كۆتا رۆژەكانی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ

كۆتا رۆژەكانی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ

221 خوێندراوەتەوە

لەدوای هێرشەكانی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێس و درەنگكەوتنی پەیامی ترەمپ بۆ ئیدانە كردنی رووداوەكان كە بووە هۆی كوشتنی چوار هاوڵاتی و بریندار بوون و دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەری دیكە، بەشێك لە هاوكارەكانی و هەروەها دوو وەزیری كابینەكەی دەستیان لەكاركێشایەوە. هەر بۆیە بەشێك لە سەركردەكانی دیموكراتەكان داوای لەسەركارلادان و لەكارخستنی ترەمپ دەكەن و دەڵێن: نابێ تەنانەت یەك رۆژیتر ترەمپ لەسەر كورسی دەسەڵات بێت.

دوابەدوای رووداوەكانی 6ی ئەم مانگە لەكۆنگرێسی ئەمریكا، راوێژكارانی پێشووی ترەمپ دانە دانە وازدەهێنن و خۆیان لەترەمپ دوردەخەنەوە. بەگوێرەی هەواڵێكی رۆیتەرز یەكێك لە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە "ئایا چاوپێكەوتن و دیداری لەگەڵ سەرۆكدا هەبووە؟". لەوەڵامدا وتویەتی "ئیتر نامەوێ بیبینم".

هەوڵی دیموكراتەكان بۆ دورخستنەوەو لەكارخستنی ترەمپ
چاك شامر سەرۆكی سیناتۆرەكانی حزبی دیموكرات، كە لەبەرەی نەیارەكانی ترەمپە، خۆپیشاندانەكانی دژ بە ئەمریكا بە هاندانی خودی سەرۆك كۆمار ناوبردووە و وتویەتی "لەم بارودخەدا تەنانەت نابێ یەك رۆژیتر ترەمپ لەسەر لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە". هەروەها نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتویەتی "لەكارخستنی ترەمپ كارێكی پێویست و بەپەلەیە".

،،
سەركردەكانی حزبی دیموكرات داوایان لە مایك پێنس جێگری سەرۆك كۆمار كردووە، بە زۆرینەی واژۆی ئەندامانی كابینەكە، بەفەرمی دەسەڵاتەكان لە ترەمپ وەربگرێتەوە. بە گوێرەی مادەی 25ی دەستووری ئەمریكا، لەكاتی تۆمەتبار كردنیدا پێشنیاریكردووە كە سەرۆك كۆمار نابێ بەردەوام بێ لەكارەكانی، لەو كاتەدا جێگرەكەی شوێنی دەگرێتەوە.

ئادەم كیزینگەر یەكێك لە نوێنەرانی كۆمارییەكان پشتیوانی لە پێشنیارەكەی دیموكراتەكان كردووە، بەڵام خودی مایك پێنس لەگەڵ دورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ نییە. لەكاتێكدا كە جێگری سەرۆك كۆمار دوورخستنەوەی سەرۆكی پەسەند نەكرد، لەو حاڵەتەدا كۆنگرێس بۆخۆی دەتوانێ دەستبكات بە هەنگاوەكانی دوروخستنەوەی سەرۆك كۆمار. هاوكات كاسیرین (كاترین) كلارك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكردووە، فراكسیۆنی دیموكراتەكان ئامادەن لە هەفتەی داهاتووەوە دەستبكەن بە هەنگاوەكانی لەكارخستن ودوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ.

هاوكارانی رۆژانی كۆتایی
مایك پێنس كە وەك جێگری سەرۆك كۆمار هەمیشە خۆی بە وەفا و فەرمانبەرێكی نموونەیی نیشان داوە، ئێستا كەوتووەتە بەر رەخنە و لۆمەكانی ترەمپ. هاوكات مارك شۆرت بەڕێوەبەری نوسینگەی مایك پێنس، تەنیا لەسەر ئەوەی كە وتبووی "مایك پێنس بەگوێرەی دەستووریی بنەڕەتی كارەكانی خۆی جێبەجێدەكات" زۆر بەتوندی كەوتە بەر سزاكانی ترەمپ.


جیم ئینهۆف، سیناتۆری كۆمارییەكان بە میدیاكانی راگەیاندووە "من لەمێژە مایك پێنس دەناسم و تاوەكو ئێستا بەهیچ شێوەیەك ئاوا بە توڕەیی نەمبینیوە". تەنانەت یەكێك لەبەرپرسە باڵاكانی حكومەت وتویەتی: لەوانەیە چیتر مایك و ترەمپ هیچكاتێك پێكەوە قسە نەكەن. مایك پێنس كە پێشتر حاكمی ویلایەتی ئیندیانا بوو، دەستبەرداری گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆمار، نابێت.

،،

لە تیمی راوێژكاران و هاوكارە نزیكییەكانی، تەنیا چەند كەسێك لەگەڵ ترەمپ ماونەتەوەو وەفادار بوونە بۆی، وەك: دان ئێسكاڤینۆ بەڕێوەبەری كاروباری دیجیتاڵ، جان مەكێنتی یاریدەدەری تایبەتی، پیتەر ناڤدارؤ راوێژكاری بازرگانی، ستێڤن میلەر نووسەری وتارەكانی و هەروەها رودی جولیانی، پارێزەری تایبەتی ترەمپ.

بەشێك لە كارمەندەكانی كۆشكی سپی كە هێشتا بەردەوامم لەسەركارەكانیان، لەخۆیان دەپرسن: ئایا دەستلەكاربكێشنەوە؟ یان تا 20ی ئەم مانگە بمێننەوەو بەگوێرەی نەریتەكان دەسەڵات رادەستی تیمەكەی جۆبایدن بكەن.

خاتوو ئالن چائۆ وەزیری رێگاوبان و هاوسەری میچ مەكمانیل سیناتۆری كۆماییەكان، یەكەم بەرپرسی باڵای كابینەكەی ترەمپ بوو كە بەهۆی رووداوی هێرشكردنە كۆنگرێس دەستیلەكاركێشایەوە. دواتریش حاتوو بێتسی دیوس وەزیری پەروەردە و فێركردنیش هەمان هەڵوێستی نواند.

بێستی دیوس كە ملیاردێرە، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، پۆستی وەزیری پەروەردە و فێركردنی پێسپێردرا. ئەو لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ ترەمپ، نووسیوێتی، كە وتەكانی ترەمپ (هاندانی خەڵكی و لایەنگرەكانی بۆ سەر كۆنگرێس) بووەتە هۆی ئەوەی كە دەستلەكار بكێشێتەوە. هەروەها ئالن چائۆ وەزیری رێگاوبان لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا نووسیوێتی "وڵاتەكەمان رووداوگەلێكی هەژێنەری تێپەڕاند، كە ئێمەی تووشی شۆك كرد و بەهیچ شێوەیەك ناكرێ لەبەرچاوی نەگرم".

كۆتا قسەكانی و پاشەكشێكردنی ترەمپ
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆشكی سپی رایگەیاندووە، سەرەتا ترەمپ پێی خۆش نەبووەو رازی نەبووە بەوەی كە ئیدانەی لایەنگرەكانی بكات بۆ سەر كۆنگرێس، بەڵام دواتر پاشگەز دەبێتەوەو لەژێر گوشاری هاوكارەكانی، سەرەنجام لەپەیامێكی ڤیدیۆیەكی تۆماركراودا، داوای لەلایەنگرەكانی كرد كە هێوربنەوەو دانبەخۆدابگرن. ترەمپ لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا (هێرشی ناڕەوا) بۆ سەر كۆنگرێس و (توندوتیژییەكانی خۆپیشاندەران)ی سەركۆنە كرد و رایگەیاند "بەشێوەیەكی رێكخراو دەسەڵات رادەستدەكەین".

هەر چەندە ئەو پەیامەكەی ترەمپ، بە تەسلیم بوون لێكدرایەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی راشكاوانە لەبارەی شكستی خۆی لەبەرامبەر جۆبایدن، هیچی نەوتووەو دانی پێدانەناوە.

رووداوی هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر كۆنگرێس، كاردانەوەی ناوخۆیی ئەمریكا و نێودەوڵەتی لێكەوتەوەو بەشێك لە سەرۆك وڵاتان ئیدانەی ئەو كارەیان كرد و بە مەرتسی بۆ سەر پرۆسەی دیموكراسی ئەمریكا لەقەڵەمیاندا و داوایانكرد كە بەشێوەیەكی ئاسایی و ئاشتی ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات بكرێت و دۆناڵد ترەمپ سەرۆك كۆماری ئێستای ئەمریكا، كە لەهەڵبژاردنەكەدا شكستی هێناوە، دەسەڵات رادەستی جۆبایدن كاندیدی براوەی هەڵبژاردنەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمریكا، بكات.