بۆچی لەسەر ئەردۆگان پێویستە لە سیاسەتەكانی بایدن و  ساڵی نوێ بترسێت؟

بۆچی لەسەر ئەردۆگان پێویستە لە سیاسەتەكانی بایدن و ساڵی نوێ بترسێت؟

365 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ نزیك بوونەوەی دەست بەكاربوونی جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە (20ی یەنایەری 2021)، چاودێران لەو باوەڕەدان كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا گرژی و زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت كە پێَشتر بایدن چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی ئەنكەرە و رەجەب تەیب ئەردۆگان گرتووە.


بەپێی هەڵوێست و لێدوانەكانی پێشووتری بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەسەر چەندین پرس ڕەخنەی توندی لە توركیا گرتووە،هەروەها بە پێویستی زانیوە كە وڵاتەكەی پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات، بۆ ئەوەی بەهێز ببن و ئەردۆگان لەسەر كار لابەرن، كە بایدن هەمیشە ئەردۆگان بە " داپڵۆسێنەر" ناوزەند دەكات،ئەمە جگە لەوەی ئیدانەی سیاسەتەكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی كرد، كە سنور بەزاندنەكانی توركیا بۆتە مایەی ئاڵۆزبوونی ناوچەی قەوقاز،هەروەها لەسەر كڕینی سیستەمی بەرگری (S400)ی ڕوسی لەلایەن توركیا، داوای فشار و سزای توندی كرد، داواشی كردووە كە توركیا لەسەرجەم دانوستانە دیپلۆماسیەكانی ناوچەكە دەربكرێت و بەشداری لەهیچ پرسێكدا پێنەكرێت،لەسەروی هەموو ئەمانەشەوە، جۆبایدن پشتگیری لە پرۆژە یاسای بە " جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لەلایەن توركیاوە" دەكات.


چوار ساڵی داهاتوو:
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی (CNBC)ی ئەمریكی، كەلەسەر داهاتووی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا لەسەردەمی جۆبایدن ئامادەی كردووە، باس لەوە دەكات، دوای ئەوەی بەهۆی هاتنە سەر كاری دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە، ئاڵۆزییەكان بەرەو هێوربوونەوە رۆیشتن،جارێكی دیكە لەسەردەمی جۆبایدن بەرەو تەقینەوەی ئاڵۆزییەكان دەچنەوە،بە واتایەكی دیكە پەیوەندی چوار ساڵی داهاتووی نێوان توركیا و ئەمریكا، تەواو جیاواز دەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەردەمی ترامپدا.

،،

مایكڵ رۆبین، گەورە بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن و توێژەر لە پەیمانگای " ئەمریكان ئینتەربرایز" بۆ كەناڵەكە دەڵێت:"تاكە شت وای كردبوو كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا پتەو بێت،بەهۆی پەیوەندییە كەسیەكانی نێوان ترامپ و ئەردۆگانەوە هەبوو، چاوەڕوان دەكرێت بە رۆیشتنی ترامپ و هاتنی ئیدارەیەكی نوێ، پێویستە ئەردۆگانزۆر نیگەران بێت، چونكە خاڵەكانی ناكۆكی نێوان ئەنكەرە و واشتن زۆر و فراوانن، كە كۆمەڵێك خاڵی جیاوازن لەڕووی جوگرافیا و سیاسەت و هاوپەیمانێتی و فەرمانڕەوایەتی".


كەناڵە ئەمریكیەكە، دیموكراتەكان سەرباری ڕەخنەیان لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە توركیا، ڕەخنەی توند لە كرینی سیستەمی بەرگری روسی لەلایەن توركیاوە دەگرن، كە بۆتە مایەی توڕەبوونی هاوپەیمانان لە ناتۆ، هەروەها هێرشی توركیا بۆ سەر كوردە هاوپەیمانەكان لە رۆژئاوای كوردستان، یەكێكی دیكەیە لەو كەیسانەی كە دیموكراتەكانی توڕە كردووە، چونكە ئەنكەرە تەنها هێرش ناكاتە سەر كوردەكان، بەڵكو پاڵپشتی تیرۆرستانیش دەكات.
كەناڵە ئەمریكیەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا، باس لە جوڵەی توركیا بە ئاڕاستەی یۆنان دەكات، كە بە دوژمنكارانە ناوزەندی كردووە و دەڵێت:" سەرباری كەیسەكانی پێشووتر، جوڵەی ئەردۆگان بەئاڕاستەی یۆنان و قوبروس دوژمنكارانەیە، كە لە سنورەكانیاندا بە دوای غازدا دەگەڕێت، هەروەها توركیا هاوكاری ئێرانی كردووە، بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی سزاكانی ئەمریكای لەسەر كەم ببێتەوە".


هەڵوێستەكانی پێشووتر ئاڵۆزییەكانی داهاتوو پشت ڕاست دەكاتەوە:
لێدوان و هەڵوێستەكانی چەند مانگی ڕابردووی جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە دژی توركیا و سیاسەتەكانی ئەردۆگان، ئەوە دووپات دەكەنەوە كە لە داهاتوودا پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.


یەكێك لە لێدوانە توندەكانی بایدن لە ڕابردوودا، ئەوەبوو كە ئەردۆگانی بە " داپڵۆسێنەر" ناوزەند كرد،هەروەها ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەردۆگان كرد، لە پای هەموو ئەو كارە دوژمنكارییانەی كە دژ بە كورد ئەنجامی دەدات، هەروەها ئاشكرای كرد كە سەرۆكی توركیا دەبێت " باجی" ئەو كارانەی بدات، هەروەها پێشنیاری كرد، كە ئەمریكا پاڵپشتی زیاتری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات، بۆ ئەوەی بتوانن ئەردۆگان لە دەسەڵات دووربخەنەوە،ئەم كارەش لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بێت، نەك كودەتا.

،،

هەروەها جۆبایدن، بەڵێنی دا كە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا بنێت، كە تاكو ئێستا سەرۆكەكانی ئەمریكا خۆیان لە دان نان بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بەدوور گرتووە، هەروەها پشتگیری لە پرۆژە یاسای كۆماری و دیموكراتەكان كرد، كە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنرێت، ئەگەر بێت و هێرش بكاتە سەر كوردەكان، كە ئەنكەرە بە "تیرۆرست"یان دەزانێت.


سەرەڕای ئەوەی كە بۆچوونێك لە نێو ئەمریكادا هەیە، كە دەڵێت:" فشاری زۆر بخرێتە سەر توركیا، ئەوە ئەو وڵاتە دەچێتە پاڵ روسیا"، بەڵام زۆرینەی چاودێران لەو باوەڕەدان، كە سەرۆكی نوێی ئەمریكا سیاسەتێكی توندی سەددامی دژی توركیا پەیڕەو دەكات، هەربۆیە ئەردۆگان پێویستە لە ساڵی نوێ و كاردانەوە توندەكانی ئەمریكا بترسێت.