چاره‌نوسی شاسوار عەبدولواحید، له‌ نێوان ترامپ و خۆدرۆڤسكیدا

چاره‌نوسی شاسوار عەبدولواحید، له‌ نێوان ترامپ و خۆدرۆڤسكیدا

5946 خوێندراوەتەوە


شاسوار عه‌بدولواحید وه‌كو دیارده‌یه‌كی بچوككراوه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی ئه‌مریكاو ڕوسیا ته‌ماشا ده‌كرێت، دوای ئه‌وه‌ی قازانجێكی گه‌وره‌یان كرد بۆ پاراستنی سه‌رمایه‌كانیان جیهانی سه‌رمایه‌داریان گۆڕی و ملیانا به‌ كاری سیاسیه‌وه‌ كه‌ پڕ مه‌ترسی و جیهانێكی سامناكه‌ .

شاسوار سه‌رمایه‌دارێكی جیاواز

شاسوار پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانی كوردستان پێش ئه‌وه‌ی سه‌ری سپی بكات سه‌رمایه‌كی زۆری كۆكردووه‌ته‌وه‌، خۆی و ئه‌وانه‌ی نزیكن لێیه‌وه‌ بڕاوایان وایه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی به‌رهه‌می زیره‌كی و ئه‌و موجازه‌فانه‌یه‌‌ له‌ژیانی خۆیدا كردویه‌تی، واته‌ له‌ كوڕی كه‌بابچیه‌كی ئاساییه‌وه‌ بووه‌ته‌ ملیاردێركی دیار، به‌ڵام كه‌منین ئه‌و ڕكابه‌رانه‌شی كه‌ بڕوایان به‌م چیرۆكانه‌ نیه‌ و پێیانوایه‌ شاسوار دیوێكی ئاشكرای كۆمه‌ڵێك ده‌موچاوی شاراوایه‌ كه‌ هاوكاریبون بۆ پێكه‌وه‌نانی سه‌رمایه‌یه‌كی زه‌به‌لاح.

،،

خۆی و ئه‌وانه‌ی نزیكن لێیه‌وه‌ بڕاوایان وایه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی به‌رهه‌می زیره‌كی و ئه‌و موجازه‌فانه‌یه‌‌ له‌ژیانی خۆیدا كردویه‌تی، به‌ڵام كه‌منین ئه‌و ڕكابه‌رانه‌شی كه‌ بڕوایان به‌م چیرۆكانه‌ نیه‌ و پێیانوایه‌ شاسوار دیوێكی ئاشكرای كۆمه‌ڵێك ده‌موچاوی شاراوایه‌


تائیستاش ئه‌م مشتوومڕه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌و خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی شاسواره‌ و له‌ سه‌ریه‌مایه‌داره‌ باوه‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، تیۆره‌ ئابورییه باوه‌كه‌ی به‌لاوه‌نا كه‌ بڕوای وایه‌ سه‌رمایه‌ "ترسنۆكه‌". بۆیه‌ ئه‌و جیاواز له‌سه‌ر مایه‌داره‌ دێرینه‌كان:

- باوه‌ڕبه‌خۆبونێكی سه‌یری هه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ستی غروری پێبه‌خشیووه‌ بڕوای به‌ده‌رخستنی خۆی و سه‌رمایه‌كه‌ی هه‌یه،‌ له‌زۆربه‌ی بۆنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت جیاواز له‌سه‌رمایه‌داره‌كانی دیكه‌ قسه‌ له‌سه‌ر خۆی و سه‌رمایه‌كه‌ی ده‌كات، بڕوای به‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتنی حیزبی و یارمه‌تیه‌كانی ئه‌وان سه‌رمایه‌كه‌ی كۆكردوه‌ته‌وه‌.

- به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ له‌ پرۆژه‌ ناباوه‌كان له‌وێنه‌ی (میدیا و پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری فروان) به‌تایبه‌ت (میدیا) كه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك له‌كوردستان به‌ڵكو له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رچاوه‌ی پاره‌په‌یداكردن نیه‌.

- دۆزینه‌وه‌ی بۆشایی سیاسیه‌كان و ده‌وڵه‌ت و به‌كارهێنانی ئامڕازو بۆشاییه‌ سیاسی و ئیدارییه‌كان بۆ كه‌ڵه‌كردنی سه‌رمایه‌كه‌ی.


ده‌كرێت زۆر خاڵی جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م خاڵانه‌‌ وایكردووه‌ شاسوار عه‌بدولواحید كه‌ سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستانه‌ جیاوازتربێت له‌سه‌رمایه‌داره‌كانی دیكه‌ كه‌ به‌ڕێگا باوو كۆنه‌كان گه‌یشتوون به‌سه‌رمایه‌یی زه‌به‌لاح و ئیستا خاوه‌ن پڕۆژه‌ن.

،،

خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی شاسوار له‌ سه‌ریه‌مایه‌داره‌ باوه‌كانی تر ئه‌وه‌یه‌، تیۆره‌ ئابورییه باوه‌كه‌ی به‌لاوه‌نا كه‌ بڕوای وایه‌ سه‌رمایه‌ "ترسنۆكه‌". 


كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌كی زه‌به‌ح له‌ماوه‌یەكی كه‌مدا

شاسوار عه‌بدولواحید به‌پێی بایۆگرافیه‌كی خۆی "ساڵی 2007 وه‌ چووه‌ته‌ ناو پڕۆژه‌ی گه‌وره،‌ ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سبووه‌ پڕۆژه‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونی هێناوه‌ته‌ پارێزگای سلێمانی كه‌ به‌سه‌رمایه‌یەكی كه‌می یه‌ك ملیۆن دۆلارییه‌وه‌ توانی سه‌رمایەی كۆمپانیاكانی بگه‌یه‌نێته‌ یه‌ك ملیار دۆلار، كه‌ ئه‌گه‌ر خه‌مڵاندن بۆ سه‌رمایه‌كه‌ی بكر‌یت دەردەكەوێت به‌ڕێژه‌ی ناوه‌ندیی توانیویه‌تی ساڵانه‌ (200) ملیۆن دۆلار قازانج بكات.

وه‌به‌رهێنانی ئه‌م وه‌به‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجه‌ دوو قۆناغی گرنگی به‌خۆوه‌ بینی كه‌ له‌ساڵی 2007وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ كۆتایی ساڵی 2017 كه‌ كۆتایی به‌ژیانی سه‌رمایه‌داری هێنا و به‌ته‌واوی ڕوویكرده‌ سیاسه‌ت:
+ قۆناغی یه‌كه‌می شاسوار وه‌به‌رهێنان بووه‌ له‌ پڕۆژه‌ی خانووبه‌ره‌ و گه‌شتیاری كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی (گوندی ئه‌ڵمانی ١و٢و٣، نالیسیتی،كوردستی ١و ٢ و چاڤیلاند)

+ قۆناغی دووه‌می وه‌به‌رهێنابوو له‌میدیا كه‌ ئه‌م وه‌به‌رهێنانه‌ وه‌به‌رهێنانی زۆر نوێبوو بۆ كوردستان، ده‌توانرێت بوترێت زیاتر ئه‌م وه‌به‌رهێنانه‌ وه‌به‌رهێنانی پاڵپشت بوو بۆ پڕۆژه‌ ئابورییه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید.

ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندێكی گشتی بكه‌ین بۆ كاری وه‌به‌رهێنانی شاسوار عه‌بدولواحید چه‌ند خاڵێكی گرنگ به‌دیدی ده‌كه‌ین:
+ شاسوار ئه‌و پاره‌یی به‌ده‌ستهێناوه‌ زۆرینه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵی 2007 بۆ 2011 بەدەستهێناوە كه‌ دۆخی كوردستان له‌وپه‌ڕی دۆخی زیِرێنی خۆیدابوو، بۆیه‌ شاسوار سودی له‌و كه‌لێنه‌ ئیسفنجیانه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌رگرتووه‌ له‌وێنه‌ی (پێدانی زه‌وی، به‌خشین له‌باج، فرۆشتنی خانوو به‌شێوه‌ی قیست و سودمه‌ندبوون له‌سندوقی وه‌به‌رهێنان)، ئه‌وه‌ش وایكرد شاسوار قازانجێكی زۆر به‌ده‌ستبهێنت له‌گه‌نجێكه‌وه‌ به‌چه‌ند 100 هه‌زار دۆلارێكەوە ببێته‌ ملیاردێر، ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و هه‌زاران سه‌رمایه‌داره‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستی دوو هه‌زاره‌كانه‌وه‌ كە پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌ستكه‌وت پێیانده‌وترێت "سه‌رمایه‌داری هه‌ڵتۆقیوو".

هه‌ر بۆنمونه‌:
یه‌كێك له‌ پڕۆژكه‌ گرنگه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید چاڤیلانده‌، له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ چه‌ند زانیارییه‌كم له‌باجی كۆمپانیاكان ده‌ستكه‌وت، به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ "ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ساڵانه‌ پاره‌یه‌كی زۆر بۆ شاسوار په‌یداده‌كات، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵی ته‌واو له‌باج به‌خشراوه‌" ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی فه‌رمانێك كه‌ له‌گه‌ڵ هاوپیچی دۆسیه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی باجی كۆمپانیاكان كراوه‌.

،،

 شاسواريش ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و هه‌زاران سه‌رمایه‌داره‌وه‌ كە له‌ناوه‌ڕاستی دوو هه‌زاره‌كانه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌ستكه‌وت و پێیانده‌وترێت "سه‌رمایه‌داری هه‌ڵتۆقیوو".

+ له‌دوای 2011 وه‌ كاتێك پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون زۆربوون قازانج به‌ته‌وه‌تی كه‌مبویه‌وه‌ شاسوار به‌خێرایی ڕووه‌ و وه‌به‌رهێنانی میدیایی ڕۆشت‌، ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌م به‌پیرەوه‌چونه‌ی سه‌رمایه‌دارێك بۆ وه‌به‌رهێنانی كه‌م قازانجی وه‌كو میدیا كه‌ له‌هه‌رێم ته‌نها سیاسیه‌كان پاره‌ له‌م جۆره‌ وه‌به‌رهێنانه‌ خه‌رج ده‌كه‌ن له‌پێناو گه‌شه‌ی سیاسی ئه‌وا ده‌توانرێت ئه‌وه‌ی لێبخوێنیته‌وه‌ شاسوار دوو ئامانجی هه‌بووه‌ (پاڵپشیكردنی پڕۆژه‌كانی له‌ڕێگه‌ی میدیاوه‌ و به‌ده‌ستهێنانی قازانجێكی كه‌م، پاراستنی ئه‌و سه‌رمایه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی به‌چه‌كی میدیایی، كه‌ لە ئیستادا دوای هێزی سه‌ربازی كاریگه‌رترین چه‌كه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و مانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش شاسوار نه‌یتوانیوه‌ له‌بواره‌كانی تر كاربكات، چونكه‌ هه‌مووی سه‌رمایه‌داره‌كانی تر كاری تێداده‌كه‌ن مه‌جالی فروانی بۆ ئه‌و تێدانه‌بووه‌.

هه‌ربۆ نمونه‌:
كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی عه‌ره‌بی كه‌ پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م بووه‌ یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ كاریگه‌رییه‌ عێراقیه‌كان دوو كاری گرنگی بۆ پڕۆژه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید كردووه‌:

  • ساڵانه‌ بۆ كۆی دامه‌زراوه‌یی میدیایی نالیا ئه‌و پاره‌یی خه‌رجی ده‌كات كه‌متره‌ له‌ 10 ملیۆن دۆلار، پشكی ئێن ئاڕتی عه‌ره‌بی له‌و پاره‌یه‌ به‌گریمانه‌یی له‌ 3 ملیۆن دۆلار تێپه‌ڕ ناكات، شاسوار چی كردووه‌؟ یه‌كه‌م له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ڕیكلامه‌ی ده‌یكات بۆ چاڤیلاند پاره‌ له‌ كۆمپانیای چاڤیلاند وه‌رده‌گرێت ده‌یكاته‌ داهات بۆ كه‌ناڵه‌كه‌، وه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ڕیكلامه‌وه‌ ساڵانه‌‌ سه‌دان هه‌زار گه‌شتیاری عه‌ره‌ب بانگهێشتی پڕۆژه‌كه‌ی كردووه،‌ به‌پێی وته‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم چاڤیلاند و ئین ئاڕتی عه‌ره‌بی ژماره‌ی گه‌شتیاریان بۆ هه‌رێم زیادكردووه‌.

  • واته‌ هه‌م كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌ به‌رده‌وامی پێده‌دات هه‌م پڕۆژه‌كه‌ گه‌شه‌ پێده دات ئه‌وه‌ش له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌ واتای "گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام". وه‌ سودی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ سه‌رمایه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سوڕه‌دا بسوڕێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت و پاره‌كه‌ نه‌چێته‌ده‌ره‌وه‌ سه‌رمایه‌یی كه‌ڵه‌كه‌بوو.

نمونه‌ی 2
ئێستا شاسوار عه‌بدولواحید خاوه‌نی كۆمپانیای (پام میدیا) یه‌ كه‌ ‌ كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ندی دابینكردنی خزمه‌تگوزاری په‌خشی ته‌له‌فزیۆنییە، ئه‌و ئیستا زێرڤه‌ری په‌خشی زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت سلێمانی له‌لایه‌، جگه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی خۆی كه‌ بۆ هه‌ر كه‌ناڵێك كه‌ های كوالێتی په‌خش نه‌كات به‌ دیقه‌ی (4 كێگابایت) 20 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئیستا جگه‌ له‌وه‌ی له‌و بواره‌ سه‌رمایه‌ گوزاری بكات هاوكات فریكوێنسی به‌خشی كه‌ناڵه‌كانی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.


به‌كورتی ده‌توانرێت بوترێت ئه‌وه‌ی شاسوار له‌قۆناغی یه‌كه‌م به‌ده‌ستیهێناوه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه‌كه‌ی بووه‌، ئه‌و له‌دوای 2011 وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پارێزگاری له‌سه‌رمایه‌كەی كردوو، هاوكات ڕوانگه‌ی خۆی بۆ وه‌به‌رهێنانی (كه‌م قازانج) گۆڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پارێزگاری له‌ پرۆژه‌كانی بكات و هاوكاتیش گه‌شه‌یان پێبدات.

،،

به‌پێی خه‌مڵاندن بێت قه‌رزه‌كانی شاسوار (%10.5) سه‌رمایه‌كه‌یه‌تی، ئه‌م قه‌رزانه‌ له‌چاو سه‌رمایه‌كه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌نین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خاڵه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌ شاسوار ئێستا ئه‌م پاره‌یەی كردوه‌ته‌ پڕۆژه‌كانیه‌وه‌ و ئەگەر داوای پاره‌كه‌ی لێبكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌ قه‌رزه‌كانی پێبدرێته‌وه‌

 

قه‌رزه‌كانی شاسوار؛ بۆشایی زه‌فه‌رپێبردنی

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان شاسوار عه‌بدولواحید له‌چه‌ندین لاوه‌ به‌شێوازی جۆراو جۆر قه‌رزی حكومی له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌پێی ڕیزبه‌ندی قه‌رزه‌كان بیت:

+ شاسوار زۆرینه‌ی پشكه‌كانی چاڤیلاندی به‌ناوه‌وه‌یه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ (717) ملیۆن دیناری كاره‌با قه‌رزاره‌ و هیچی نه‌داوه‌ته‌وه‌.


+ 80 ملیۆن دۆلاری حكومه‌تی بۆ گه‌شه‌پێدانی پڕۆژه‌كانی له‌سه‌ره‌و تائێستا نه‌یداوه‌ته‌وه‌.


+ 30 ملیار دیناری هاوڵاتیان له‌ پڕۆژه‌ی چاڤیلاندایه‌ و تائێستا كه‌مترین قازانجیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی خه‌مڵاندن بێت قه‌رزه‌كانی شاسوار (%10.5) سه‌رمایه‌كه‌یه‌تی، ئه‌م قه‌رزانه‌ له‌چاو سه‌رمایه‌كه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌نین چونكه‌ له‌لایه‌ك قه‌رزه‌كان قه‌رزی هاوڵاتی نین و هه‌موویان له‌ڕێگه‌ی یاساییه‌وه‌ ڕێكخراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خاڵه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌ شاسوار ئێستا كه‌ ئه‌م پاره‌یەی كردوه‌ته‌ پڕۆژه‌كانیه‌وه‌ داوای پاره‌كه‌ی لێبكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌ قه‌رزه‌كانی پێبدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ توشی كێشه‌ی بكات، كاتێك ماركێتینگێكی به‌هێز و به‌رده‌وام هه‌یه‌ هه‌ركاتێك ئه‌م سه‌رمایه‌داره‌ سه‌ری ده‌ركردبێت به‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ركه‌وتوویان كردووه‌.


شاسوار عه‌بدولواحید بۆچی ڕوویكرده‌ سیاسیه‌ت؟
شاسوار عه‌بدولواحید به‌وته‌ی خۆی ئه‌و ئێستا به‌فه‌رمی كه‌ناڵه‌كانی فرۆشتووه‌ سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ تائێستاش به‌گوێی كه‌سدا نه‌ڕۆشتووه‌ چونكه‌ تائێستا نه‌ لایه‌نی كڕیار دیاره‌ و خۆشی هه‌یمه‌نه‌ی ته‌واوی به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانیه‌وه‌ دیاره‌.
• ئه‌وه‌ لە ‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ شاسوار چی ده‌ستده‌كه‌وێت له‌ سیاسیه‌ت و بۆچی ڕوویكرده‌ سیاسیه‌ت؟


وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ قورسه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بدرێته‌وه‌، به‌ڵام شیكردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ش چه‌ندین ڕه‌هه‌ندێك له‌خۆ ده‌گرێت:


+ ئه‌م وه‌رگه‌ڕانه‌ی شاسوار ڕه‌نگه‌ حه‌زێكی سه‌رشێتانه‌و موجازه‌فه‌یه‌كی دیكه‌بیت كه‌ ئه‌م سه‌رمایه‌داره‌ ده‌یه‌وێت دووباره‌ بیسله‌مێنیت ده‌توانێت وه‌رچه‌رخان له‌سیاسیه‌ت بكات كه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ قورسه‌ ڕووبه‌ڕوی ئاسته‌نگی زۆر ده‌بێته‌وه،‌ ئه‌وه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ڕه‌وته‌ی كه‌ له‌مێژوی كه‌متر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا یخایل خۆدرۆڤسكی ڕوسی و ئێستاش دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.

+ شاسوار ده‌یه‌وێت وه‌كو نه‌ریتی سیاسیه‌ باوه‌كانی كوردستان نفوزی سیاسی به‌كاربهێنیت بۆ پارێزگاریكردن و گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌كه‌ی، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕێگایه‌كی باوه‌ سیاسیه‌كان به‌كاریده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌كێكی ده‌سه‌ڵات بخۆن، ده‌بیت نفوزی سیاسی خۆیان پیشان بده‌ن، چونكه‌ ئێستا شاسوار سه‌رمایه‌گوزاریه‌كەی گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست ئه‌گه‌ر فشار نه‌كات بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیكه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت سه‌رمایه‌كه‌ی بپارێزیت، هاوشانی ئه‌وه‌ش ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی له‌سه‌ریه‌تی ته‌نها گه‌ڤه‌رێكی سیاسی ده‌توانێت بیپارێزێت و نه‌ڕووخێت.

+ بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌ بڕوای وایه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا شاسوار عه‌بدولواحید پاكێجێكی ئاماده‌كراوی بیانیه‌ بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری به‌ڕێگایه‌كی باو.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڕوا به‌هێزه‌كه‌یه‌ شاسوار تائێستاش ئه‌و شورا پۆڵاینه‌ی نه‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ی بپارێزیت، بڕوای وایه‌ سیاسی بوون ده‌توانێت بیگه‌یه‌نێت به‌و شورا به‌هێزه‌ و ڕه‌نگه‌ش بیگه‌یه‌نێت به‌ گه‌شه‌یه‌كی به‌رفروانی زیاتر كه‌ ئه‌و شاره‌زایه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌وه‌ی چۆن بتوانێت دۆخه‌ سیاسیه‌كان بۆ خۆی بقۆزێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌دوداچونه‌ی من كردم له‌وباره‌یه‌وه‌ "شاسوار پاش ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ناوه‌ تائێستا به‌رێگای جۆراوجۆر هه‌وڵی مانه‌وه‌ی خۆیداوه‌ وه‌هه‌میشه‌ش پێگه‌ی خۆی له‌ناو سیاسه‌ت و دادگا پاراستووه‌ چونكه‌ زانیویه‌تی ئه‌م دوو پێگه‌یه‌ له‌هه‌موو ساتێكدا ده‌توانن هۆكاری هه‌ره‌س پێهێنانی بن، ته‌نانه‌ت توانی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی چاڤیلاند ململانێ یه‌كێك له‌كه‌سه‌ دیاره‌كانی ماڵی تاڵه‌بانی بكات كه‌ هیچ سه‌رمایه‌دارێك خۆی له‌قه‌ره‌ی وه‌ها كارێك نادات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سیاسیه‌ك "جگه‌ له‌ده‌رخستنی پێگه‌ی به‌هێزی خۆی له‌ناو دادگاو دۆخه‌ سیاسیه‌كه‌دا هیچی دیكه‌نه‌بوو".

،،

چاره‌نوسی شاسوار ئه‌گه‌ر هی ترامپ بێت چاره‌نوسێكی گه‌شبینانه‌ نیه‌ بۆ سه‌رمایه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر چاره‌نوسی خۆدرۆڤسكی بیت ئه‌وه‌ شاسوار، خۆی و سه‌رمایه‌كه‌ی به‌ته‌واوی له‌ده‌ستداده‌دات.

 چاره‌نوسی شاسوار له‌نێوان (ترامپ و خۆدرۆڤسكی) یدا
كه‌س نازانێت چاره‌نوسی شاسوار به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن یان شكست ده‌ڕوات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌نوسی شاسوار ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ نمونه‌كانی هاوشێوه‌ی خۆی كه‌له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 15 ساڵی ڕابردودا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌نوسێكی تاڵ نه‌بیت چاره‌سه‌نوسێكی گه‌شه‌بینانه‌ش نەبێت، له‌وێنه‌ی (دۆناڵد ترامپ و میخایل خۆدرۆڤسكی )

ترامپ كێیه‌؟
دۆناڵد جه‌ی ترامپ سه‌رمایه‌دارێكی ئه‌مریكیه‌ و له‌چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌ هاتووه‌ته‌ ناو كاری وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره‌وه‌ و به‌پێی ڕیزبه‌ندی فۆربس بۆ سه‌رمایه‌داره‌كانی جیهان سه‌رمایه‌كه‌ی 3 ملیار دۆلاره‌، ئه‌و ساڵی 2017 ڕێڕه‌وی كاری بازرگانی گۆڕی بۆ سیاسی و سه‌ركه‌وت بۆ كورسی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، به‌ڵام دوای سه‌ركه‌وتنی جگه‌ له‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی لاوازه‌ بڕیاره‌كانی ده‌بنه‌ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ هاوكات گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌شی وه‌ستاوه‌.

خۆدرۆڤسكی كێیه‌؟
میخایل خۆدرۆڤسكی سه‌رمایه‌دارێكی ڕوسیه‌ له‌ڕێگه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و كاری بانكی و بازرگانی نه‌وت كاری وه‌به‌رهێنانی كردووه‌، ئه‌و خاوه‌نی گه‌وره‌ كۆمپانیای نه‌وتی "یوكس"ی ڕوسی بوو سه‌رمایه‌كه‌ی تا ساڵی 2015 به‌ (500) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرا به‌ڵام له‌ڕاستیدا شه‌ش ملیاری هه‌بووه‌.
میخایل خۆدرۆڤسكی كاتێك ویستی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ڕوسیا ڕكابه‌ری ڤلادیمێر پۆتین بكات به‌تۆمه‌تی كوشتنی پارێزگار و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ پۆتین مه‌زبه‌ته‌یه‌كی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كرده‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاند و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كه‌شی "یوكسی" به‌هۆی قه‌رزاریه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕوسنه‌فتی ڕوسیه‌وه‌ قوتدرا.


چاره‌نوسی شاسوار ئه‌گه‌ر هی ترامپ بێت چاره‌نوسێكی گه‌شبینانه‌ نیه‌ بۆ سه‌رمایه‌كه‌ی چونكه‌ ترامپ له‌وه‌ته‌ی بووه‌ته‌ سه‌رۆكی وڵات نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ گه‌شه‌ به‌سه‌رمایه‌كی بدات به‌ڵكو به‌رده‌وام قسه‌ له‌سه‌ر داكشانی سه‌رمایه‌كه‌ی ده‌كرێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كابینه‌یه‌كی ناجێگیری هه‌یه‌ نه‌یتوانیووه‌ سه‌ركه‌وتنی دڵنیاكه‌ر پێشكه‌شی ئه‌مریكیه‌كان بكات، ئه‌گه‌ر چاره‌نوسی شاسوار خۆدرۆڤسكی بیت ئه‌وه‌ شاسوار خۆی و سه‌رمایه‌كه‌ی به‌ته‌واوی له‌ده‌ستداده‌دات.

شیكردنه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌:
ژینگه‌ی سیاسی كوردستان و چاره‌نوسی شاسوار زۆتر له‌ خۆدرۆڤسكی وه‌ نزیكه‌ تا ترامپ، چونكه‌ ئه‌و كه‌شه‌ی له‌كوردستان هه‌یه‌ له‌ قۆستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت بۆ لێدان له‌ ڕكابه‌ره‌ سیاسیه‌كان زۆرنزیكه‌ له‌ڕوسیاوه‌ كه‌ توانیویه‌تی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو پۆتین له‌ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامی پێبدات، هه‌رچه‌نده‌ ده‌كرێت ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌بێت، شاسوار بتوانێت مۆدێلێكی نوێبیت له‌ سه‌رمایه‌داری سیاسی، چونكه‌ كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌نیه‌ ئه‌گه‌ری چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌میشه‌ ڕووده‌دات.

 

author photo

ڕۆژنامه‌نوسى تایبه‌ت به‌ ڕۆژنامه‌وانى ئابورییه‌