سیناریۆكانی هەڵبژاردنی 2018

توێژینەوەی زانستی، بۆ دەنگی قەوارەكان و كورسییەكانیان

سیناریۆكانی هەڵبژاردنی 2018

5011 خوێندراوەتەوە


بەشی یەكەم و سەرەتا


پێشەكی:
چەند ڕۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، لیست و قەوارە و كاندیدەكانیان و هەوادارانیان لەمیدیاكان و لە كۆبونەوەكاندا شیكاری جۆربەجۆر دەكەن بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. هەندێك لەو شیكاریانە نزیكن لە واقیع و زۆربەشیان لایەنی سۆزداری زاڵە بەسەریدا و بەشێكیشی زۆر ناواقیعیە و لەخەیاڵ نزیكترە تا واقیع.


لەبەر نەبوونی سەنتەری توێێژینەوەی زانستیانە و بێلایەن لەهەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەبواری هەڵبژاردنەكاندا، زۆربەی شیكاری و شرۆڤەكان تام و ڕەنگی لایەنێك بەسەریدا زاڵە. ئەمەش وایكردووە كە دەنگدەران وێنەیەكی ڕونیان لا نەبێت سەبارەت بە سەنگ و قورسایی هەر لایەنێك، بەخوێندنەوە و بینینی هەر ڕاپۆرت و شیكاریەك ئاراستە و بیرو ڕایان بگۆڕێت.


ئێمە لەبەشی توێژینەوەی دبلۆماتیك مەگەزین هەوڵدەدەین بەپشت بەستن بە داتاكانی هەڵبژاردنی پێشوو، خستنەڕووی هەڵوێست و ڕوداوەكانی چوار ساڵی ڕابردوو، هەموو ئەو هاوكێشە و ئاماژانەی كە ڕوكارێكی واقیعی و زانستیان هەیە، شرۆڤەیەكی زانستیانە و واقیعیانە بۆ دەنگی قەوارەكان و پێشبینیمان بۆ ژمارەی كورسیەكانیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخەینەڕوو.


بەڵام گرنگە هەر لەسەرەتاوە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەم جۆرە شرۆڤە و شیكاریانە بۆ حاڵەتی ئێستایە كە هێشتا كات لەبەردەستە بۆ ڕودانی پێشهاتی چاوەڕوان نەكراو لەدوا ساتەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا كە بەسود یان زیانی لایەنێك كۆتایی بێت، هەروەها گرنگە ئەو بەڵێنانەی كۆمسیۆن داویەتی سەبارەت بە ڕێگری لەساختەكاری و شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بەرقەرار بێت.

 

،،

لەهەرێمی كوردستان دوو قەوارەی نوێ دروست بوون كە قەوارەی (هاوپەیمانی و نەوەی نوێ)ن. سەرەڕای بوونی چەند لیستێكی تری پارێزگاكانی عێراق وەك لیستەكەی عەبادی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان

دەنگی قەوارەكان چی بەسەر دێت و بۆچی؟
لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە دوو قەوارەی نوێ دروست بوون كە قەوارەی (هاوپەیمانی و نەوەی نوێ)ن. سەرەڕای بوونی چەند لیستێكی تری پارێزگاكانی عێراق وەك لیستەكەی عەبادی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و كەمكردنی دەنگی پێنج لایەنە سەرەكیەكەی هەرێم بەڕێژەی جیاواز كەپێشتر كورسیان بەدەستهێناوە. چونكە بازنەكانی دەنگدان هەمان بازنەكانی پێشترن و لەدەنگی ئەو لایەنانە كێش دەكەن كەلەو بازنانەدا بوونیان هەیە، سەرەڕای ئەو هەموو ململانێ و قەیران و شكستانەی لەسەر دەستی ئەم لایەنانە دروستبوون لە چوار ساڵی ڕابردوودا.

 

نەخشەی شیكاریی ئەم توێژینەوەیە
بۆ ئەوەی وێنەیەكی ڕوون و واقیعی لای خوێنەر دروست ببێت، سەبارەت بە هەر هەڵكشان و داكشانێك كەلەدەنگی قەوارەكاندا ڕوو دەدەن و هۆكار و ئاماژەكانی بزانن، سەرەتا شیكاریی بۆ حاڵەتی هەر قەوارەیەك بەجیا دەكەین و ئەگەری كەمكردن یان زیادكردنی دەنگەكانی و هۆكارەكانی دەخەینەڕوو، لەژیر ڕۆشنایی ئەو ڕوداو و پێشهات و هەڵوێستانەدا كەلەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بینراوە، لەسەر ئەو بنەمایانە پێشبینی بۆ دەنگەكانی ئەو قەوارەیە لە هەر پارێزگایەك و ژمارەی كورسیەكانی لەو پارێزگایە دەخەینەڕوو، یان دروست تر ئەو ئەگەر و سیناریۆیانەی كە لەهەر بازنەیەكدا پێشبینی دەكرێت دەخرێتەڕوو. لەكۆتاییشدا سیناریۆكان بۆ هەموو قەوارەكان پێكەوە لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەك و پاشان هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی بۆ كوسیەكانی كورد و قەوارەكانی دەخەینەڕوو. بۆ ڕیزبەندی قەوارەكانیش بەپێی كورسیەكانی ئێستا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەكەین. كە بەم شێوەیە ڕیز بوون:


1) پارتی دیموكراتی كوردستان (25 كورسی).
2) یەكێتی نیشتمانی كوردستان (21 كورسی).
3) بزوتنەوەی گۆڕان (9 كورسی).
4) یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (4 كورسی).
5) کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (3 كورسی).


چاوەڕوان بن لەبەشی دووهەمدا سیناریۆكانی بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان دەخەینەڕوو.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك