بوو پارتى ئه‌ندامه‌كانى سه‌رپشك بكات و ڕێگەیان پێبدات بچنه‌ سه‌ر سندوقەکانی دەنگدان".

،،

به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى لە کەرکوک ـ گەرمیان: به‌ ده‌نگده‌ره‌كانیشمان وتووه‌ كه‌ بایكۆتى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌چنه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان، تائێستاش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ بریارێک له ‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ده‌نگه‌كانمان بۆ كه‌سێك یاخود لایه‌نێكى دیكه‌ بێت، ئه‌گه‌ر بریارمان بدایه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن خۆمان لیستمان دروست ده‌كرد".

عەدنان کەرکوک ناڕازییە بەرامبەر بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەوەی ڕێگریی لە کورد دەکرێت و لەو بارەوە دەڵێت:" له ‌هه‌موو شوێنێکی عێراق 24 كاتژمێر ده‌توانیت بانگه‌شه‌ بكه‌یت، بەڵام له‌ كه‌ركوك كاتژمێر 7ى ئێواره دەبێت‌ هه‌مووان بچنه‌وه‌ ماڵ کۆتایی بە بانگەشە بهێنن، ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازییه‌ سه‌پاندوویه‌تى كه‌ركوكى داگیر كردووه‌،‌ وه‌ك پارتى پێمانوایه‌ كه‌ركوك داگیركراوه‌ چونكه‌ ناهێڵرێت  ئاڵاى كوردستان هه‌ڵبكرێت و ئه‌و لیسته‌ كوردیانه‌ش كه‌ بانگه‌شه‌یان كردووه‌ ته‌نها له‌ ناو هۆڵه‌كاندا ئاڵاى كوردستیان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌توانن با به‌ پۆسته‌ره‌كانیانه‌وه‌ ره‌مزێك دانێن كه‌ ئاڵاى كوردستانى پێوه‌ دیار بێت بزانه‌ ده‌توانن".

dcv
بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان ـ کەرکوک ـ ٢٠١٤

ڕۆژی ١٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، پارتی بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەکات لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، هەرچەندە لە ئێستادا ئەو حزبە تەنها لە پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین لیستی نییە و هەڵبژاردنی بایکۆت کردووە تێیاندا.

،،

د.فەرهاد تۆفیق وتەبێژی لیستی سۆسیالیست:تائێستا گفتوگۆ و ڕێکەوتن لە نێوان سۆسیالیست و پارتی لە ئارادا نییە، ئێمە بە پلەی یەکەم بۆ بەدەسهێنانی دەنگ لە کەرکوک پشت دەبەستن بە هەڵوێستی حزبەکەمان لە ماوەی ڕابردوودا، کە بەبێ ئەوەی لە ناو حکومەت بن و بەرپرسیارێتیان هەبێت، خودی محەمەدی حاجی مەحمود و پێشمەرگەکانی حزبەکەمان لە کەرکوک شەڕی داعشیان کردووە.

د.فەرهاد تۆفیق وتەبێژی لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کە بە دروشمی "چاکسازیی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی" بانگەشە بۆ لیستەکەیان دەکەن، لەسەر چوونی دەنگەکانی پارتی لە کەرکوک بۆ ئەوان، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:"تائێستا گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکی وەها لە نێوان سۆسیالیست و پارتی لە ئارادا نییە، ئەوان بە پلەی یەکەم بۆ بەدەسهێنانی دەنگ لە کەرکوک پشت دەبەستن بە هەڵوێستی حزبەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا، کە بەبێ ئەوەی لە ناو حکومەت بن و بەرپرسیارێتیان هەبێت، خودی محەمەدی حاجی مەحمود و پێشمەرگەکانی حزبەکەیان لە کەرکوک شەڕی داعشیان کردووە، سکرتێری حزب خۆی بریندار بووە و کوڕەکەشی کە ئەندامی سەرکردایەتیمان بوو، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت لە کەرکوک شەهید بووە لە پێناو پاستنی خاکی کوردستان".

dfv
ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی لیستی حزبی سۆسیالیست ـ گوڵەخانە ـ ٢٠١٨.٤.١٥

وتەبێژی لیستی حزبی سۆسیالیست، پێیوایە کە "خەڵکی کەرکوک لەسەر بنەمای هەڵوێستی نەتەوەیی دەنگ دەدەن، حزبەکەشیان ئەو هەڵوێستە نەتەوایەتییانەی هەبووە لە کەرکوک، بۆیە چاویان لەوەیە ئەمجارە لە کەرکوک دەنگێکی زیاتر بەدەستبهێنن".

،، 

عارف قوربانی: داوا له‌ ئه‌ندام و ده‌نگده‌رانى پارتى دەکەم لە کەرکوک  گوێ له‌حزبه‌كه‌یان نه‌گرن و بچنه‌ سه‌ر سندوقەکانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن به‌ كاندیدێك یان كه‌سێک كه‌ خۆیان قبوڵیانه‌، چونكه‌ ده‌نگدان بە كورد ئه‌مرۆ له‌ كه‌ركوك ریفراندۆمێكی ترە و‌ و زۆر گرنگه‌.

لە قسەکانیدا بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین عارف قوربانیی، هەڵبژاردنی ئەمجارەی لە کەرکوک بە ڕیفراندۆم وەسف کرد، داواش له‌ ئه‌ندام و ده‌نگده‌رانى پارتى دیموكراتی کوردستان دەکات لە کەرکوک کە " گوێ له‌حزبه‌كه‌یان نه‌گرن و بچنه‌ سه‌ر سندوقەکانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن به‌ كاندیدێك یان كه‌سێک كه‌ خۆیان قبوڵیانه‌ و پێیانوایه‌ وه‌ك هه‌ندێ ئه‌ندام په‌رله‌مانى پێشوو له‌ به‌غدا حزبایه‌تى ناكات، چونكه‌ ده‌نگدان بە كورد ئه‌مرۆ له‌ كه‌ركوك ریفراندۆمێكی ترە و‌ و زۆر گرنگه‌".

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ی پەرلەمانی عێراق، پارێزگای کەرکوک ٥٧٠ هەزار و ٧٩٠ دەنگدەری هەبوو، لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ٢٠٩ هەزار و ٩٦٤ دەنگی هێنا، بەوەش ٦ کاندیدی سەرکەوتن.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش ٦٣ هەزار و ٧٦ دەنگی هێنا، بەوەش لە پارێزگای کەرکوک توانی ٢ دوو کاندید بۆ پەرلەمانی عێراق سەربخات، ئەوانیش: شاخەوان عەبدوڵا ئەحمە عەبدولقادر و ئەمیرە کەریم حەمە لاو مەردان.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان