داوای لێكردوون ئامادەبن... كەوالێسی كۆبوونەوەی قائانی لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكانی عیراق.

داوای لێكردوون ئامادەبن... كەوالێسی كۆبوونەوەی قائانی لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكانی عیراق.

375 خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەسەردانەكەیدا بۆ عیراق، كۆمەڵێك فەرمان و ڕاسپاردەی تارانی گەیاندە فەرماندەكانی گروپە چەكدارەكانی عیراق،قائانی لەسەردانە ڕانەگەیەندراوەكەیدا كە هەفتەی ڕابردوو بۆ بەغداد ئەنجامی دا، هەوڵی كۆكردنەوە و ڕێكخستنەوەی میلیشیاكانی عیراقی دا، بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ كۆمەڵێك ئەگەر ئامادەبن.

دوای كوشتنی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، گروپە چەكدارەكان كەوتنە قۆناغێكی قورسەوە.


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد، بە ماڵپەری " الحرە"ی ڕاگەیاند كە بەرپرسەكەی ئێران لە بەغداد لەگەڵ فەرماندەی چوار گروپی چەكداری كۆبۆتەوە، هەروەها داوای لێكردوون لەئەگەری بە ئامانجگرتنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە،ئامادەبن بۆ هێرش كردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق.


ئەو فەرماندانەی كە لەگەڵ قائانی كۆبوونەتەوە، بریتی بوون لە هەریەكە لە قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، شبل زەیدی ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی ئیمام عەلی، ئەحمەد حەمیداوی فەرماندەی كەتیبەكانی حزبوڵڵا وئەكرەم كەعبی فەرماندەی میلیشیای " النجبا‌ء".

،،

لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی لە ناو دەستەی حەشدی شەعبی بە ماڵپەرەكەی وتووە كە" ئەو میلیشیایانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە،لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بارەگاكانی خۆیان لە بەغدا و سەرجەم شارەكانی دیكەی عیراق چۆڵ كردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان لەهەر هێرشێكی ئەمریكی چاوەڕوان كراو خۆیان بپارێزن".


سەردانەكەی قائانی هاوكات بوو لەگەڵ هێرشێكی توندی گروپەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا هێرشی وا بەهێزیان ئەنجام نەداوە، كە 21 موشەكی كاتیۆشایان ئاراستەی باڵیۆزخانەكە كرد، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.
ئەیاد عەناز، توێژەر و چاودێری سیاسی دەڵێت:"مەیدانی سیاسی عیراق هەر پەیوەست دەبێت بە دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و میلیشیاكانی عیراقی نزیك لە ئێران، كە كاردەكەن بەشێكی زیندوو بن لە پرۆژەی ئێرانی لە عیراق و بەدیهێنانی ئامانجەكان تاران".


دەشڵێت:" هەر هەنگاوێك كە حكومەتی بەغداد بیگرێتە بەر لە كۆنترۆڵ كردنی دۆخی ئەمنی و خاك و ڕێگری لە گروپە چەكدارەكان، كاریگەری لەسەریان دەبێت".


عەناز باس لەوەش دەكات، كە " سەردانی قائانی بەشێكە بۆ تەواو كردنی رۆڵی ئێران،بۆیە دوای سەردانەكە ڕووداو و هەڕەشەكان بەرەو گرژی ڕۆیشتوون".


لای خۆشیەوە، ئەحمەد یاسری، رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی پێی وایە كە" سەردانەكەی قائانی بۆ عیراق، بۆ ڕێكخستنەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبیە، بەو شێوەیەی كە سولەیمانی ڕێكیخستبوون،بەڵام دوای كوژرانی سولەیمانی، ئەمرۆ گروپەكان ڕووبەڕووی مەترسی هەڵوەشاندنەوە بوونەوە، كە هەندێكیان پەیوەستن بە هەندێكیانەوە".


یاسری ئاماژە بەوەش دەكات كە" قائانی شارەزایی تەواوی لە عیراقدا نیە، چونكە كارەكانی لەرووی مەیدانی و سەربازییەوە تەنها لەسوریادا كورتكردبوەوە،هەروەها هاتنیشی بۆ بەغداد بەمەبەستی ڕێكخستنەوەی ناوخۆیی ئەو میلیشیایانەیە، دوای ئەوەی چەند ئاماژە و نیشانەیەك بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بەدی كرا".

،،

ئەو چاودێرە ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە" جۆرێك لە ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەیە،كە تاوەكو دەست بەكاربوونی بایدن درێژە دەكێشێت، ئێرانیەكان دەترسن لەلایەن ئیدارەكەی ترامپەوە بكرێنە ئامانج، بەتایبەت دوای كوشتنی فەخری زادە زانای ئەتۆمی ئێران،بۆیە تاران دەیەوێت بەئامانج گرتنی هێرشەكان ڕێكبخاتەوە.


یاسری دەڵێت:" دوو پەیام هەیە، كە تاران دەیەوێت بیگەیەنێتە بەغدا و واشنتن، یەكەمیان ئەوەیە كە ئاسایشی عیراق بەدەست خۆمانەوەیە، دووەمیشیان دەیەوێت میلیشیاكان ڕێك بخاتەوە و دۆخەكە ئارام بكاتەوە".


جولەكانی قائانی هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران،هەروەها هاوكاتیشە لەگەڵ بەردەوامی هێرشەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە بەرپرسانی رۆژئاوایی و عیراقی پەنجەی تۆمەت بۆ گروپەكانی نزیك لە ئێران ڕادەكێشن لەناویاندا چەكدارەكانی حزبوڵڵای عیراقی.


دوای هێرشەكانی ئەمدوایە، بەرپرسێكی ئەمریكی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند كە" گەورە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبوونەتەوە، لەسەر چەند بژاردەیەك ڕێك كەوتوون، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر سەربازان و دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە عیراق".
ماڵپەری " ئاكسیوس" ئاشكرای كرد، كە دوای هێرشەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ئەمریكا تاوتوێی داخستنی باڵیۆزخانەكەی دەكات.

ماڵپەرەكە ئاشكراشی دەكات، لە ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەكە، ئەوا ئەمریكا ماسیۆ تولەری باڵیۆزی بۆ شاری هەولێر لە هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە، یان دەیگوازێتەوە بۆ بنكەی ئەسەد لە خۆرئاوای عیراق.